English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی : کاتە سەختەکان تێپەڕێن و ئایندەیەکی گەش، ئارامی، پێشکەوتن و بووژانەوە چاوەڕێی خەڵکی کوردستانە
2018-12-31 [11:59 AM]

ZNA – ھەولێر 


 لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێوە،  نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە تەواوی پێکھاتەکانی کوردستان کرد و ھیوای جەژنێکی خۆش و بەختەوەری بۆ خواستن. 

 ئەمە دەقی پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە


 بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە گەرمترین سڵاو و پیرۆزبایی لە ھەموو لایەک دەکەم. ھیوادارم ساڵی نوێ ھەڵگری ھەموو خێر و خۆشییەک بێت و گەلی کوردستان لە ساڵی تازەدا بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ ببێ و ئـامانجەکانی بەدی بھێنێت. 
گەلی کوردستان لە ڕابردوودا زۆر مەینەتی بینیوە و بێ ئـەژماریش قوربانی داوە بۆ دابینکردنی داھاتووێکی گەشتر و ژیان بە شێوەیەکی ئـاشتییانە و سەردەمییانە. ھەموو دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی ساڵانی ڕابردوو، بۆ گەلی کوردستان خۆی دەگەڕێنەوە، لەبەرئـەوەی گەل دایکی ھەموو داھێنان و سەرکەوتنێکە. 
بێگومان کەموکورتیش ھەن، ئـەمەش ھەر بەشێک بووە لە کاروانی پێشکەوتن. کەموکورتی کاتێک دەردەکەون کە ژیان بەرەوپێش دەڕوات، لە ژیانی وەستاو و نەگۆڕدا کەموکورتی ڕوونادەن. گەلی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕاستییەکی زۆر گرنگی بۆ دەرەوە و ناوەوە ڕوون کردەوە، ئـەویش ئـەوەبوو کە پشتی ھێزە ڕاستەقینەکانی خۆی لە دوو ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان بەرنەدا و دووپاتی کردەوە کەوا گەل و حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان یەک بەرەی بەھێز و یەکگرتوون، ئـەمەش دووبارە خەیاڵی خاوی ناحەزانی پووچ و بەتاڵ کردەوە. 
گەلی کوردستان ئـەمڕۆ نموونەیەکی بەھێز و زیندووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ئـێمە ناوچەیەکین کە ھیچ جۆرە داپڵۆسینێکی سیاسی، نەتەوەیی، ئـایینی یان مەزھەبیمان تێدا نییە. گەلی کوردستان ئـەگەرچی بە زۆرینە موسڵمانی سوننەیە، بەڵام شیعە، کریستیان، ئـێزیدی، ئـەھلی حەق و زەردەشتی ئـەوپەڕی یەکسانییان لەگەڵ یەکدا ھەیە. 
پیرۆزباییی ساڵی تازە لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لە موسڵمانی سوننە و شیعە، کریستیان، ئـێزیدی، کاکەیی، شەبەک، زەردەشتی، لە کورد، ئاشووری، سریان، کلدان، تورکمان، ئـەرمەن، عەرەب و ھەموو ئـەوانەش دەکەین کە لە عێراق و سووریاوە پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، یان ئـەوانەی بە ھەر ھۆیەکەوە بێت لێرە دەژین و جەژنی سەری ساڵ لەگەڵ ئـێمەدا دەکەنەوە. ھەرێمی کوردستان، بێ جیاوازی ماڵی ھەمووانە. 
سڵاو لە خۆڕاگریی لاوان و قوتابیان و ئـافرەتان کە چاوەڕێی ھەڵاتنی ڕۆژێکی گەشتر و ژیانێکی باشترن. جەژنە پیرۆزەی تایبەتیم بۆ منداڵانی کوردستان. 
سڵاو لە برایانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئـاسایش و پۆلیس کە پارێزەری ژیانی ئـێمەن. سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئـەوانەی خوێن و تەمەنی خۆیان پێشکەش بە نیشتمان کرد. 
سڵاو لە ماڵ و منداڵی شەھیدان و دایک و باوکیان. ساڵی نوێیان پیرۆز بێت و پێشکەوتنی کوردستان چاو و دڵیان ڕوون بکاتەوە. 
ئەوپەڕی سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ کوردستانییان و بەتایبەتی بۆ مووچەخۆران دووپات دەکەمەوە کە ساڵانی ڕابردوو بەرگەی زۆر قەیران و بێمووچەییان گرت و تێگەیشتینیان بۆ دۆخی سەخت و ھەستیاری کوردستان ھەبوو. دڵنیاین کاتە سەختەکان تێپەڕێن و ئایندەیەکی گەش، ئارامی، پێشکەوتن و بووژانەوە چاوەڕێی خەڵکی کوردستانە. 
ھیوادارم کوردستان و جیھان بەگشتی ئـەم جەژنە لە خۆشی و بەختەوەریدا بکەنەوە، 


نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
 ٣١/١٢/٢٠١٨





ئەم هەواڵە 2218جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad