English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئیدریس بارزانی نموونەیەكی باڵا لە ناو سەركردایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییماندا
2016-01-31 [01:44 AM]

هیوا گەیلانی


لە 31/1/1987 دا ئەستێرەیەكی گەش ئاسمانی كوردەواری لە كەل ئاوا بوو، بەمەش كورد سەركردەیەكی هەڵكەوتوو، خاكی و، مەزنی لەدەست دا. 

كە دوای (29) بیستونۆ ساڵ هێشتا لە تەواوی بوارەكانی ژیانی سیاسی و دیپلۆماسی و نەتەوەیی و كاری بەیەكەوەیی دا هەست بەو بۆشاییە دەكرێت كە ئەم سەركردە خۆنەویستە بە وەفاتی دروستی كردوە.

ئیدریس بارزانی ئەو كاریزما نەتەوەییە یە كە هەموو ئەوانەی لەگەڵی ژیاون و بینیویانەو لەسەریان نووسیوە و قسەیان لەسەری كردوە شایەتیی بۆ دەدەن كە: 
* لە شۆڕشی مەزنەکەی ئەیلوولدا كۆڵەكەیەكی بەهێزی ناو شوڕش و، فەرماندەیەكی كەموێنەی سەربازی و، هاوكارێكی بەبڕشتی بارزانی نەمر بووە لە ڕێبەرایەتیكردن و سەركردایەتیكردنی شوڕشدا.

* لە گفتوگۆی نێوان ڕژێمی عێراق و شۆڕشدا بە تایبەت لە ڕێككەوتننامەی ئازاری 1970 و چوارساڵی دواتردا دیپلۆماسێكی سەركەوتوو و داكۆكیكەرێكی سەرسەختی مافەكانی نەتەوەكەی بووە.

* لەكاتی پلانی نێودەوڵەتی جەزائیر و نسكۆدا، چیایەك بووە لە ورە و مەعنەویات و خۆڕاگری.

ئیدریس بارزانی ئەو سەركردەیە بووە كە هەمیشە هیوا و ئومێدی بەخشیوە بە هەڤاڵەكانی و، شكستی بە نائومێدی داوە و شانی داوەتە بەر لێپرسراوێتی و ئەركە قورسەكانی ئەم ڕۆژگارە.

* لە ئەركی بەڕێوەبردن و ئاگالێبوونیدا دەیان هەزار ئاوارەی ڕێبازی كوردایەتیدا ماندووبونی نەزانیوە و، لەگەڵ ئێش و ئازار و موعاناتەكانیان دا ژیاوەو پشتیوان و هاوكاریان بوە.

* لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا، شان بەشانی سەرۆك مەسعود بارزانی بە داینەمۆ و هەڵگیرسێنەرەوەی شۆڕش دادەنرێن و، لە دروستكردنەوەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شوڕش و ڕێكخستنەوە و پەیوەندی كردنەوە بە تێكۆشەرەكانی ڕێگای كوردایەتی دا نەخشی بەرچاوی هەبووە.

* لە داڕشتنەوە و درێژەدان و گەشەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی پارتیدا لەگەڵ وڵاتان و حزب و كەسایەتیە شوڕشگێر و ئازادیخوازە جیهانی و، هەرێمی و، عێراقی و، كوردستانیەكاندا زۆر سەركەوتوو بووە.

بە جورێك تا ئێستاش شوێنپەنجەی بە دۆستایەتی و پەیوەندییە سەركەوتووەكانی پارتییەوە دیارە.


* لە كۆتاییهێنان بە شەڕی نەگریسی ناوخۆ لەشاخ لە نێوان یەكێتی و پارتیدا و، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەساڵی 1986دا و، دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و دامەزراندنی بەرەی كوردستانیدا نەخش و ڕۆڵی هێندە دیار و بەرچاو بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی و دامەزرێنەری بەرەی كوردستانی بە باڵای ئەو بڕاوە.

* لە دیدگایەكی نەتەوەییەوە بۆ كێشەی ڕەوای نەتەوەكەی ڕوانیوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان و، بەردەوام لە هەوڵی دانانی بناغەی پەیوەندیەكی بەهێزی نەتەوەییدا بووە لەگەڵ حزبە كوردستانییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستاندا. لەو بارەوە ڕەوان شاد (فەلەكەدین كاكەیی) دەڵێت "بەگشتی ئیدریس سوور بوو لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێ پشتیوانی لە چارەسەری مەسەلەی كورد لە گشت پارچەكانی بكەین"، هەر لەو گۆشە نیگایەوە لە هەوڵی لێك نزیك بونەوە و دانانی بەرنامەی كاری هاوبەشی نێوان حزبەكانی كوردستانی گەورەبوو. ئیدریس بارزانی بە خاوەنی بیرۆكەی كونگرەی نەتەوەیی دادەنرێت و كاری بۆ كردوە. 

هەر لەو بارەشەوە فەلەكەدین كاكەیی دەڵێت "لەساڵی 1983دا لەیەكەم چاوپێكەوتنی ئیدریس بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیمەشق گەیشتنە ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆڵی (نهێنی) هاوپەیمانی دوولایەنە. 

كە پرۆتۆكۆڵی پارتی و PKK گرنگترین و بەهێزترین ڕێككەوتننامەی نێوان دوولایەنی كوردستانی بوو بەمەبەستی بەدەستهێنانی ڕزگاری و سەربەخۆیی، لە سەدەی بیستەمدا هیچ ڕێككەوتنێكی كوردستانی لەو ئاستەدا نەبەستراوە. وەختێك پتۆتۆكۆڵەكە ئاشكرابوو هەرچوار دەوڵەتی هەژاند). 

لەكاتی كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی بە داواكاری و ڕێنمایی و سەرپەرشتی سەرۆك (مەسعود بارزانی) لە ساڵی 2013دا.

بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان نامەیەكی بۆ لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە نارد و تیایدا باسی ئەو ڕێككەوتنەی كردبوو كەلە نێوان ئەو و ئیدریس بارزانی دا ئیمزا كرابوو بۆ هاوكاری نێوان پارتی و PKK و، دامەزراندنی بەرەیەكی كوردستانی فراوان و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی. ئاپۆ لەو نامەیەدا ڕۆڵی كاك ئیدریسی لەبارەی یەكێتی و هزری نەتەوەیی زۆر بەرز نرخاندبوو. ئاماژەی بەوە دابوو كە خۆشحاڵە ئەو هەوڵەی ئەو و ئیدریس بارزانی بە كردەوە دەكرێت.

ئەمانە مشتێكن لە خەرمانی پڕبەرهەمی خەباتی ئیدریس بارزانی؛ وێڕای هەموو ئەمانە (ئیدریس بارزانی) بە سەركردەیەكی خاكەڕا و لەخۆبردوو.هەژار دۆست و سادە ناسرا بوو.

وە بە ئازایەتی و.بوێری و ڕاستگۆیی و ڕاشكاوی و ئاشتی خوازی و چاونەترسی.كارێكی وای كردبوو دۆستەكانی پێی سەرسام و دڵشاد بن و نەیارەكانی حسابی زۆری بۆ بكەن و لێی بترسن.

كە دیارە هەموو ئەم خەسڵەتە جوامێرانەیەی لە بارزانی باوك و، پەروەردەیی بەرزی خانەوادە شكۆمەندەكەی وەرگرتبوون.

لە دوای تێپەربونی 29 ساڵ بەسەر كۆچی نا وادەی كاك ئیدریس دا، كە كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و چارەنوس سازدا تێ دەپەرێت لە هەموو كات زیاتر:
لە ڕووی نەتەوەییەوە پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ دیدگا و خەسڵەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی ئیدریس بارزانی هەیە.

لە بواری پارتایەتیدا پێویستیمان بە پەیڕەوكردنی خەسڵەتەكانی ئەم سەركردەیە هەیە بە تایبەت لە ڕوی سادەیی و خاكەڕایی و هەژاردۆستی و خۆنەویستیدا. 





ئەم هەواڵە 3943جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad