English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قوتابییەکی کچ دوای وەرگیرانی لە زانکۆ دەگەڕێندرێتەوە قۆناغی ئامادەیی 
وێنەکە لە ئەرشیف وەرگیراوە و پەیوەندی بە بابەتەکە نییە
2019-02-11 [10:41 AM]

ZNA- ھەولێر 



دوای زیاتر لە پێنج ساڵ دەردەکەوێ کچە قوتابییەک لە پۆلی پێنجی ئامادەیی دەرنەچووە و چووەتە زانکۆش. دواتر لە زانکۆوە دەگەڕێندرێتەوە قۆناغی ئامادەیی. پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەکە پێکھێناوە.

سۆزیار فاتیح محەممەد، خەڵکی دەربەندیخانە و ئەمساڵ لە کۆلێژی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگیراوە، سۆزیار مانگێکیش دەوام دەکات، بەڵام دەیگەڕێننەوە بۆ ئامادەیی. سۆزیار  گوتی: "ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ پۆلی ١٠ی ئامادەیی بووم، لە وانەی بیرکاری پەڕینەوەم ھەبوو، لە پۆلی ١١ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمم دا، بەڵام بۆ تاقیکردنەوەی دووەم ئاگادار نەکرام، پۆلی ١١ و ١٢م تەواو کرد و لە کۆلێژی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگیرام، ھەموو شتکیش بەئاسایی دەڕۆیشت، بەڵام بڕوانامەکەیان ھەڵوەشاندمەوە".

سۆزیار گووتیشی : "لە مانگی ١١ی ٢٠١٨ بە رێکەوتی ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەڵێننامەیەکی بە باوکم واژۆ کردووە کە گوایە کاتی خۆی منیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ھەردوو وەرزەکە تاقیکردنەوە بکەم و ژێربەژێریش کێشەکە چارەسەر دەکەن، ئینجا بە تەلەفۆن ئاگاداریان کردمەوە بڕوانامەکەم لە کۆلێژ وەربگرمەوە و بگەڕێمەوە دەربەندیخان، ھەڕەشەی ئەوەشیان کرد ئەگەر وانەکەم پەیوەندی بە کۆلێژەکەوە دەکەن و کۆتایی بە خوێندنەکەم دێنن".

سۆزیار پێیوایە بووەتە قوربانی ھەڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکەی :"من ھەموو کاتێک ئامادەبووم بۆ تاقیکردنەوە و چاوەڕێ بووم، بەڵام دوو پۆلی دیکەشم بەبێ پەڕینەوە بڕی و ئاگاداریان نەکردمەوە، ئێستاش دوای ٥ ساڵ کە لە زانکۆ وەرگیراوم و دەوامم کردووە، ئینجا دەمگەڕێننەوە بۆ پۆلی ١٠".

بەڕێوەبەری قوتابخانەی خاک رۆژی ١٥/١١/٢٠١٨ بە نووسراوێک داوای لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەربەندیخان کردووە، بڕوانامەی سۆزیار ھەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوانیش لە ١٨/١١/٢٠١٨ داوا لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکەن بڕوانامەی قوتابیەکە بگەڕێننەوە، بۆیە زانکۆی سەڵاحەدین سێ رۆژ دواتر بڕیاری ھەڵوەشانەوەی فەرمانی وەرگرتنی سۆزیار لە زانکۆکەیان دەردەکات.

ئەو قوتابییە نزیکەی سێ مانگە گەڕاوەتەوە ماڵەوە و دەڵێت: "بەھۆی ھەڵەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکەم خوێندنی ئەمساڵی زانکۆم لەدەستچوو، داوای پێکھێنانی لیژنەم کرد، ئەگەر لیژنەکە کێشەکەم بۆ چارەسەر نەکات، لە دادگای کارگێڕیی ھەولێر سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم".

مامۆستا عەدنان عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئامادەیی خاک لە دەربەندیخان، سەبارەت بە کێشەی ئەو قوتابییە  رایگەیاند: "سۆزیار فێڵی لە ئێمە و کەسوکارەکەشی کردووە، بەڵام نەمانھێشت بەسەریاندا تێپەڕێ، ئەو زانیویەتی وانەی پەڕینەوەی ھەیە و تاقیکردنەوەی نەکردووە، بەڵام قسەی نەکردووە".

ئەی چۆن ئەوان بڕوانامەکەیان داوەتە قوتابییەکە؟ مامۆستا عەدنان گوتی: "یاریدەدەرەکەم لەبیری چووە کە پەڕینەوەی ھەیە و بڕوانامەکەی داوەتەوە، دوای ھەفتەیەک ھات و گوتی بڕوانامەی قوتابییەکم داوەتەوە کە وانەی پەڕینەوەی ھەبووە، بۆیە دەستبەجێ سەرووی خۆمان ئاگادارکردەوە".

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەشڵێ: "ھەر ئەوکاتە کەسوکاری قوتابییەکەمان ئاگادار کردەوە کە بەھۆی کەمتەرخەمی خۆیەوە تاقیکردنەوەکەی نەکردووە، بەڵام ئەوان بڕوانامەکەیان نەھێنایەوە، بۆیە خۆم چوومە ھەولێر و بڕوانامەکەم لە زانکۆ ھێنایەوە، تەنانەت مافی ئەوەشم پێدا ساڵێکی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێ".

بۆچی پێشتر تاقیکردنەوەیان بە سۆزیار نەکردووە، مامۆستا عەدنان گوتی: "ئەم تۆمارە کە وانەی پەڕینەوەی ھەبووە ھی سەردەمی من نییە، بەڵکو ھی دوو ساڵ و دوو بەڕێوەبەری پێش من بووە، بۆیە ئاگادار نەبووم، من دەمتوانی ویژدان و ئەخلاقی پیشەیی خۆم وەلابنێم و نمرەی بۆ دابنێم بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێ، بەڵام ئەمەم نەکرد، نمرە و تۆمار و بڕوانامە موڵکی گشتییە و دەرچوواندنی قوتابییەکی کەوتوو بە ھەدەردانی موڵکی گشتییە، من لەسەر موڵکی گشتی ھاتوومە دەنگ و سەرووی خۆم لێ ئاگادار کردەوە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەکی لەسەر ئەم کەیسە پێکھێناوە، بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی  گوتی : "لیژنەکە لەسەر بەڕێوەبەر و کارگێڕی قوتابخانە پێکھاتووە، چونکە ئەو داتابەیسەی تۆماری بڕوانامە کە ھەیە ھەمووی کۆدی خۆی ھەیە و تەنیا لەلای بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ھەیە، بۆیە دەبێت ھۆکاری ئەم ھەڵەیە بزانرێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ھۆکاری دروستبوونی کێشەی خوێندکارەکەن".

 مامۆستا شاھۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان لەبارەی لیژنەکە  رایگەیاند: "لیژنەکە لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانە و کارگێڕی قوتابخانەکە پێکھێنراوە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، دواتر راپۆرتی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرز دەکەنەوە و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێ کە کەمتەرخەم بوون".

لیژنەکە دەستبەکار بووە و ھەمووان چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی لیژنەکەن،

 مامۆستا عەدنان عەلی گوتی: "لیژنەکە لەسەر ئێمە پێکھاتووە، ھەموو بەڵگەکانمان داوە بە لیژنەکە، ئەوانیش داویانە بە داواکاری گشتی، رۆژی یەکشەممە ١٠/٢/٢٠١٩ داواکاری گشتی من و یاریدەدەرەکەمی بانگ کرد و ھەموو روونکردنەوەیەکمان داوە پێیان، چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئەوانین".

ی.ا 
سەرچاوە| رووداو
 





ئەم هەواڵە 4873جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad