English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد تێپەڕی
2019-01-22 [03:04 AM]

ZNA- هه‌ولێر


ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەھاباد تێدەپەڕێت، کە وەک بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بوو لە ناوچەکەدا بە رێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، بەڵام بە ھۆی پاڵپشتیی وڵاتانی زلھێز، ھێزەکانی ئێران توانییان لە ماوەیەکی کەمدا شکست بەو کۆمارە بھێنن.  

کۆماری کوردستان لە ٢ی رێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی، " ٢٢ی کانوونی دووەم/یەنایەر ١٩٤٦" لە شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزرا و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆککۆماری ئەو دەوڵەتە سوێندی یاسایی خوارد، کۆماری کوردستان لە دوای کۆماری ئاگری-لە تورکیا، دامەزرا و پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو کە دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای ئێران. 

ھەندێک لەو خاڵانەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا و وەک مانیفێستی کۆمار ناوی دەرکرد، بریتی بوون لە،‌ زمانی کوردی زمانی فەرمیی کارگێڕی و راگەیاندن و خوێندن بێت، ھاوکات کۆمەڵگەی کوردی بە شارستانی بکرێت، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بە مەبەستی چاودێریی دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت، ھەروەھا ھەموو بەرپرسەکانی ئەو ئەنجوومەنانە لە خەڵکی خۆجێیی ھەڵبژێردرێن و یاسایەکیش بۆ مامەڵەکردنی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکان بە یەک شێوە بنووسرێتەوە و پیادە بکرێت.  سێ ساڵ بەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، چەندین لاوی خوێندەواری سەر بە چینی مامناوەند لە شاری مەھاباد، کۆمەڵەیەکیان بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف) دامەزراند.  ئەوانەی ئەو کۆمەڵەیەیان دامەزراند، بریتی بوون لە:  عەبدولڕەحمان زەبیحی. 

حوسەینی فروھەر. عەبدولقادر مودەریسی. عەبدولڕەحمان ئیمامی. حەمەد نانەوازادە. محەممەد ئەسحابی. نەجمەددین تەوحیدی. قاسم قادری. سدیق حەیدەری. عەلی مەحموودی. عەبدولڕەحمان کیانی.  ئەو لاوانە دوای ماوەیەک توانییان بە زۆرینەی دەنگ پێشەوا قازی محەممەد بکەنە سەرۆکی کۆمەڵەکە، وردە وردە کۆمەڵەی ژێ کاف فراوانتر بوو، تا وای لێھات بە پێشنیازی پێشەوا کۆمەڵەکە گۆڕا بۆ حیزب و ناوی لێ نرا حیزبی دیموکرات و ھەر خودی قازی محەممەدیش وەک سەرۆک دیاری کرایەوە. 
دواتر لە رێکەوتی ٢٢ی ١ی ١٩٤٦، پێشەوا کۆماری کوردستانی لە مەھاباد راگەیاند و وەک سەرۆککۆماری ئەو دەوڵەتە سوێندی یاسایی خوارد. ئەو کۆمارە بە ‌تەنیا پێوەست نەبوو بە ناوچەی موکریان و رۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵکوو وەک مانیفێستێک بوو لە سەرجەم شۆڕشەکانی پێشووی کوردستانی گەورە و ھێزی پاراستنی ناوچەی دەسەڵاتی کۆمار لە باشووری کوردستانەوە و لەسەر بانگھێشتی پێشەوا بەڕێ کەوتبوون، وەک سوپای بارزان کە بە کۆڵەکەی پاراستنی سەربازیی کۆمارەکە دادەنرا و لە سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستانیش نوێنەری شۆڕش و بنەماڵە و عەشیرەتەکان لە راگەیاندنی کۆمارکەدا ئامادە بوون.  

کابینەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆماری کوردستان  حاجی بابەشێخ، وەک سەرۆکوەزیرانی کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و راسپێردرا، کە کابینەکەی بەم شێوەی خوارەوە دابمەزرێنێت: 

سەیفی قازی_ وەزیری جەنگ

محەممەد ئەمین موعینی_ وەزیری ناوخۆ

ئەحمەد ئیلاھی_ وەزیری دارایی

کەریم ئەحمەدیان_ وەزیری پۆستە و تەلەگراف

مەناف کەریمی_ وەزیری فەرھەنگ

سدیق حەیدەری_ وەزیری راگەیاندن

مستەفا داودی_ وەزیری بازرگانی

مەحموود وەلیزادە_ وەزیری کشتوکاڵ

ئیسماعیل ئیلخانیزادە_ وەزیری رێگەوبان

سەید محەممەد ئەیوبیان_ وەزیری تەندرووستی

خەلیل خوسرەوی_ وەزیری کار

حوسێن مەجدی، وەزیری داد

عەبدولڕەحمان ئیلخانیزادە_ وەزیری راوێژکاری 

  بەشێک لە ژیاننامەی سەرۆککۆماری کوردستان  قازی محەممەد ١ی ئایاری ١٩٠٠ لە بنەماڵەیەکی خوێندەواری بەناوبانگی ناوچەی موکریان لە سابڵاغ لە دایک بووە، پێشەوا بەر لەوەی ببێت بە دادوەری مەھاباد، بە میرزا محەممەدی قازی ناوی دەرکردبوو، ئەو سەردەمە باوکی، واتە قازی عەلی، دادوەری شاری مەھاباد بوو، کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە نەتەوەیی و ئازادیخوازەکانی ئەو ناوچەیە و لە چەندان شۆڕشی وەک شۆڕشی مەشرووتەی ئێراندا بەشداری کردووە، ھاوکات بە ھەماھەنگی ھەبووە لەگەڵ شێخ محەممەد خیابانی، کە لە تەورێز شۆڕشی دەوڵەتی ئازادستانی دەست پێکردبوو، ساڵی ١٩٣٠ لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەممەد پێک ھێنا. 

پێشەوا قازی محەممەد لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا توانیبووی بە خێرایی پلەی خوێند و یاسا ببڕێت و جیا لە زمانی عەرەبی و فارسی، بە باشی خۆی فێری زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و تا ئاستێکیش زمانی رووسی فێر ببوو. لە ساڵی ١٩٢٥ قازی محەممەد لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا وەک بەرپرسی کارگێڕیی پەروەردە و راھێنانی مەھاباد دەستبەکار دەبێت. لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی کارگێڕی پەروەردە و راھێنانی مەھاباد، بیری لەوە کردەوە بواری خوێندن بۆ ئافرەتانی کوردیش بڕەخسێنێت و ھەر لەو ساڵەدا دوو قوتابخانەی نوێی کردەوە، کە یەکێک لەوانە قوتابخانەی پالەوی کوڕان بوو و ئەوی دیکەیان قوتابخانەی پەرماسی کچان بوو، کە پاشان ناوەکەی بۆ قوتابخانەی پەروانە گۆڕا.  پێشەوا وەک کەسایەتییەکی سیاسی و فەرھەنگی لە ناوچەی موکریان ناوبانگی دەرکردبوو و ببووە کاریزمایەکی کۆمەڵایەتی، زۆربەی رۆژھەڵاتناسان و مێدیاکارە بیانییەکان، کە دەڕۆیشتنە کوردستان، لە ماڵەکەی ئەودا دەمانەوە، کە وەک ناوەندێکی فەرھەنگی و سیاسیی کۆمەڵایەتی لێ ھاتبوو. 

ژیانی سیاسیی پێشەوا قازی لەو کاتەدا دەستی پێکرد، کە بووە ئەندامی نھێنیی کۆمەڵەی ژێ کاف و چالاکییەکانی بۆ پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی کۆمەڵەکە خستە گەڕ.   پێشەوا لە سەرگوتاری ژمارەی یەکی گۆڤاری نیشتمان کە بڵاوکراوەیەک بوو و بۆچوونی کۆمەڵەی ژێ کافی بڵاو دەکردەوە، بە ناوی خوازراوی بینایی و بە روونی دەریدەخات، کە چەک چارەسەری ژێردەستەیی کورد ناکات و دەنووسێت: "تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە مێرگی ئازادی و سەربەستیی کورد، خەباتی شارستانییانەیە"، کە یەکێ لە ھەنگاوە ھەرە گرنگەکانی ناردنی قوتابیانی کورد بوو بۆ زانکۆکانی دەرەوەی وڵات. 

لە ماوەی ١١ مانگی سەرۆککۆماریی پێشەوا قازی محەممەددا، کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرھەنگی دروست کران، کە ئێستا وەک بەشێک لە گرنگییەکانی مێژووی کورد ناو دەبرێن، سەرۆککۆمار پێی وابوو ھیچ کۆمەڵگەیەک ئازادی تێدا دەستەبەر نابێت، ئەگەر ئافرەت تێیدا ئازاد نەبێت، یەکەم رێکخراوی ئافرەتانی کوردستانیش لە مەھاباد ھەر لەسەر پێشنیازی ئەو دروست بوو، ھاوکات گرووپی شانۆیی و گۆڤاری منداڵان و دروستکردنی قوتابخانە لە گوندەکان، سەرجەمیان لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا دامەزرێندران. 

سەرەنجام لە ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان دوای ١١ مانگ لە تەمەنی، دەڕووخێت و پێشەوا بۆ ئەوەی کوشتاری کۆماری ئازەربایجان_ تەورێز لە کوردستانیش دووبارە نەبێتەوە، نەیھێشت سوپای تاران بێنە ناو شارەوە و بە ویستی خۆی، خۆی رادەستی حکوومەت کرد، دواتریش لە بەرەبەیانی ٣٠ ئاداری ١٩٤٧ لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد، لەگەڵ ھەریەکە لە محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای خۆی و ئەبولقاسم سەدری قازی برای لە سێدارە دران.   پێشەوا بەر لەوەی لە سێدارە بدرێت، وەسیەتنامەیەکی کورت دەنووسێت، بەڵام لەو وەسیەتنامەیەیشدا، کە تەنیا چەند رۆژێک بەر لە شەھیدبوونی نووسیویەتی، دەست لە خەونە دێرینەکەی بۆ نەتەوەکەی ھەڵناگرێت و داوایان لێ دەکات، کە منداڵەکانیان لە خوێندن و زانست بێبەش نەکەن.  سەرۆککۆماری کوردستان لە وەسیەتنامەکەیدا داوا دەکات: "رێنوێنیم بۆ ئێوە ئەوەیە،‌ کە لێگەڕێن منداڵەکانتان بخوێنن، چونکە رەمزی پێگەیشتوویی و سەرکەوتن لە خوێندەواریدایە، با لە گەلانی دیکە دوا نەکەون، ئێوە نابێ بە کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، ھێشتا زۆری دیکەمان دەبێ لەو رێگەیەدا لە دەست بچن، تا بە ئارەزووی خۆمان دەگەین". 





ئەم هەواڵە 2635جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad