English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەترسییەکانی پڕۆژەی "گاپ"
2019-01-10 [01:27 AM]

نووسينى: به‌نگین مه‌سیح ئاوده‌ل


یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی تورکیا کە لە ساڵی ١٩٧٠ بڕیاری لە سەر درا پرۆژەی گەورە و ستراتیژی "گاپ"ە  Projesi Guneydogu Anadolu  یان Southeastern Anatolia Project کە ھەموو حکوومەتەکانی تورکیا بەشێک لەو پرۆژەیەیان جێبەجێ کردووە، یان خەریکی جێبەجێ کردنن. چونکە دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دامەزراوەییە بەو واتەیەی بە گۆڕینی حکوومەت سیاسەتە ستراتیژسیەکان گۆڕانکاریسان بە سەردا نایەت. بەتایبەت ئەو پڕۆژانە کە لە روانگەی ئاسایشی نیشتمانی بۆ تورکیا زۆر گرنگن.

ئامانجی ئەو پڕۆژەیە بە درووستکردنی دەیان بەنداو و وێستگەی ئاوی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەی باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) ئەوەیە کە سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی لەو ناوچەیە پێشبخات، بێکاری کەمبکاتەوە و سۆزی کوردانی باکوور بۆ لای دەوڵەتی تورکیا رابکێشێت! بەڵام ئایا ئەوە تەنیا ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە؟ کێ دەتوانێت باوەڕ بەوە بکات کە تورکیا دەیەوێت باکووری کوردستان لە رووی کشتوکال و پیشەسازی پێشبخات؟ بە دەیان گوند و شوێنە مێژووییەکانی کورد، ئاشووری و ئەرمەنەکان ژێر ئاو دەکەون و بە دابینکردنی ھەلی کار و نیشتەجێکردنی سەدان ھەزار تورک دیموگرافیای ناوچەکە بەرەو تێکدان دەچێت و بیری نەتەوەیی لە ناو کوردەکان بەرەو لاوازی دەڕوات! ئایا تورکیا دەیەوێت بە باشترین شێوە ناوچەیی جیۆپۆڵیتیکی خۆی بە کار بێنێت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلی ئاوی ناوچەکە بکات؟ ئەگەر وا بکات لە وڵاتانی ھاوسێی تورکیا چی روودەدات؟ کۆنترۆڵکردنی ئاوی ناوچەکە لە لایەن تورکیا چ کاریگەرییەکی لە سەر باڵانسی ھێز دەبێت لەو ناوچەیە؟ ئایا کۆنترۆڵکردنی ئاوی ناوچەکە یارمەتی ئەردۆغان دەدات لە زیندووکردنەوەی شێوەیەکی نوێی ئیمپراتۆری عوسمانی یان ھەر نەبێت وەکو زلھێزێکی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟

پرۆژەی گەورەی "گاپ" لە ناو سنوورەکانی نێودەوڵەتی تورکیایە، بەڵام زیانەکانی ئەو پرۆژەیە لە ژینگە و ژیانی ملیۆنان خەڵکی ئەو وڵاتانەیە کە لە دەوروبەری تورکیا دەژین. لە وەتەی ئەو پڕۆژەیە بڕیاری لە سەر دراوە ھەموو جار تورکیا بەڵێن بە وڵاتانی ھاوسێی دەدات کە بە درووستکردنی بەنداو، ئاوی پێویست بۆیان بەر دەداتەوە، بەڵام ھەرگیز بە بەڵێنەکانی خۆی پابەند نەبووە و نابێت! چونکە تورکیا ھەرگیز نەبووەتە ئەندامی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی مافی بە کارھێنانی ئاو ١٩٩٧. ھۆکاری تری کەمبوونەوەی ئاوی پێویست لەو چەند ساڵەدا کەمی بارانبارین و گۆڕانکاریی کەشوھەوا بووە کە کێشەیەکی جیھانییە، بۆیەش گەورەترین زیان بەر سووریا و عێراق دەکەوێت کە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکە، کە رێژەیەکی زۆر کوردی لێیە، بێ بەش نابن لەو زیانانە. ھەروەھا دەوڵەتی ئێرانیش لە باشووری ئەو وڵاتە بێبەش نابێت لەو زیانانە. کەمبوونی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات و رووبارەکانی دیکە لە عێراق و سووریا و ئێران، دەبێتە ھۆی وشکبوونی ملیۆنان دۆنم زەوی کشتوکاڵی، بێکاری ملیۆنان خەڵکی ئەو ناوچانە، زیادبوونی بیابان و کۆچکردنی ملیۆنان خەڵکی گوندەکان بۆ شارەکان. لە چەند ساڵی داھاتوودا، کارەساتێکی دیکەی ژینگەیی بە چاوی خۆمان دەبینین لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا و لە دوای رژێمی بەعس، دەوڵەتی تورکیا بە خێراییەکی سەرسووڕھێنەر پرۆژەی "گاپ"ی بەرەو پێش بردووە.  ئەو کاتەی حافز ئەسەد و سەدام حوسێن لە دەسەڵات بوون، سووریا و عێراق کارتەکانی زۆریان بە دەستەوە بوو، وەکو پەکەکە، کە رێبەری ئەو حیزبە پەیوەندی زۆر باشی ھەبوو لەگەڵ سووریا و ھەزاران ئەندامی ئەو حزبە لە سووریا و دۆڵی بیقاع بوون. بە بەکارھێنانی ئەو کارتانە دەیانتوانی پڕۆژەی "گاپ" ئەگەر کاتیش بێت رابگرن یان بچووک بکەنەوە یان دوا بخەن یان ھەر نەبێ سستی بکەنەوە. دەوڵەتی ئێران لە سەرەتا زۆر گرنگی نەدەدا بەو پرۆژەیە، چۆنکە پێی وابوو کاریگەریی نابێت لە سەری، بەڵام دوای وشکبوونی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق لە نزیک سنووری خۆی و زیادبوونی خۆڵبارین لە شارەکانی خۆی، ئیتر ئەوانیش ئێستا دژایەتی خۆیان بەرامبەر بەو پرۆژەیە دەربڕیوە.

 زۆر جار وشەی ئینگلیزی جیۆپۆڵیتیکمان گوێ لێدەبیت، بە واتای کاریگەریی جیۆگرافیا لەسەر سیاسەت دێت. کاتێک دەوڵەتێکی وەکو تورکیا بە ھۆی ھەڵکەوتەی جیۆگرافیایی خۆی بە جۆرێک سیاسەت دەکات کە ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، ئەوە پێیدەڵێن جیۆپۆڵیتیک، بەڵام ئەگەر لەو جیۆگرافیایە سەرچاوەی ئاوی گرنگ، وەکو رووبار یان دەریا ھەبیت، لەبەر گرنگی ئاو بۆ ژیانی مرۆڤ ئەو جارە ھایدرۆپۆڵیتیک گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، ھایدرۆپۆڵیتیک بە لێکدانەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتان دێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە ناو سنووری خۆیان.

سەبارەت بە پرۆژەی "گاپ"، راستە کە سەرچاوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات لە ناو تورکیایە، بەڵام ٧٢% رووباری فۆرات و ٨٨% رووباری دیجلە لە ناوعێراق و سووریا تێپەڕدەبن و تەنیا ٢٨% فورات و ١٢%ی، دیجلە لە ناو خاکی تورکیادان، تەنانەت رووباری دیجلە پێش بگاتە کەنداو لە ناو سنووری ئێرانیش لە باشووری ئەو وڵاتە تێپەڕ دەبێت، کاتێک دەبینین دەوڵەتی تورکیا دەست بە درووستکردنی دەیان بەنداو و وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە سەر سەرچاوەکانی ئاو کردووە و دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ئاوی ناوچەکە بکات، ئەوە دەردەخات کە بە بەکارھێنانی ھایدرۆپۆڵیتیک، دەیەوێت خۆی بە سەر ناوچەکەدا فەرز بکات.

 پرسیارێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە  ئایا ھەرێمی کوردستان بە بوونی چەندین رووبار و بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان دەتوانێت بە بەکارھێنانی ھایدرۆپۆڵیتیک کۆنترۆڵی بەشێک لە ئاوی عێراق بگرێتە دەست؟ بەداخەوە وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە! چونکە جارێ ئێمە ھەر سەربەخۆ نین! پاشان ھەڵکەوتەی جیۆگرافی بە بێھێزی سیاسی و ئابووری و سەربازی زۆر کاریگەریی نابێت! ھەرێمی کوردستان تەنیا دەتوانێت لە ھایدرۆپۆڵیتیکی خۆی وەکو کارتێکی فشار لە ھەندێک بواردا بە کاربێنێت و یان ھەندێک جاریش ئیمتیاز لە حکوومەتی ناوەندی وەرگرێت.

دەوڵەتی تورکیا بە بێدەنگی و بە خێراییەکی سەرسووڕھێنەر بە پاڵپشتی ھایدرۆپۆڵیتیک و ھێزی سەربازی، ئابووری و زانستی ئەندازیاریی پێشکەوتووی خۆی بە کۆنترۆڵکردنی ئاو، ناڕاستەوخۆ خەریکە ناوچەکە بە تایبەت سووریا و عێراق بە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی کوردی دیکەشەوە، دەخاتە ژێر ھەژموونی خۆی! ئەگەر رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیھانی، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا نێنە ناو وتووێژەکانی کێشەی ئاو لەو ناوچەیە، تورکیا بەردەوام دەبیت لە بەرەو پێشبردنی پرۆژەی "گاپ" و دەبیتە ھۆی ئەوەی سەدان ھەزار خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچی زۆرەملێ ببن و بێکار دەبن، نەمانی کشتوکاڵ لە دوای خۆیدا بە جێدێڵێت  لە بەر زیادبوونی بیابانەکان، خۆڵبارین کاریگەریی راستەوخۆ دەبێت لە سەر سەلامەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ئێستا بە پێی رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵی عێراق بۆ دژایەتی پەکەکە و بە بێ بەکارھێنانی کارتی ئاو، دەوڵەتی تورکیا ئەو مافە دەداتە خۆی کە بۆ راوەدوونانی ھێزە چەکدارەکانی نەیاری خۆی، بێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان! تورکیا لەوانەیە بۆ دژایەتی زیاتری پەکەکە و یەپەگە ئەو کارتە بە کار بێنێت و لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و سووریا رێکبکەوێت، کە لە بەرامبەر پێدانی ئاوی دیجلە و فورات زیاتر فشار بخاتە سەر ئەو دوو حزبە کوردییە و ئەوەی زەرەرمەند دەبێت، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانە. ئاڵۆزی درووستکردن لە ھەرێمی کوردستان بە واتای وەستاندنی وەبەرھێنان دێت، بۆیەش سستکردنی پێشکەوتنی کوردستان، ھەموو جار ئامانجی سەرەکی وڵاتانی دەوروبەری کوردستان و تەنانەت ئامانجی شاراوەی بەغداش بووە.

ئەوەی ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستی دێت بیکات، وەکو یەکەم ھەنگاو ئەوانەن: 

یەکەم: پێش تەواوکردنی پرۆژەی "گاپ" کە لە ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە سەر دیجلە و فورات و سەرچاوەکانی ئاوی ئەو دوو روبارە پێکدێت و پێش بەکارھێنانی کارتی ئاو لە لایەن تورکیاوە دژی عێراق و سوریا، لە رێی نوێنەرانی کورد لە بەغدا رێککەوتنێکی ھەرێمی لە عێراق، ئێران و سووریا و تەنانەت ئەردەن و سعوودیە و کوەیت بە بەشداری UN، EU و ئەمەریکا  پێکبھێندرێت بۆ ئەوەی تورکیا رازی بکرێت بە ئەندامبوون لە کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی مافی بەکارھێنانی ئاو ١٩٩٧.

دووەم: بە خێرا پلانێکی ستراتیژی بۆ سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم وەکو بەدیلی پرۆژەی "گاپ" دابڕێژرێت و بودجەی تایبەت لە لایەن بەغدا و ھەرێم بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ درووستکردنی بەنداوی بچووک و گەورە تەرخان بکرێت< کە سوودی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەبێت بەڵام کونتروڵکردنی ئاو بە دەستی ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە ھەموو جار چەکێکی بەھێزی ھەرێم لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا دەبیت.

سێیەم: گرنگیدانێکی یەکجار زۆر بە بەشی ئەندازیاری بەنداو، تونێل و پردەکان لە زانکۆکان، لە دابینکردنی مامۆستایانی پسپۆر لە دەرەوە بۆ ئەم بەشە و ھەروەھا پاڵپشتیکردنی داراییی پرۆژەکانی توێژینەوەی زانستی، لە سەر ئەم بوارانە لە ئاستەکانی ماستەر و دکتۆرا. دەبێت وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و کشتوکاڵ ئەم راستییە باش بزانن، کە ھاوشان لەگەڵ ھێزی ئابووری و سەربازی، ھێزی پێشکەوتووی ئەندازیاری تورکیا، رۆڵی یەکجار زۆر دەبینێت لە بەرەوپێشبردنی پرۆژەی "گاپ". 





ئەم هەواڵە 1549جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad