English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم گرێبەستێکی ٢٠ ساڵەیان واژۆکرد
2019-03-06 [10:24 AM]

ZNA-هه‌ولێر


گرێبەستێکی ٢٠ ساڵە بۆ فرۆشتنی گاز لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم واژۆکرا، بەپێی گرێبەستەکە بەرھەمھێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ ٦٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە ساڵی ٢٠٢١ و دواتر بۆ ٩٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاددەکرێت.

کۆمپانیای دانەگاز رایدەگەیێنێت: "پێرڵ پترۆلیۆم (کۆمپانیای سنوورداری پێرڵ پترۆلیۆم)، ئەو کۆنسۆرتیۆمەی لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای (دانەگاز) و (نەوتی ھیلال) ی ئیماراتیەوە پێشەوایەتی دەکرێت، گرێبەستێکی نوێی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان واژۆکرد بە مەبەستی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای دیکەی گاز لە رۆژێکدا، کە کۆنسۆرتیۆمەکە مەبەستیەتی تا ساڵی ٢٠٢١ بەرھەمی بھێنێت وەک بەشێک لە پلانەکانی فراوانکردنیان  لە ھەرێمی کوردستانی عێراق لەپێناو زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ". 

ئاشتی ھەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەم رێککەوتنە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئێمە بە تایبەتی کە خزمەتگوزاری باشتر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەین لەڕێگەی باشتربوونی رەوشی بەرھەمھێنانی کارەبا بەھۆی زیادکردنی بەرھەمھێنانی غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە. ھەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی زۆری گازە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر گێڕانی رۆڵێکی ئەرێنی لە پێویستی روو لە زیادبووی گاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە".

مجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی ھیلال و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت "ئەم گرێبەستی فرۆشتنی غازە دەسپێکی قۆناخێکی نوێی فراوان کردنی پڕۆژەی گازی کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵی ئایندە پێویستی بە وەبەرھێنانی زیاتر لە  ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە دەبێت بۆ فراوانکردنی ئاستی بەرھەمھێنان بۆ (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، بەمەش دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە باشتردەبێت. ھیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوەچوونە لە چەند ساڵی ئایندە لەو کێڵگە بایەخدارانە، لەپێناو بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق".

دەقی راگەیێندراوەکەی دانەگاز لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکە 

پێرڵ پترۆلیۆم (کۆمپانیای سنوورداری پێرڵ پترۆلیۆم) ، ئەو کۆنسۆرتیۆمەی کە لە لایەن ھەردوو کۆمپانیای (دانەغاز) و (نەوتی ھیلال) ی ئیماراتیەوە پێشەوایەتی دەکرێت ، گرێبەستێکی نوێی (٢٠) ساڵەی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان مۆرکرد بە مەبەستی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی (٢٥٠) ملیۆن پێ سێجای تر غاز لە رۆژێکدا کە کۆنسۆرتیۆمەکە مەبەستیەتی تا ساڵی ٢٠٢١ بەرھەمی بھێنێت وەک بەشێک لە پلانەکانی فراوانکردنیان  لە ھەرێمی کوردستانی عێراق لە پێناو زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ. 

دوابەدوای گەیشتن بە رێکەونتی یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەنێوان ھەردوولا لە ئابی ٢٠١٧ ، ئەم گرێبەستە نوێیەی  فرۆشتنی غاز لە ١٩ ی شوباتی ٢٠١٩ واژۆ کرا لە لایەن ھەریەک لە بەڕێزان ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سرووشتیەکان لە بری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و مجید جعفر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی ھیلال و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانەگاز لە بری پێرڵ پترۆلیۆم.  دوای ئەوە رێککەوتن لەسەر گشت مەرجەکانی گرێبەستەکە کرا، لە نێویاندا رەزامەندی ئەنجوومەنی تایبەت بە کاروباری نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم و پرۆژەکە لە ئێستادا خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. 

پرۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی  ٢٠٠٧ دامەزرا کاتێک ھەردوو کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی ھیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان مۆر کرد بۆ بەدەستھێنانی چەند مافێکی تایبەتی دیاریکراو بۆ خەمڵاندن و پەرەپێدان و بەرھەمھێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە ھەرێمی کوردستانی عێراق. بەرھەمھێنان لەو وێستگەیە کە تازە دروستکرابوو ، تەنھا لە دوای (١٥) مانگ لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد.  لە ساڵی  ٢٠٠٩ کۆنسۆرتیۆمی (پێرڵ پترۆلیۆم)  پێک ھێنرا بە ھاوبەشی ھەردوو کۆمپانیای (دانەغاز) و(نەوتی ھیلال) وەک پشکداری سەرەکی و دواتریش یەک لە دوای یەک کۆمپانیاکانی OMV و MOL و RWE ھەریەک بە پشکی (١٠%) ھاتنە ناو کۆنسۆرتیۆمەکە. 

ئەم پرۆژە فراوانکاریە کە لە ئێستادا لە کێڵگەی کۆرمۆر بە بڕی  (٧٠٠) ملیۆن دۆلار جێەجێ دەکرێت زیادکردنی دوو یەکەی بەرھەمھێنان لە خۆ دەگرێت لە وێستگەی کۆرمۆر ھەروەھا لێدانی بیری نوێ  بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی ڕۆژانە لە (٤٠٠) ملیۆن پێ سێجاوە کە لە ئێستادا بەرھەم دەھێنرێت  بۆ (٦٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بنەمای ئەم گرێبەستەی فرۆشتنی غاز و دواتر بۆ (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٢ . ئەم پلانی بەرھەمھێنانە وەک پاڵپشتێک بوو بۆ فراوانکردنی وێستگەی (کۆرمۆر) کە لە تشرینی دووەم ئامادە کرا و ئاستی بەرھەمھێنانی بە ڕێژەی (٣٠%) لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی توانای کارکردنی وێستگەکە و زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنان ، کە بە ھۆیەوە دەتوانرێت ڕۆژانە (١٠٦) ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنرێت ، بەمەش پرۆژەکە لە ئێستادا بە گەورەترین پرۆژەی کەرتی تایبەت لە بواری پشکنین و بەرھەمھێنانی غاز لە عێراق ھەژمار دەکرێت.   

ھەوڵەکانی فرۆشتنی غاز لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دەستی پێکرد بەپێی گرێبەستی پیشووی فرۆشتنی غاز کە لە کانونی دووەمی ھەمان ساڵدا مۆرکرا، گشت شایستە داراییەکانی لە کاتی خۆیدا وەرگیرا بەپێی گرێبەستەکە کە ئەمەش متمانە دەبەخشێت بۆ داڕشتنی نەخشە و پلانی وەبەرھێنان و فراوانکردنی پرۆژەکە کە کۆنسۆرتیۆمەکە لە ئێستادا پێوەی سەرقاڵە. پرۆژەی غازی کوردستان کە بەم دواییە یادی (١٠) ساڵەی بەرھەمھێنانی بەردەوامی کرایەوە ، غازی سروشتی لە کێڵگەی (کۆرمۆر) ەوە لە ڕێی ھێڵی بۆریەوە دابین دەکات بۆ وێستگەکانی کارەبا لە بازیان و چەمچەماڵ و ھەولێر لەگەڵ غازی ماڵان و کۆندێنسەیت کە لە بازاڕی ناوخۆ دەفرۆشرێن.  

لە ئابی ساڵی ٢٠١٧ ، پێرڵ پترۆلیۆم بە چارەسەری کۆتایی گەیشت لە کەیسی ناوبژیوانی لە گشت کێشە یاساییەکانی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و لە نێویاندا یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکانی پێشووتر و پابەندبوونی پێرل پترۆلیۆم بە فراوانکردنی وەبەرھێنان لە پرۆژەکانیان لە ھەرێمی کوردستان. کە لێدانی چەند بیرێک لە ھەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ و دروستکردنی پاڵاوگەی بەرھەمھێنانی غاز و دەزگاگەلی دەرھێنانی شلەکان لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردن دایە. ھەردوو کێڵگەکە لە لایەن (دانەغاز) و (نەوتی ھیلال) ەوە لە بری پێڕڵ پترۆلیۆم بەڕێوە دەبردرێن.

کۆی گشتی وەبەرھێنان لە پرۆژەی غازی کوردستان تا ئەمڕۆ لە (١.٦ $ ملیار) ملیارێک و شەش سەد ملیۆن دۆلار ڕەتی داوە بەمەش کۆی گشتی بەرھەمھێنانی ھاوتای نەوت گەیشتە نزیکەی (٢٦٠) ملیۆن بەرمیل نەوت ، کە بە ھۆیەوە توانرا چەندین ملیار دۆلار بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی پاشەکەوت بکرێت کە دەبوو لە کڕینی سووتەمەنی سەرف بکرێت لەگەڵ چەندین سوودی گەورەی ئابوری تر . ئەم کاریگەریە بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن شان بە شانی فراوانبوونی ئاستی بەرھەمھێنان لە ساڵانی دواتر. 

لەم رووەوە ، بەڕێز دکتۆر ئاشتی ھەورامی ، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەم ڕێککەوتنە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئێمە بە تایبەتی کە خزمەتگوزاری باشتر بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەی باشتربوونی ڕەوشی  بەرھەمھێنانی کارەبا بە ھۆی زیادکردنی بەرھەمھێنانی غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە. ھەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی زۆری غازە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر گێڕانی ڕۆڵێکی ئەرێنی لە پێویستی ڕوو لە زیادبووی غاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە."  

بەڕێز مجید جعفر (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی ھیلال و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانەغاز) ووتی: "ئەم گرێبەستی فرۆشتنی غازە دەسپێکی قۆناغێکی نوێی فراوان کردنی پرۆژەی غازی کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵی ئایندە پێویستی بە وەبەرھێنانی زیاتر لە  (٧٠٠) ملیۆن دۆلاری تر دەبێت بۆ فراوانکردنی ئاستی بەرھەمھێنان بۆ (٩٠٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەمەش دۆخی ئابوری ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە باشتر دەبێت. وە ھیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوە چوونە لە چەند ساڵی ئایندە لەو کێڵگە بایەخدارانە ،  لە پێناو بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق".

د. پاتریک ئەڵمان وارد (بەڕێوەبەری جیبەجێکاری کۆمپانیای دانەغاز) ڕایگەیاند: "مایەی شانازیە بۆ دانەغاز و ھاوبەشەکانمان لە پیرڵ پترۆلیۆم بە تایبەتی کە توانیمان وەبەرھێنانی زیاتر بکەین لە سێکتەری غاز لە ھەرێمی کوردستانی عێراق و دابینکردنی سەرچاوەیەکی پشت پێ بەستووی وزەی پاکتر و ھاوکاری کردنی پەرەسەندنی ئابوری ناوخۆ. بەردەوامی لە وەرگرتنی گشت شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا متمانەمان پێ دەبەخشێت لە بەردەوام بوون لە وەبەرھێنان لە کاتێکدا کە پێ دەنێینە نێو دەیەی دووەمی بەرھەمھێنان". 

وەک بەشێک لە کارەکانی لە ھەرێمی کوردستان، پێرڵ ھەستا بە جێبەجێکردنی بەرنامەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بۆ ھاوکاریکردنی خەڵکی ناوچەکە ، ئەو کار و چالاکیانەش کە لەو بارەیەوە بە ئەنجام گەیەنراون بریتین لە: دابینکردنی پێداویستی خوێندن و چارەسەرکردنی ئاوی خواردنەوە و دابین کردنی موەلیدە و کارەبای بەردەوام بۆ گوندەکان بە بەکارھێنانی سووتەمەنی و چەند یەکەیەکی پزیشکی گەڕۆک و دامەزراوەی وەرزشی بۆ گەنجان و پێشکەش کردنی کۆمەکی دارایی بۆ (١٠٠٠) منداڵی بێ دایک وباوک لە سنووری چەمچەمال بە ھاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی ناوخۆ. ئەم دەسپێشخەریانە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە دەدەن لە باشترکردنی ئاستی گوزەرانی و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 9148جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad