English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەبارەی تەقاندنەوەی لولەی گازەکە
2016-01-31 [11:14 AM]

نووسینی: رێبین فاتیح


١- هیچ کات پرۆژەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان مەترسییەکی کردەنییان لەسەر نەبووە، تەنانەت لەکاتێکدا کە دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی لەلایەن حکوومەت و کۆمپانیاکانی نەوتەوە زەوییان داگیر کراوە و رەز و باخیان تێکدراوە، دەستیان بۆ تێکدانی پرۆژەکانی نەوتی نەبردووە. بەڵام رێگرتن لە کارکردن و خۆپیشاندانی زیانلێکەوتوانی چالاکییەکانی نەوت و مانگرتنی کرێکارانی نەوت هەبووە و دەبێت، بەڵام هەموو ئەو ناڕەزایەتییانە بەشێوەیەکی نۆرماڵ و یاسایی بەڕێوەبراون، خۆ دیارە، دانیشتووانی گوندەکان مەدەنییانەتر لە ئی شارەکان مامەڵەیان کردووە، لەکاتێکدا لە شارەکاندا تایەسوتاندن و پیسکردنی ژینگە و شکاندنی دار و دیوار هەیە.

٢- من لە زۆربەی ناوچەکانی نەوتی کوردستان گەڕاوم و بەدواداچوونی مەیدانیم بۆ پرۆژەکانی نەوت و گاز کردووە، هیچ بیرێكی نەوت یان لولەیەکی گواستنەوە پاسەوانییەکی ئەوتۆی بەسەرەوە نییە، بەڵکو خەڵکی ناوچەکانی نەوتی خۆیان بوونەتە پشتێنەیەکی مرۆیی و ئەمنی بۆ پرۆژەکانی نەوتی، بە پێچەوانەوە هێزەکانی لیوای پاسەوانی نەوت، کۆمپانیاکانی ئەمنی و ئاسایشی خۆجێی ناوچە نەوتییەکە جگە لە پاسەوانی و پاراستنی ستاف و ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیاکان هیچ ئەرکێکی دیکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، چونکە دڵنیا بوون لەوەی لەو ناوچانەدا مەترسییەک نییە، بەڵام بەو حاڵەوە، کاتێک جوتیاران زەوییەکەیان لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت داگیر دەکرێ و قەرەبوو ناکرێنەوە، دەکرێ بە هەر دنەدانێکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەرچەکرداری توندیان هەبێ.

٣- لەماوەی چەند مانگی رابردوو لە چەند کێڵگەیەکی نەوت و گازی کوردستان، بە کۆنکرێت دەست بە دیواربەندکردنی خاڵی سەرەکی پڕۆژەکە کراوە. هاوشێوەی دیواری کۆنکرێتی دامەزراوەکان لە ناوەندی شارەکاندا، لەناویاندا کێڵگەی نەوتی تەقتەق. ئەو حالەتە پاش هێرشەکانی داعش-چەند کردەیەکی تیرۆریستی لەناو کوردستاندا روویدا، کەم تا زۆر پەیوەندی بە مەترسییەک لە ئاستی دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتییەوە نییە.

٤- تەقاندنەوەی لولەی گواستنەوەی گازی پرۆژەکانی داناگاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەولێر و سلێمانی، لەناوچەی شوان و چەمچەماڵ لە سنووری بازنەی ئەمنی هەرێمی کوردستانە، جگەلەوەی پرۆژەکە بە گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کراوە، لە سنووری بازنەی ئەمنی هەرێمە و هێزەکانی ئەمنی کوردستان ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی پارێزراوە و مەترسی ئەمنی لەسەر نییە وەک ناوچەکانی دیکە لە باشووری کەرکووک یان لە سنوورەکانی داقوق و خورماتوو.

٥- لە قسەکردنمان لەگەڵ ئاسایشی خۆجێی ناوچەکە دانی بەوەدانا کە هەر لە هەفتەی پێشوودا کردەیەکی تەقاندنەوەی لولەی گازەکە هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە لولەکە بشکێنێت، بەلام کردەی دووەم زیانی بە لولەکە گەیاندووە. لەکاتێکدا ئەو لولەیە بە مەترێک تا دوو مەتر لە ژێر خاکە، رەنگە بە شۆفڵ و حەفارە هەڵدرابێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە کردەکە زۆر بە ئیسراحەت کراوە و زیاتر لە کەسێک تێیدا بەشدار بووە.

٦- هەر زیانگەیاندنێک بە پرۆژەکانی نەوت و گازی کوردستان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمپانیا خاوەنکارەکان دەبێت، تەنانەت ئەگەر زیانگەیاندنەکە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی دروستت ببێ، تەقاندنەوەی لولەی گازەکە کاریگەری زیاتر دروست دەکا، ترسێک لەمەڕ کۆمپانیاکان بەگشتی دێنێتەئارا لە کارکردن لە کوردستاندا. تەنانەت هەر کردەیەکی تیرۆریستی ئەگەر پرۆژەکانی نەوتیش نەکاتەئامانج بۆ کۆمپانیاکان هەر مەترسییە، دەزانین (سەرمایە ترسنۆکە) و لە هەرێمی مەترسیدا ئیش ناکا.

٧- زیانگەیاندن بە پرۆژەکانی نەوت و گاز، جگە لە زیان بۆ هەموو کوردستان هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک نابێ، لەوپەڕەکەیدا لەسەر حیسابی خەڵک چاک دەکرێتەوە.

٨- تەقاندنەوە یان هەر زیانگەیاندێک بە پرۆژەکانی نەوت و گاز، لە رووی یاساییەوە دەچێتە خانەی تیرۆرەوە! ٩- تەقاندنەوەی لولەی گازەکە لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر هەڕەشەی جدی بۆ تەقاندنەوەی ئەو لولەیە کراوە، بەشێوەیەکی ئاسایی گومان لەسەر ئەوانە دروست دەبێ کە هەڕەشەیان کردووە، لەبەرئەوەی سەرچاوەی هەڕەشەکە لە هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانەوەیە، لەبەرئەوە ئەو حاڵەتە دوور نییە زۆر خراپ لەسەر گۆڕان بشکێتەوە، ئەگەر بسەلمێت کە ئەنجامدەرەکە هەر هەمان هەڵسوڕاوەکەیە، بەتایبەت کە پیشتر ئەوان بەشێک لە لوکەیان هەڵدایەوە(دووری نێوان شوێنی هەڵدانەوەکە لەگەڵ شوێنی تەقینەوەکە رەنگە ١٠کم ببێ). هاوکات لە رووی سیاسییەوە پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی خراپتر دەکا، لە ئاستی دەرەوەشدا دیسان کاریگەری خراپ لەسەر پێگەی گۆڕان دروست دەکا، وێنای ئەو هێزە وەک هێزێکی تێکدەر دەکرێ لە ئاستی ناوەندە گرنگەکان لە دەرەوەی کوردستانیشدا کە پشتیوانییەکان بۆ گۆڕان کەم دەکاتەوە.

١٠- لولەکانی نەوت و گازی کوردستان، لە دیوی سیاسییەوە کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر کارەکتەرانی ناوچەکە دادەنێن، لەبەرئەوەی عێراق و کوردستان جێی تەراتێنی کارەکتەرانی ناوچەکە و هێز و میلیشیاکانیانە، ئاساییە ئەوانەی ئەو لولەیە لە بەرژەوەندی سیاسەتی خۆیان نازانن بیتەقێننەوە. هەر خۆیان لە رێگەی هێزەکانی خۆیان لەناو عێراق و کوردستان یان لە رێگەی هاندان و دنەدانی خەڵکانی دیکە بۆ ئەو کردەیە، کاتێک خەڵکانێک بێ ئاگا دەکەونە ناو یارییەکەوە.

١١- هیچ کات ناکرێ ناڕەزایەتی دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی، زیانلێکەوتووانی چالاکییەکانی نەوتی و رەخنەی خەڵک لە سیاسەتی نەوتی هەرێم، تێکەڵ بە کردەوەی تێکدەرانە بکرێ، ئەوانەی هانی خەڵک دەدەن بۆ تەرجەمەکردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ کارێکی تێکدەرانە، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ دز و گەندەڵکاراندا نییە، لە کورتترین پێناسەدا، هەردووکیان لەسەر حیسابی خەڵک کار دەکەن.

١٢- کەواتە بە هیچ شێوەیەک ناکرێ رەوایەتی بە کاری تێکدەرانە بدرێ، یان خەڵک هان بدرێ بەو ئاراستەیە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو کردەوانە، دەبنە پاساوێک بۆ کپ کردنەوەی دەنگی راستەقینەی داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەلایەن ئەوانەی سیاسەت و بازرگانی بە خوێنی خەڵکەوە دەکەن. ١٣- خەڵک دەبێ وا ئاراستە بکرێ کە بتوانێ خاوەندارێتی لە سامانی سروشتی و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی بکا، (خاوەندارێتی) وا دەکات کە لەلایەک رێگەنادات کەسانی دیکە زەوتی بکەن و لەلایەکی دیکە هیچ کات (خاوەن موڵك) دژی (موڵک)ەکەی هەڵسوکەت ناکات.





ئەم هەواڵە 3532جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad