English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مستەفا بارزانیی، سیمبول و كارێزمایی نەتەوەیی
2019-03-01 [12:01 PM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


بەدرێژایی مێژوویی بزاڤی رزگاریخوازی لە نێو گەلی كورد هیچ سەركردەو رابەرێك نەیتوانیوە وەك بارزانی ببێتە سیمبول و كارێزمای نەتەوەیی. هیچ سەركردەیەكی كورد، نەیتوانیوە وەكو بارزانی لەناو نەتەوەیەكەدا بمێنێت و تەنها پشتی پێ‌ ببەستێت، هەر بۆیەشە ئەم پشتبەستنە بە خاڵی هەرە بەهێزی سەركەوتن بەسەر دوژمناندا و بە كارێزما بوونی دادەنرێت، ئەم پشت بەستنە بە نەتەوەكەی، وای لێكرد ئەمڕۆ كورد ببێتە یاریزانێكی سەرەكی ناو گۆڕەپانی سیاسی جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی. بارزانی سەرۆكی نەتەوەی كورد بوو، داهێنەری كوردایەتی و شۆڕش بوو، داهێنەری عەداڵەتی كۆمەڵایەتی بوو، ئەو كەسە بوو كە لە پێناو كورد و كوردستان تێدەكۆشا، بارزانی سیمبولی نەتەوایەتی گەلی كوردە، كورد بە بارزانی ناسراوە، بارزانی جیاوازی لە نێوان كوردی نەهێشت، پێشمەرگەیەكی بادینان لە سلێمانی شەهید دەبوو، پێشمەرگەیەكی سلێمانی، لە دهۆك شەهید دەبوو، بارزانی توانی پێكەوەژیان و تەبایی لەنێو گەلی كورد دروست بكات، بارزانی سەركردایەتی چەندین شۆڕشی كردووە و لە هەموو ئەو شۆڕشانە سەركەوتنی بە دەستهێناوە و توانی كورد بە دونیا بناسێنێت، فێرمان بكات چۆن بەرگری لە خۆمان بكەین، فێرمانی كرد كە چۆن وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و خۆشەویستیمان بۆ وڵات هەبێت، چۆن چۆك بۆ دوژمن دانەنوێنین و بەرامبەر بە دوژمن بوەستین. بارزانی باوەڕییەكی تەواوی بە نەتەوەكەی هەبووەو زانیوویەتی پشت بەستن بە كورد، باشترین فاكتەری بەهێز بوون و مانەوە و سەركەوتنە بەسەر نەیارەكانیدا، هەر بۆیەشە تا كورد هەبێت، بارزانی وەك كارێزمایەكی نەتەوەیی سەیری دەكرێت و رۆڵی بەرز دەنرخێنرێت.گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی خەباتكاری و تێكۆشەر چەندین كارێزمای لەناو هەڵكەوتووە، هەر لە شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموودی حەفید و قازی محەمەد، تا دەگاتە مستەفا بارزانی، تا كو توانیبێتی لە شاخەكان شانبەشانی پێشمەرگە تێكۆشاوەو جلوبەرگ و خواردن و هاتووچۆ و خەوتنی، هەر هەمووی لەگەڵ پێشمەرگەیەك هیچ جیاوازییەكی نەبووە، بۆیە ئەمڕۆ بەرێز مەسعود بارزانی توانیوویەتی بە پەیڕەوی كردن لە رێبازی، ئەو كەشتییەی مستەفا بارزانی بۆ گەلی كورد دروستی كردبوو، ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان تا بەدیهێنانی ئامانجەگەورەكەمان كە ئەویش بە دەوڵەتبوونی كوردستانە .مستەفا بارزانی نەك هەر بۆ نەتەوەی كورد بووەتە كارێزما، بەڵكو كارێزمایەكە بۆ نەتەوە رزگاریخوازەكانی دیكەی جیهانیش، بۆیە زۆرترین كەسایەتی كە رابەرایەتی بزووتنەوەیەكی كردبێت، لەناو كوردا هەڵكەوتووە، بەڵام هیچ یەك لەو رابەر و پێشەوایانە نەیانتوانیوە وەك بارزانی نەتەوەكەی وشیار بكاتەوەو زۆرترین كاریگەری لەسەر هەبێت‌و زۆرترین فشاری لەسەر لایەنی ستەمكار دروست بكات، بۆیەشە ئەو مافانەی كورد بە دەستی هێنابێت بەهۆی بارزانییەوە بووە و بارزانی توانیوویەتی زۆرترین مافەكانی كورد دەستەبەر بكات. بارزانی نەمر، لە كولتوور و پەروەردەیەكی ڕەسەنی كوردەواری سەرچاوەی گرت كە بڕوای بە كەرامەتی مرۆڤی كورد و ڕزگاركردنی هەبوو، بۆیە لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا پێگەی بەرزی بە دەست هێنا، چونكە بە پێچەوانەی بریتەكانی دی بۆ ویستی نەتەوەی كورد نامۆ نەبوو، هەر بۆیە لەلایەن تێكڕای چین و توێژەكانی كومەڵگەی كوردەواری پێشوازی لێ كرا، كە تەنانەت بە هەزاران خەڵكی موسڵمان، مەسیحی، توركمان و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە بەشداری شۆڕش بوون و هەستیان بە هیچ جۆرە جیاوازیەكیان نەدەكرد، كە شۆڕش توانی بەسەر هەموو بۆچوونێكی ناوچەگەرێتیدا زاڵ بێت و تەواوی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانەوە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و هەموو ناوچەكانی كوردستانی بە هەموو پێكهاتە و نەتەوەی و ئایینییەكانەوە گرتەوە و پیر و لاو، ژن و پیاو پێكەوە خەباتیان كرد، چونكە سەرەڕای ئەوەی بەرنگاربوونەوەیەكی پشتبەستوو بە خەباتی پێشمەرگایەتی بوو لە پێنا و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، بوو بە خاڵێكی وەچەرخانی گرنگ لە هەموو بوارەكانی دیكەی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا و پێشكەوتن و گۆڕانكاری هەمەلایەنەی بەرچاوی بە دوای خۆیدا هێنا، شۆڕش بوو بە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی چاكسازی لە بواری كۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستی و ژینگە و سەرجەم بوارەكانی دیكەئەمەش وای كردووە، كە بێجگە لە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان، وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتە پیشەسازییەكان، لەبارەی كوردەوە، تەنها پرس بە بارزانی دەكەن و بە تاكە نوێنەری نەتەوەی كورد هەژمار دەكرێت لەسەر پرسە نەتەوەییەكان. بۆیە ئێمەی كوردیش پێویستە لەوە زیاتر وشیار بین و رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەنێك درز بخاتە نێو رێزەكانی گەلی كورد و پێكەوە هاوكاری سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەوەی كەشتی ئاواتەكان بگەیێنێتە شوێنی مەبەست.مستەفا بارزانی باوكی روحی نەتەوەییە، شۆڕشگێرێك لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر لە دایك بوو بێت، بێگومان هەر خودی خۆشی پایەكانی نەتەوەیی دادەرێژێت تا شوێنكەوتە و نەوەكانی دوای خۆی درێژە بەو كاروانە پیرۆزە بدەن، كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی دەبینێتەوە.بارزانی نەمر بە سەرەتای گەورەترین بناغەی گوتاری هەستی نەتەوەیی مۆدێرن دادەندرێت، چونكە ئەو كاتانەی سەرانی حكومەتی عێراق داوای لێدەكەن هەرچێیكی دەیەوێت بۆی جێبەجێ دەكەن لە بەرامبەردا واز لە شاری كەركوك بێنێت.بارزانی نەمر لە وەڵام دا دەفەرموێت: "كەركوك هی من نییە هی كەركوكیەكانە، تا كوردێك لە كەركوك مابێت كەركوك كوردستانیە" هەروەها دەفەرموێت: كەركوك دڵی كوردستانە ئا ئەمەیە گیانفیدایی و بەرزی هەستی نەتەوەیی، بەمەش ئاراستەیەكی نوێ و تازەی هێنایە نێو كایەی خەبات، تاوەكو تاك بە تاكی كورد ماف و دەسكەوتەكانی پێ بەدی بێنێت، هەر بۆیە دەكرێت بڵێن بارزانی نەمر كەسایەتێكی كارێزما بوو، جگە لەلایەنی سیاسی گرینگی بەلایەنی كۆمەڵایەتیش داوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو توانی خەڵكێكی جیاواز كۆبكاتەوە هەر لە سونە و شیعە و كۆمۆنیستی و لیبرال و ئیسلامی بەبێ بەرژەوەندی ماددی و بەكارهێنانی هێز، ئائەوەیە سیفاتی كەسایەتی كارێزما گەواهیدەرێكی حاشا هەڵنەگرە گەر بڵێن بارزانی نەمر خەمخۆرێكی مەزن و بەرچاوی نەتەوەكەی بووە و هیچ كاتێك سڵی لە خزمەت نەدەكردەوە، هەر بۆیە بەرێزیان لای دۆست و نەیاران جێگەی بایەخ و رێز بووە، چونكە ئەوان باش دەركیان بەوە كردبوو كە بارزانی نەمر زیاتر لە پیاوێكی مێژوویی دەچێت، ئەمەش دەسكەوتێكە هەموو كەس نایبینێت و پێی نادرێت. بارزانی نەمر تەنیا هی پارتییەكان نییە، بەڵكو رەمزی نەتەوەیی گشت كوردە، لەبەرئەوەی هەموومان دەزانین هیواو ئامانجی بارزانی نەمر سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی شكۆمەندی مرۆڤی كورد بوو، هەر بۆیە بەڵێن دەدەین كە هەموومان درێژەپێدەری ئەو قوتابخانە مەزنە..





ئەم هەواڵە 2230جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad