نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی
داگیركەران و نەیارانی كورد باش ئەو راستیە دەزانن كە ئەمڕۆ یا سبەی هەر دەبێ خاك و مافە داگیركراوەكانی گەلی كورد بۆ خاوەنەكەی بگرێتەوە و ئینكاركردن مەحاڵە . هەر بۆیە ، لە 28لەمەوبەر و لە ساڵی 1991 رەوتی كاروانی مێژووی بزووتنەوەی شۆڕش و كوردایەتی لە سەنگەری خەبات و دۆزی رەوای گەل و میللەتە قارەمانەكەمانەوە، رووبەڕووی وەرچەرخانێكی مەزنی مێژوویی بۆوە، كە تیایدا سەرجەم گەلی كوردستان ئاوێزانی ئازادی بوو.. ئازادییەك لە قووڵایی ناخی یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكڕەنگی و یەكهەڵوێستی گەلدا، بڵێسەی سەندو كڵپەو رقی پیرۆزی جەماوەری جۆش سەندووی كوردستانی لە "رانیە" ی دەروازەی رقی گەورەوە، چەخماخە پێداو مەشخەڵی راپەڕینی داگیرساند و هەوری ماتەم و تەمی زوڵم و جەورو ستەم و چەوسانەوەی لە ئاسۆی رەنگ ئەرخەوانی كوردستانی قەتماغەو برین دا رەواندەوە.. راپەڕین.. وەرچەرخانێكی مێژوویی و وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆی ئەو زوڵم و ستەمە بوو، كە دەرهەق بە گەل و ئازادی نەتەوەكەمان كرا، كە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق لە بری پەنا بردنە بەر شێوازی وتووێژ و دیالۆگ لە چارەسەركردنی كێشەی رەوای گەلەكەماندا، سیاسەتی شێلگیرانەی راگواستن و شاڵاوی ئەنفال و كیمیا بارانكردنی كوردستان و وێرانكردنی بە هەزاران هەزار شارو شارۆچكەو گوندو راوەدوونان و ئاوارەكردن و بێ سروشوێنكردنی شۆڕشگێڕانی كوردو لە سێدارەدان و بەكۆمەڵكوشتن و پیادەكردنی سیاسەتی قڕكردنی گەلی كوردی گرتەبەر و خەڵكی بەشمەینەت و ستەمدیدەی كوردستانی برینداری رووبەڕووی چەندان كارەساتی دیكەی تراژیدی و دڵتەزێن كردەوە، كە نموونە و وێنەیان زۆر كەم و دەگمەنە. هەڵبەتە دامەزرانی "بەرەی كوردستانی"یش لە شاخ، لە و كات و سەردەمەدا وەك پێداویستییەكی بابەتی و مێژوویی لە جێی خۆی دابوو، كە تیایدا سەرجەم گرووپ و حزب و لایەنە ناكۆكەكانی نێوگۆڕەپانی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەكەمان، لە دەوری خۆی كۆ كاتەوەو تیایدا، فاكتەری ئاشتی و ئاشتبوونەوەی گشتییان راگەیاند و یەكدەست و یەكڕەنگ و یەكدەنگ خۆیان بۆ راپەڕینێكی گشتی كوردستانی سەرتاسەری، سازو ئامادەكرد.. دامەزراندنی "بەرەی كوردستانی" واتە ئاشتی لە نێوان سەرجەم گرووپ و حزب و لاینە ناكۆكەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و باشتر رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردو هاتنە ئارای میكانیزمی هاوخەباتی جەماوەری و نەتەوەیی حزب و خەڵك و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی نێو مەیدانی خەبات، لە چۆنیەتی بە گژداهاتنەوەی ئەو مەترسی و نەهامەتیانەی گوشاریان خستبووە سەر گەلی كوردو دۆزە رەواكەی. بۆیە لێرەوە دەكرێ بڵێین: راپەڕینی گەلی كوردستان، وەڵامێكی بە زەبرو گورچكبڕی گشت ئەو هەڕەشەو مەترسیانە بوو، كە لەمێژ ساڵ بوو رووبەڕووی میللەتەكەمان بووبۆوە، هاوكات راپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەسكەوت و ئەزموونێكی مەزنی مێژوویی گەلی كوردستان و رۆژی دەسپێكی رەتكردنەوەی دەسەڵاتی شۆڤێنی و حوكمی نا یاسایی ستەم و زوڵم و زۆرداری رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بوو، رۆژی سەركەوتن و پیرۆزی كورد و ئیرادەی پۆڵایینی گەل و یەكگرتنەوەی هێزو لەشكری پێشمەرگەو توانست و ورەی بەتین و هاوهەڵوێستی بەرزی جەماوەری كوردستان بوو، كە راپەڕین ئەو حەقیقەتەی سەلماند. ئەگەر بەراوەردێكی خێرا لە سەر دۆزی ئێستای كورد و مافەكانی بكەین دەبینن كە تا بە ئەمرٍۆ رژێمی بەغدا زمانی هەرٍەشە و دەبابەی ئابرامز و سیاسەتی ئابڵوقەدانی كوردستانی گرتۆبەر و هەمان رێچكەی رێمەكانی پێش خۆی لە دژی مللەتی كورد جێبەجێی دەكات و باوەری بەشەراكەت و دیموكراسی و مافەرەواكانی كورد نییە ، بۆیە قۆناغی ئێستامان دەخوازی یەكهەوڵوێست بین لە پێناو رووبەرووبوونەوەی سیاسەتیی ستەمكارانەی بەغدا . بڵێین كە لە ژێر هیچ پیلانگێرییەك گەلی كورد لە گەیشتن بە مافەرەواكانی پاشگەز نابێتەوە ...
پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی
پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی
هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس
Developed By: Omed Sherzad