English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هووته‌ن شه‌کیبا باشترین ئه‌کته‌ری ‌ فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر بوو
2019-02-14 [05:04 AM]

ZNA – تاران


ئه‌کته‌ری کورد هووته‌ن شه‌کیبا، سیمورغی بلوورینی باشترین ئه‌کته‌ری ده‌وری یه‌که‌می پیاوی له‌ سی و حه‌وته‌مه‌ین فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر به‌ده‌ستهێنا.

 

له‌ رێوڕه‌سمی کۆتایی سی و حه‌وته‌مه‌ین خولی فێستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر که‌ له‌ هۆڵی ناوه‌ندی کۆبوونه‌وه‌کانی بورجی میلاد له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو، دوای 10 رۆژ رکابه‌ری خه‌ڵاته‌کان و سیمورغه‌کانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌سه‌ر براوه‌کانی به‌شی سه‌ودای سیمورغ دابه‌ش کرا.

 

سیمورغی بلوورینی باشترین ئه‌کته‌ری ده‌وری یه‌که‌می پیاو به‌ هووته‌ن شه‌کیبا، ئه‌کته‌ری سنه‌یی لەرێگەی فیلمی سینه‌مایی "ئه‌و شه‌وه‌ی که‌ مانگ کامڵ بوو" پێشکه‌ش کرا.

 

دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سیمورغی بلوورین گوتی "زۆر خۆشحاڵم که‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌م وه‌رگرت. خۆشحاڵییه‌کی زۆر گه‌وره‌م هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌که‌م گه‌وره‌تر ده‌بێت. یه‌که‌م بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆم که‌ له‌م ساڵانه‌دا پشتیوانی من بوون".

 

فیلمی سینه‌مایی "ئه‌و شه‌وه‌ی که‌ مانگ کامڵ بوو" له‌ ده‌رهێنانی نه‌رگس ئابیار و له‌ به‌رهه‌مهێنانی محه‌مه‌دحوسێن قاسمی، سه‌باره‌ت به‌ چیرۆکێکی ئه‌وینداری له‌ ناوچه‌ی سیستان و به‌ڵووچستانه‌ و له‌م فێستیڤاڵه‌دا 7 سیمورغی به‌ده‌ستهێنا.

 

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانانی به‌شی سه‌ودای سیمورغی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ بریتی بوون له‌؛ محه‌مه‌د ئیحسانی، مه‌حه‌مدعه‌لی باشه‌ ئاهه‌نگه‌ر، محه‌مه‌د بزورگ نیا، مێهرزاد دانیش، پووران دره‌خشه‌نده‌، ریما رامین فه‌ر و مه‌حموود که‌لاری و ناوه‌کانی ناوزه‌ده‌کانی سی و حه‌وته‌مه‌ین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر رۆژێک به‌ر له‌ رێوڕه‌سمی کۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ لایه‌ن "ئیبڕاهیم دارووغه‌زاده‌" ده‌بیر و به‌رپرسی فێستیڤاڵ راگه‌یه‌ندرا.

 

سی و حه‌وته‌مه‌ین خولی فێستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له‌ رۆژانی 30 کانوونی دووهه‌م تا 11ی شوبات 2019 له‌ شاری تارانی پایته‌خت و شاره‌کانی 30 پارێزگای وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌چوو.

 

مەنووچێهر جیهانی





ئەم هەواڵە 10747جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad