English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مادام شەڕناکەیت ، چی دەکەیت لەسەر سنوور؟؟؟!! ‏(pkk) لەنێوان چەمکەکانی( ھێزی خۆماڵی،ھێزی میوان،ھێزی داگیرکەر)
2019-02-01 [01:54 AM]

نووسینی: مەلا ھەندرێن


بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی دەولەتی تورکیا لەدەڤەری ئامێدی و شێلادزە و تەواوی ناوچە سنووریەکان ، بەدرێژایی دیان سالی رابردوو . بۆتە ھۆی شەھید و برینداربوونی دەیان ھاوڵاتی و خەڵکی سڤیل .ئەمەش بە بیانووی ھەبوونی بنکەوبارەگاکانی (pkk ) یە لەم دەڤەرانە . ئەوەتە لەماوەی (٢٨) ساڵی رابردوو . (٣٩٨ )جارفڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆردومانی ئەم ناوچانەی کردووە و(٤٣٥ )جاریش تۆپ بارانی کردووە (٣٠) ھاووڵاتی سڤیلی باشوور شەھید بوونە و بەدەیانی تریش بریندار کەوتوون ، زەرەروزیانی بێ شوماریش بە ڕەز و باخ و ئاوو کانی و سروشتی جوان وپڕھاوینەھەواری ناوچەکان کەوتووە . (pkk )بەسەدان گوندی لە باشووری کوردستان داگیرکردووە و بۆتە ھۆی ماڵ وێرانی بۆ خەلکی ئەم ناوچانە ، ھەرلەبەر بوونی( pkk )یە حکومەتی ھەرێم نەیتوانیوە گوندو لادێ وێرانەکانی ئەم ناوچانە ئاوەدان بکاتەوە و شوێنە گەشت وگوزارییەکان سازو ئامادەبکات بۆپێشوازی گەشتیاران ، ئەوەتە لەدەڤەری شێلادزە لە (٩٢) گوند تەنھا حەوت گوند ئاوەدان کرواوەتەوە ، ئەوەی تر( ٨٥ )گوندی بەھۆی بوونی( pkk) ەوە . بەکاولی و چۆلەوانی ماونەتەوە . لەدەڤەرەکانی ئامێدی و زاخۆ و کانی ماسی و تادەگاتە قەندیلیش بەسەدان گوندیان داگیرکردووە و کردوویانەتە مەیدانی شەڕ لەگەل تورکیا . (Pkk) ئەم دۆخەی بۆ شەنگال و مەخمورو ھەندێک ناوچەی تریش گواستەوە. بەدرێژایی بیست و ھەشت ساڵی رابردوو لەھەر ناوچەیەک ، دەسەلاتی حکومەتی ھەرێم لاوازبووبێت . ئەوە خۆی تێخزاندووە و وردە وردە جێپێی خۆی قایم کردوەو ئامادانەبووە چۆلی بکات . (Pkk ) زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ھەررێم دەچێت لەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بێت . ئەوەندەی لەخەم و ھەوڵی ئەوەدابووە کە سنووری قەلەم رەوی خۆی لەسەرخاکی باشوور فراوان بکات و تەنگ بە حکومەتی ھەرێم ھەڵبچنێت . نیو ھێندە لەھەوڵ و خەمی ئەوەنەبوە ، لەم کوردستانە گەورەوفراوانەی باکوور تەنانەت یەک گوندیش رزگار بکات ،لەھەرشوێنێکی خاکی باشووری کوردستان pkk دەسەڵاتی ھەبێت ، ئەوە حکومەتی ھەرێم ھیچ مافێکی نامێنێت و کۆتایی بەدەسەڵتی دێت ،بەگەیشتنی ئاڵای pkk بەھەر شوێنێکی باشووری کوردستان . ئەوە ئالای کوردستان دادەگرێت و وەک ئاڵای دوژمنەکەی مامەلەی لەگەڵ دادەکات و،ئالای ھەرێمی مەدیا ھەڵدەکات . ئەرێ بەڕاست ئەوە مانای وانییە کە ئەجندای راستەقینەی pkk بریتیە لە روخاندنی حکومەتی ھەرێم و دەست گرتن بەسەر باشووری کوردستان؟؟! 
ئاشکرایە لەھەموودونیا ئەگەر ھێزێک لەسەر خاکێک جێگیر ببێت ، دەبێت لەم سێ پێناسە یەکێکیان بیگرێتەوە ، (خاوەن ماڵ . میوان . داگیرکەر ) بابزانین pkk وەک ھێزێکی چەکدارو سەربازی لەسەر خاکی باشووری کوردستان کام لەم پێناسانە دەیگرێتەوە :_
١- ھێزی خاوەن ماڵ/ بەو ھێزەخۆماڵییە دەگوترێت کە لە فەرماندەی گشتیەوە تادەگاتە سەربازەکانی ئەندام و رۆلەی یاسایی ئەم وولاتەبن و ھەڵگری شوناس و رەگەزنامەی ئەم ووڵاتەبن ، ھەروەھا ھێزی خۆماڵی بە پێی یاساو لەچوارچێوەی دەستوور پێک دێت ووەک بەشێکی گرنگ لە سیستەم و دەوڵەت، جۆرو شوێنی ئەرکیان بۆدیاری دەکرێت و لەلایەن وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی گشتی ، (کەسەرۆکی وولاتە)سەرپەرشتی و ئاراستە دەکرێت،بەڵام پەکەکە ئەو ھێزەیە کەلەفەرماندەی گشتیانەوە تادەگاتە گوریللاکانیان ، ئەندام و ڕۆڵەی یاسایی دەوڵەتی تورکیان و ھەڵگری شوناس و رەگەزنامەی تورکیان .زمانی فەرمیش لەبنکەو بارەگاکانی pkk زمانی تورکییە ، نەک زمانی کوردی . ھەروەھابوونی پەکەکە جگەلەوەی ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە لەکوردستان ، ئەوە بەشێکیش نین لەسیستەمی سەربازی و بەرگری ھەرێمی کوردستان وپابەندیش نین بە فەرمانەکانی فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان . کەوایە ئەم ھێزە ی کەلەسەر سەدان کیلۆمەتر خاکی باشوور نیشتە جێییە ، ئەوە خاوەن ماڵ نییە و بۆشی نییە ئەم خاک و وولاتە بەھی خۆی بزانێت وبێ پرس و مۆڵەت لەیەک گوندیش بنکەوبارەگا دابنێت .لەباشووری کوردستان ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان خاون ماڵە و دەبێت دەسەڵاتی بەسەرھەموو شوێنێک ھەبێت و سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات. 
٢- ھێزی میوان/ بەوھێزە دەگوترێت میوان کە بیانین ، ھێزی میوان یان لەسەر داواو بانگھێشتی حکومەتی خۆماڵی دێنە ناو ووڵات و لەچەند شوێنێکی پێویست و لەسەر رێکەوتنی ھەردوو لا جێگیر دەکرێن ، یانیش لەکاتی لێقەومان و شکان، ھێزێک پەنا بۆ وولاتێکی دراوسێ دەبات و داوای لێدەکات بۆماوەیەکی کاتی رێگا بە مانەوەیان لەم وولاتە بدرێت ، ھێزی میوان جگەلەوەی دەبێت بەفرمانی فەرماندەیی ھێزی خۆماڵی بجولێتەوە ، ئەوە ھەرکاتێکیش داوای لێکرا ، دەبێت کۆتایی بە میوانداریەکە بھێنێت و بگەرێتەوە شوێن و وولاتی خۆی ، وەک چۆن ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داوای فەرمی ھێزەکانی( یەپەگە) چوونەکۆبانێ و لەگەل تەواو بوونی ئەرکیان کۆبانێیان چۆل کردو گەرانەوە باشووری کوردستان، بۆیە pkk پێناسی میوانیش نایگرێتەوە ، نەلەسەرداوای حکومەتی ھەرێم ھاتۆتە ئەم شوێنانە و نە وەک ھێزێکی لێقەوماویش داوای لە حکومەتی ھەرێم کردوە مۆلەتی مانەوەیان بداتێ لەباشووری کوردستان ، pkk بەپێچەوانەوە بگاتە ھەرشوێنێک لە باشووری کوردستان بەھی خۆی دەزانێت و ھەوڵی دەرکردنی پێشمەرگە دەدات و ئەگەر بتوانێت ئامادەیە بەزەبری شەڕ، ھێزی پێشمەرگە لەھەموو خاکی باشور دەربکات ، لەبیرمانە لەساڵی ١٩٩٥ پەکەکە لەیەک شەودا پەلاماری بیست و پێنج بنکەو بارەگای ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی داو شەرێکی گەورەو خوێناوی بەرپاکرد. لەشەنگالیش دەستییان لەگەڵ حەشدی شەعبی تێکەڵ کردوو دژی پێشمەرگە وەستانەوە .ئەرێ گەلۆ میوانی واھەیە لەناو ماڵی خۆت پەلامارت بدات و خۆی بەخاوەن و تۆ بەبێگانە بزانێت ؟؟!
٣- ھێزی داگیرکەر/بەوھێزەدەگوترێت کە فەرماندەو سەربازەکانی ئەندام و رۆڵەی یاسایی ووڵاتێکی ترن و ھەڵگری شوناس و رەگەزنامەی دەولەتێکی ترن،بەلام لەسەر خاکی وولاتیکی تر بەزۆری و زۆرداری جێگیربوونە ، ھێزی داگیرکەر شەروچالاکی سەربازی خۆیان دەبەنە ئەودیو سنووری خۆیان و دەست بەسەر خاک و نیشتیمانی کەسانی تردادەگرن ، ھێزی داگیرکەر کەدەچتە ھەرشوێنێک بێ پرس و مۆڵەت دەچیت و ھیچ حیساب بۆ یاساو بریارەکانی دەسەلاتی ئەم شوێنە ناکات ، ئاڵای ئەم وولاتە دادەگریت و ئالای خۆی دادەنێت و سیستەم و یاساکانی بەسەر ئەم شوێنەدا دەسەپێنێت ، ھێزی داگیرکەر ئەم شوێنەی دەیگرێت ھەرگیز بەئاشتی چۆلێ ناکات و ئامادەیە بەشەڕ بەرگری لێبکات ، سەیربکەن بزانن ئەم پێناسەیە چەند پڕ بەپێستی pkk یە . ئەوەتە ئەم ھێزە لەدەرەوەی سنووری ھەرێم ھاتوون وخاکی باشووری کردۆتە مەیدانی جەنگ ، زیاتر لە چوار سەد گوندی باشوری بەزەبری ھێز داگیر کردووە . حیساب بۆ حکومەتی ھەرێم ناکات ، ئاڵای خۆی داناوەوئالای کوردستانی قەدەغەکردووە ، لەسەرخاکی ھەرێمی کوردستان ،ھەرێمێکی تایبەت بەخۆی بەناوی ( ھەرێمی مەدیا) دوورست کردووە .خۆی بەخاوەنی ئەم شوێنانەدەزانێت کەداگیری کردوە نەک حکومەتی ھەرێم . ئامادەش نییە تاھەتایە ئەم ناوچانە چۆلبکات. نەک ھەرئەمە بگرە ھەمیشە ھەزاران چەکدارییان ئامادەیە و خۆییان دانوساندیە ، لەھەرشوێنێک بزانن حکومەتی ھەرێم کەوتۆتە لاوازی ، ئەوە دەستی تێدەخەن و داگیری دەکەن . 
لەکۆتایدا دڵێم ، pkk (٣٥ )ساڵەبەناو شۆرشی چەکداری ھەڵگیرساندووە ، نەی توانیوە تەنھا جێگای یەک بارەگا لەکوردستانی باکوور بۆخۆی رزگار بکات .ئەرێ دەبێت چەند ھەزار ساڵی بوێت تا بتوانێت تەواوی باکوور رزگار بکات ، سەرکردە فشەکەرەکانیان لەنێو قولایی توونێڵە شاخاویەکانی باشووری کوردستان ، ھەرەشە لە سوپای داگیرکەری تورک دەکەن ، کەچی ناوێرن بۆجارێکیش بچنەوە باکوور و فیشەکێک بەتورکەوە بنێن ، خاوەنی ئەوھێزە زۆرەن کەچی بەدرێژایی ساڵ ناتوانن دووچالاکی سەربازی بکەن . باشە pkk مادام شەرناکات و دەستی بەخۆیدا شۆڕ کردۆتەوە ، چی دەکات لەسەر ئەم سنوورانە، ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی خاک و گووندوشاروچکەکانی باشووری کوردستان بکەنە گۆرەپانی جەنگێکی درێژ خایەن و راکێشانی ھێزی داگیرکەری تورکیابۆ ناو ھەرێم . رەنگە ھەندێک کەس لەدڵسوزییان بۆپرسی نەتەوەیی بکەونە ژێرکاریگەری ئەوقسەیەی کە pkk دەڵێت . ئێمەش کوردین و لە ھەرپارچەکی کوردستان مافی خۆمانە تیادا ئازادبین و بنکەو بارەگای خۆمان دابنێین، مادام خاکی کوردستان لای pkk بۆ ھەموان وەک یەکە ، بۆچی رۆژئاوای کوردستانی قورخ کردووە و لێ ناگەرێت ھەزاران پێشمەرگەی رۆژ وحزبەکوردستانییەکان و جەماوەرەکەیان بگەرێنەوە سەرخاکی خۆییان ، ئەم دوو روویی و دیماگۆجیەت و خۆڵ لەچاوکردنی خەڵکە ھەتا کەی ، بەراستی دەبێت pkk وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دەبێت خاکی باشووری کوردستان ، گوندولادێکان رادەستی ھێزی پێشمەدگە بکاتەوەو بابچێت لەم کوردستانە گەورەیە ی باکوور خەباتی خۆی بکات . بەپێی یاساو رێساکانی نێودەوڵەتیش بۆھیچ دەوڵەتێک نییە بزووتنەوەی چەکداری وولتێکی تری دراوسێ لەباوەش بگریت و رێگا بدات لەسەر سنوورەکان بارەگای چەکدارییان ھەبێت .





ئەم هەواڵە 3931جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad