English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قەرەباڵغی و ئافاتەکانی!
2019-01-29 [01:51 AM]

نووسینی: دكتۆر سالار عوسمان


قەرەباڵغی، ئەو چەمکەی لە نێو ڕۆشنبیریی کوردیدا کەم قسەی لێکراوە، چەمکێک، کە سەردەکێشێتە نێو بابەتگەلێکی فەلسەفیی گشتگیریی قسەھەڵگری قووڵ، لێ لە دەرفەتێکی ئاوا کورتدا، ناچارین خێرا بەسەریدا گوزەر بکەین.

 

قەرەباڵغی چییە؟. 

 

قەرەباڵغی بریتیە لە کەڵەکەبوونێکی ناڕێکخراو، جا ئەو قەرەباڵغییە دەکرێ لە جوگرافیادا بێت، یان لە زیھنییەت، دەکرێ مەلمووس بێت، یان نامەلمووس، گرنگ ئەوەیە ڕیتم دەکوژێت، یا باشتر بڵێین ڕیتم تێکدەدات و دەیشێوێنێت، کەواتە ھەموو شێواندێک جۆرێکە لە قەرەباڵغی و بەواتایەکیتر ئامانجی ھەر قەرەباڵغییەک شێواندنی ڕیتمێکە، شێواندنی ڕێکخراوێکە، کە ئەقڵ ڕێکیخستووە !..

 

ئەقڵ و قەرەباڵغی، ئیشکالییەتی نێوانیان!..

 

ئەقڵ ھێزی ڕێکخراو و ڕیتمداری مێژووی بەشەرییەتە، ئینسانەکان، مەبەستم ئاقڵمەندەکانە، دوای قۆناغی ئافاتی قەرەباڵغی ھاتوون و ئەوەندەی پێیانکراوە ژیانیان ڕێکخستووە، چونکە قەرەباڵغی زۆر کەڕەت جۆرێک لە نائەقڵانیەتھەڵگریی دەگەڵ خۆیدا بەرھەم دێنێت، بۆیە لەو نێوەندەدا ئەقڵ و قەرەباڵغی لە کێشەدان، لە ھەر کوێ ئەقڵ زاڵ بێت، قەرەباڵغی کەمدەستە و لە ھەر کوێیش قەرەباڵغی زاڵ بێت، ئەقڵ وونە و دروستتر دەکرێ بڵێین، ئەقڵ کەمڕۆڵ و ناکاریگەر دەمێنێتەوە، کەواتە یەکێ لە گرفت و ئیشکالییەتەکانی بەردەم ئەقڵ بریتیە لە قەرەباڵغی و ئەو ئیشکالییەتەیش ھەر بەردەوام دەبێت، تایبەت لە کۆمەڵگە قەرەباڵغەکاندا !..

 

کۆمەڵگەی قەرەباڵغ کامانەن؟.

 

کۆمەڵگەی قەرەباڵغ بریتی نین لەو کۆمەڵگایانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، بەڵکو بریتین لەو کۆمەڵگایانەی ڕێکنەخراون، ئەو کۆمەڵگایانەی ڕیتمدار نین، ئەو کۆمەڵگایانەی ھەموو بەیەکەوە قسە دەکەن و کەسیشیان ھیچ ناڵێن، ھەموو بەیەکەوە سیاسەت دەکەن و بژاردەیەکیان لە سیاسەت تێدەگەن، ھەموو بەیەکەوە دەنووسن و کەمیشیان زمانی دایکییان بە باشی و پاراویی دەزانن، ھەموو بەیەکەوە وەک شاعیر وەدیار دەکەون و دانەدانەیان لێبووردە و مرۆڤدۆستن، ھەموو بەیەکەوە بەیداخی دیموکراسی بڵند دەکەن و تاک و تەرایان ڕەخنە و بیروڕای جیاوازیان قبوڵە!..

 

بەکورتی کۆمەڵگەی قەرەباڵغ کۆمەڵگەی چەپڵەیە، چەپڵەیەک، کە دەنگی نییە لێ زۆر بە ھاوارە !. چونگە لەنێوان دەنگ و ھاواردا دەیان پرسیار و ھەڵوەستە ھەس و زۆر بەکورتی، دەنگ خەسڵەتی کۆمەڵگەی ناقەرەباڵغ و ڕێکخراوە و، ھاواریش خەسڵەتی کۆمەڵگەی قەرەباڵغ و ناڕێکخراوە و ئەھا ئێمە چەند ماندووی ھاوار و چەند حەوجەی دەنگین، دەنگێک پێمان بڵێت، کێ نیشتیمانپەروەرە و کێ خیانەتکار، دەنگێک پێمان بڵێت، کێ نەزیھ و پاکە و کێیش گەندەڵ و مشەخۆر و لە ھیچاھەڵتۆقیو !!. ئەھا ھاوار، بەڵێ ھاواری نێو قەرەباڵغی چۆن ھەموو پێناسەکانی شێواند و جیاوازییەکانی تێکەڵکرد و ترشاندی بەسەر یەکا و بەڕادەیەک وێنەکانی شێواند، کە زەحمەتە بتوانین ڕەنگەکان لێکتر جیا بکەینەوە!..

 

ڕەنگ و قەرەباڵغی!..

 

قەرەباڵغی ڕەنگکوژە، ژیانیش بە ڕەنگەکانەوە مانادارە، دیموکراسی ئینسیجامی ڕەنگەکانە، لێ قەرەباڵغی، تایبەت ئەو کاتانەی دیموکراسی نابێتە کلتوور و پتر وەک دروشم خۆدەنوێنێت و نمایشێکی ڕووکەشانە دەکات، ئیتر ڕەنگەکان کەمئەرزش، بێ جوولە و ھێز دەمێننەوە و کە ڕەنگیش ھێز و جوولەی نەما، ئیتر چاوەکان ماندوو دەکەن و دەگەڵ خۆیشیاندا ژینگە پیس دەکەن، ئەی نابینن و ھەست ناکەن، چاوەکانمان چەند ماندوون و ژینگەی بینینمان چەند پیس و کرێتە!..

 

دیارە ئەوە قەرەباڵغی و ئافاتەکانییەتی، کە چۆن دەنگبڕە، ئاوایش ڕەنگکوژە و ژیانیش لە بێدەنگی و بێڕەنگیدا، ئەرێ چ مانا؟!..

 

لەزەمەنی قەرەباڵغیدا، لەزەمەنێک، کە ھەموو بەھاکان، کایە و بیاڤەکان تێکەڵی یەکتردەکرێن، بە نموونە دین و درۆ، زانکۆ و حزبایەتی، ماف و ئازادی و خوێنی ڕژاوی ژنەکان و دەیان نموونەی تری قێزەون، ئیتر گەڕان بەدوای مانادا، بەدوای دەنگدا، بەدوای ڕەنگدا، بە دوای ئینساندا لەگەڕانێکی سیزیفیانە دەچێت و بێھوودە دێینەوە سەر ھەمان پرسیاری یەکەمی مێژوو : ئەرێ ئێمە کێین و بە نیازین بۆ کوێ بڕۆین؟!. ئەرێ ڕۆیشتن بە نێو قەرەباڵغی و ئافاتەکانی دەمانگەیەنێتە ڕووناکی؟!..





ئەم هەواڵە 1012جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad