English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆچی کلاسیکۆی جام و کلاسیکۆی خول جیاوازبوون
2019-03-03 [01:59 AM]

ZNA- ھەولێر 



لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوو کلاسیکۆمان بینی کە یەکەمیان کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیا بوو ، دووەمیشیان کلاسیکۆی لیگا بوو ، دوور لەئەنجامی ھەردوو یاری کە لە بەرژەوەندی یانەی بەرشلۆنە بوو ، ئەم دوو کلاسیکۆیە زۆر لەیکەتر جیاوازبوون .
سەڕەرای جیاوازی بارودۆخی ھەردوو یاری ، ھەردوو کلاسیکۆ لە دوو خولی جیاواز ئەنجامدران کەھەریەکێکیان ئامانجی جیاوازی ھەبوو ، لە کلاسیکۆی جام یاریەکە یەکلاکەرەوە بوو بۆیە فشارێکی زۆر لەسەر یاریزانانی ھەردوو یانە ھەبوو کە ئامانجیان گەیشتن بوو بۆ یاری کۆتایی ، ریال مەدرید لەکلاسیکۆی جام ئاستێکی باشی پێشکەش کرد و ھەموو شتێکی کرد تەنیا گۆڵ تۆمارکردن نەبێت لەبەرامبەردا بەرشلۆنە بەرگریەکی باشی کرد بەپشتبەستن بە گۆڵپارێزێکی لێھاتووی وەک ئەندرێ تیریشتیگن کە ھۆکاری بردنەوەی یانەکەی بوو ، ھێرشبەرانی بەرشلۆنەش لەبەرامبەر گۆڵی ریال مەدرید زۆر کاریگەر بوون لە ٤ دەرفەت ٣ گۆڵیان تۆمارکرد . ئەم ئەنجامە کاریگەری لەسەر کلاسیکۆی لیگا ھەبوو چونکە ماوەی ٧٢ کاتژمێر کاتێکی زۆر کەمە بۆ ئامادەکردنەوەی تیپەکە بە تایبەتی ئامادەکردنەوەی یاریزانانی ریال مەدرید لەلایەنی دەروونیەوە .
یاری کلاسیکۆی لیگاش ئەنجامدرا کە جیاواز بوو لە کلاسیکۆی جام چونکە ئەم یاریە یەک یاریە لەکۆی ٣٨ یاری وەرزێکی تەواوی لیگا و ئەنجامەکەش تەنیا ٣ خاڵە ، لەمجۆرە یاریانە کەلەخول ئەنجام دەدرێن قەرەبۆکردنەوەی ھەیە و ھەرگیز کلاسیکۆ پاڵەوانی خول دیاری نەکات بۆ نمونە لەو وەرزەی کە ئەتلەتیکۆ مەدرید بووە پاڵەوانی لیگا بەرشلۆنە ھەردوو کلاسیکۆی چوون و گەڕانەوەی لەریال بردەوە بەڵام نەبووە پاڵەوان .
لە خویندنەوەیەک بۆ کلاسیکۆی لیگا کە بەرشلۆنە بەتاکە گۆڵی راکیتیچ سەرکەوتنی بەدەستھێنا ئەوە بەدی دەکرێت کە راھێنەری بەرشلۆنە ئەرنیستۆ ڤاڤێردی خوێندنەوەی بۆ یاریەکە باشتر بوو لە خوێندنەوەی راھێنەری ریال مەدرید سانتیاگۆ سۆلاری ، ڤالڤێردی یەک گۆڕانکاری لە پێکھاتەکەی کرد بەبەشدارکردنی یاریزان ئارسەر لە شوێنی نیلسۆن سمیدۆ و گەڕاندنەوەی سیرجی رۆبەرتۆ بۆ ھێلی بەرگری ، مەبەست لەم گۆڕانکاریەش راگرتنی مەترسیەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی بوو ئەوەش بەھەماھەنگی لەگەڵ راکیتیچ ، لەم پلانەش تا رادەیەک سەرکەوتوو بوو ، بەشداریکردنی ئارسەریش ھاوسەنگی بۆ ھێلی ناوەراستی بەرشلۆنە گەڕاندەوە ، بۆیە کۆنترۆڵی تۆپ لەلایەن یاریزانانی بەرشلۆنە لەم یاریە زۆر باشتر بوو لە یاریەکەی جامی شا ، ھەربۆیە لەم یاریەدا مەترسیەکانی ڤینیسیۆس کەمتر بوو ، ھەڕەشەکانی سەرگۆڵی بەرشلۆنەش زۆر کەمتر بوو بەبەراورد لەگەڵ یاری کلاسیکۆی جامدا .
لەبەرمبەردا سانتیاگۆ سۆلاری دوو گۆڕانکاری لە پێکھاتەکەی کرد بەبەشداریکردنی گۆڵپارێز کۆرتوا و یاریزان گاریس بێل لە شوێنی لۆکاس ڤازکێز ، سەرەتا یاریکردنی بێل و ڤینیسیۆس بەیەکەوە ھەڵەیەکی زەقی سۆلاری جا نازانین ئەم بڕیارە ھی خۆی بوو یان لەسەری فەرزکرابوو ، بەشداریکردنی ئەم دوو یاریزانە بەیەکەوە وا دەکات کەمەترسی ھێرشەکانی مێرنگی کەمبێتەوە ، دیار بوو کە گاریس بێل ھەر زیاد بوو لەھەمان کاتدا مەترسیەکانی ڤینیسیۆس بەبەراورد لەگەڵ یاری یەکەم زۆر کەمتربوو ، ھەردوو یاریزان مۆدریچ و کرۆس نەیانتوانی دەرفەت بۆ ھاوڕێکانیان دروست بکەن بۆ یەک جاریش کەریم بنزیمە دەرفەتی بۆ نەرەخسا ، کێشەی گەورەی ریالیش ھێلی بەرگریە کە چەندین جار یاریزانانی بەرشلۆنە بە ئاسانی ئەم بەربەستەیان بڕی و گۆڵێکیشیان بەم شێوازە تۆمارکرد ، چونکە ھەماھەنگی نێوان رامۆس و ڤاران زۆر لاواز بوو ، ئاستی کارفەخاڵیش دابەزیوە .
بەرشلۆنە لە دوو کلاسیکۆدا ئامانجی خۆی پێکا ، گەیشتن بۆ یاری کۆتایی جامی شا و دوورخستنەوەی ریال مەدرید لە ململانێی لیگا ، ئێستاش قۆناغێکی تازە بۆ ریال دەست پێدەکات کە جەختکردنەوەیە لەسەر یاریەکانی چامپیۆنزلیگ و بەدەستھێنانی نازناوەکە بەڵام ئەم ئامانجە پێویستی بەرێکخستنەوە و گەڕاندنەوەی متمانە ھەیە بۆ خودی یاریزانەکان و بڕینی بەربەستی ئەیاکسە چونکە ئەوەی لە دوای ئەیاکس دێت زۆر لە ئەیاکس بەھێزترە ، لەبەرامبەردا بەرشلۆنە دوو ھەنگاوی گەورەی بڕی بۆ بەدەستھێنانی دوو نازناو کە جام و خولە بەڵام بۆ چامپیۆنزلیگ بارودۆخی بەرشلۆنە لەریال باشتر نیە و ئێستاش ھاندەران و خودی یاریزانانی بەرشلۆنە سیناریۆی یاریگای ئۆلۆمپیکۆیان لەبەرچاوە و بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە پێویستیان بەکارێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەجام و نازناوی چامپیۆنزلیگ شادببنەوە .

 


سالار جەلال 
 





ئەم هەواڵە 7567جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad