English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكوزسيۆن
2016-01-31 [11:03 AM]

نووسینی: سامى ئه‌رگۆشى


به‌و پێيه‌ى يه‌كه‌م جاره‌ خوێنه‌ران ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه‌ "حكوزسيۆن" ده‌بيستن، پێم باشه‌ سه‌ره‌تا پێناسه‌يه‌كى ـ زانستيانه ـ ‌ى بۆ بكه‌ين. حكوزسيۆن كه‌ ده‌كرێ به‌ ئينگليزى "Goversition" و به‌ عه‌ره‌بيش "الحكوعارضة"ى پێ بگوترێت، نوێترين و خراپترين ميتۆدى سياسه‌تكردنه‌. نه‌خۆشيى ده‌روونى، كۆنه‌قين، خولياى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، كاڵفاميى سياسى، ئه‌جێنداى ده‌ره‌وه‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌ى واقيع، سه‌ره‌كيترين پێكهێنه‌ره‌كانيه‌تى و وه‌ك هه‌ڵامه‌ت مه‌ترسيى گواستنه‌وه‌ى هه‌يه‌ و هاوينى 2014 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى كابينه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هاته‌ ئاراوه‌. گه‌وره‌ترين ئامانجى ئه‌وه‌يه‌ له‌ حكوومه‌تدا به‌شدار بێت بۆ ئه‌وه‌ى بنكۆڵى بكات!. ديارترين خه‌سڵه‌ته‌كانيشى بريتين له‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى ده‌سپێكردنى ده‌وام‌ له‌ هه‌شتى به‌يانييه‌وه‌ تا كۆتاييى ده‌وام له‌ سێى دواى نيوه‌ڕۆ، وه‌زير و به‌رپرسى حكوومه‌ت بيت و لاف و پۆزى وه‌زيرى و به‌رپرسى به‌سه‌ر هاووڵاتيانه‌وه‌ لێ بده‌يت و چێژ له‌ ده‌سكه‌وته‌ ماددى و مانه‌وييه‌كانى پۆسته‌كه‌ت وه‌رگريت، دواى ده‌واميش حزبه‌كه‌ت سه‌رسه‌ختترين نه‌يارى حكوومه‌ت بێت و هه‌زار و يه‌ك بوختان و تۆمه‌ت و درۆى بۆ هه‌ڵبه‌ستێت و وه‌ك تاژى له‌ به‌رپرسياريه‌تى ڕابكات!. حكوزسيۆن ئه‌وه‌يه‌ وه‌زير و به‌رپرسى حكوومه‌ت بيت و په‌رله‌مانتارى حزبه‌كه‌ت وه‌ك مه‌كينه‌يه‌كى ئه‌ڵمانى، شه‌و و ڕۆژ كار بكات و هيچ نه‌وه‌ستێت و ماندوو نه‌بێت له‌وه‌‌ى به‌ لێدوان و ديدارى ڕۆژنامه‌وانى و ته‌له‌ڤزيۆنى و له‌سه‌ر فه‌يسبووك، بێباكانه‌ گه‌وره‌ترين قه‌باره‌ له‌ تێكدانى كه‌شى گشتى و دڵه‌ڕاوكێ و ڕه‌شبينى و بێئومێدى دروست بكات و دوور له‌ هه‌موو ڕه‌وشت و ئاكارێك، كێشه‌ و مه‌ينه‌تى و ئازاره‌كانى خه‌ڵك بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆى پێ جوان بكات و شه‌و وه‌ك ئه‌ستێره‌يه‌ك له‌ ته‌له‌ڤزيۆن ده‌ركه‌وێت!. حكوزسيۆن ئه‌وه‌يه‌ پله‌ و پۆستى حكووميت هه‌بێت و حزبه‌كه‌ت و په‌رله‌مانته‌رانى بێباك بن له‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ ده‌رياى ئيجه‌دا بخنكێت، ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌ى به‌هانه‌يه‌كيان ده‌ستكه‌وێت تا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر حكوومه‌ت و فرمێسكى تيمساح بۆ ئه‌و قوربانيانه‌ بڕێژن كه‌ ته‌نيا وه‌ك ئامرازێك له‌پێناو ڕێكلامكردن بۆ خۆده‌رخستنى خۆيان و شكاندنى ڕكه‌به‌ره‌ سياسييه‌كانيان، به‌كاريان ده‌هێنن. ئه‌وه‌يه‌ له‌ حكوومه‌تدا بيت و خۆت نه‌ده‌يته‌ به‌ر بارى هيچ به‌رپرسياريه‌تييه‌ك و حزبه‌كه‌ت هه‌موو شتێك بكات ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌كه‌ى شكست بهێنن و ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنى خۆى و گوايه‌ ـ به‌ره‌ى گه‌ل ـ بزانێت. ئه‌گه‌ر زۆر درێژه‌ى نه‌ده‌ينێ، حكوزسيۆن ئه‌و ده‌عبا ڕه‌زاقورس و قێزه‌وه‌ن و ناشيرينه‌يه‌‌ كه‌ ده‌بوايه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى له‌دايكبوونييه‌وه‌ ڕێى لێ بگيرێت تا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى نه‌بێت له‌و دۆخه‌ هه‌ستياره‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، پێگه‌ و پۆست و ئيمكاناته‌ حكوومييه‌كان له‌ ڕێگه‌ى ميدياكه‌يه‌وه‌ كه‌ ناوى ـ ئازاد و ئه‌هلى و سه‌ربه‌خۆ ـ ى لێناوه،‌ بۆ لێدانى حكوومه‌ت، گه‌وره‌تركردنى قه‌يرانه‌كان، ئاڵۆزتركردنى دۆخه‌كه‌، تێكدانى ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى، چه‌واشه‌كارى، گه‌مژاندن، سه‌رلێشێواندنى خه‌ڵك، هه‌وڵى شكاندنى وره‌ى پێشمه‌رگه و هه‌زار و يه‌ك خراپه‌ى ديكه‌ش‌، به‌كار بهێنێت!.





ئەم هەواڵە 12898جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad