English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
"رێككەوتننامەی 11ی 1970 ئازار، راپەڕینی 1991 و ریفراندۆمی سەربەخۆیی 2017 "دەنگی ئازادیخوایی و ڕەتكردنەوەی ژێر دەستی
2019-03-11 [04:03 AM]

نوسینی : رێبوار حەمە لاو شوانی


گەلانی ئازادیخواز بەردەوام لە خەبات و تێكۆشاندان بۆ رزگاربوون لە ژێر دەستی و  ساتێك لە هەوڵدان بۆ گەرٍاندنەوەی مافەزەوتكراوەكانیان سڵ ناكەنەوە ، گەلی كوردیش یەكێك لەو نەتەوە مافە زەوتكراوانەی كە دەیان ساڵە خەبات و قوربانی بەدەبەخشی و چەندین شۆرش و راپەرینی كردووە و بەردەوامە بۆ گەیشتن بە مافەرەواكانی  ، ئەگەر هەڵوستەیەكی وردبینانە لەسەر رێككەوتننامەی 11ی ئادار ، بەداگیركەرانی گووت گەلی كورد هیچ كات لە بەدەسهێنانی مافەرەواكانی پاشگەز نابێتەوە .49 ساڵ بەر لە ئیستا لە ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار لە مێژوەكەیدا دەوڵەتی ئەوسای عێراق بە فەرمی دانی بە مافەكانی كورد نا و بڕیاریدا ئۆتۆنۆمی بە كورد بدات، كە خواستێكی سەرەكی شۆڕشی ئەیلول و سەركردایەتییەكەی بوو.رێككەوتننامەی 11 ئادار بە دستكەوتێكی بێ وێنە لە مێژووی سیاسیی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد بە رێبەرایەتی مستەفا بارزانی ئەژمار دەكرێت، بەتایبەتی دانپێدانی فەرمی دەوڵەتی عێراق بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان لە سەدەی بیستەمدا لە لایەكەوە بە خاڵە وەچەرخانیكی گرنگ لە تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ پرسی كورد و مافە رەواكانی ئەژمار دەكرێت و لە لایەكی ترەوە بۆ یەكەمجار لە میژووەكەیدا كورد بە فەرمی دەبووە خاوەن حكومەتێكی یاسایی و دەستووری.لە رێكەوتننامەكەدا، بە پێی سەرژمێری ناوچە كوردییەكان دیاری دەكران و ئۆتۆنۆمی ئەو ناوچانە دەگرتەوە كە زۆرینەی خەڵكەكەی كوردن و لەگەڵ ئەوشدا دەبووە ھاوبەشێكی راستەقینە لە حوكمڕانیی عێراق.ئەم رێككەوتنە ئەنجامی خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و چەكدارای گەلی كورد لە چوارچێوەی گەورەترین شۆڕەشەكەی بوو، بە تایبەتی پاش ئەوەی حزبی بەعس لە 17 تەموزی 1968 لە رێگەی كودەتایەكی سەربازی دەسەڵاتی گرتە دەست و لەشكركێشییەكانی بۆ سەر كوردستان و شۆرشەكەی توندتر كرد، كە چەند ساڵ پێشتر دەستیپێكردبوو.دوای چەندین شكست لە ساڵانی 1968 ـ 1969 پەنای بۆ دانوستانی ھێنا و مستەفا بارزانی كە باوەری بە چارەسەری ئاشتیانە و دانوستان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھەبوو، چەندین دانوستانی نێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لێكەوتەوە و سەدام حوسێن جێگری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق چەند جارێك سەردانی سەركردایەتی شۆڕشی كرد و دواتر رێكەوتننامەی 11 ئاداری لێكەوتەوە و بەیاننامەی ھاوبەش لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری راگەیەنرا و لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنیش بڵاوكرایەوە.تەنیا چەند مانگیك پاش رێككەتننامەكە، فاكتەرەكانی پاشگەزبوونەی حكومەت بەدەر كەوتن، سەرباری ئەوەی ئیدریس بارزانی لە بەغدا لە ھەوڵێكی تیرۆریستی رزگاری بوو. لە ئەیلوولی هەمان ساڵ بەغدا پرۆژەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكانی رەتكردەوە كە داوای دەكرد به ‌بەهای 100 ملێۆن دۆلار ژمارەیەك پرۆژەی پەرەپێدان لە كوردستان ‌ئەنجام بدرێت.ئاستەنگە سیاسی و كارگێرییەكانی حكومەت بە ئەم بوارانەی رێككەوتن لەسەر كرابوو، بەردەوامبوون، بە تایبەتی لە كەركوك و پێشێلكردنی خودی رێككەوتننامەكە بۆ رەوشی شارەكە و چەندین بواری دیكەی وەك بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی تەعریب و پرسی كارمەندانی كورد لەم شارە و ئەنجامنەدانی سەرژمێری.بەعس لە ساڵی 1973 لە پرۆژە پێشنارێك بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور داوای كرد كەركوك لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی دەربھێنرێت.بەعس لە رۆژی 3 ئاداری 1974 پاش ئەوەی دانوستانەكانی پچراند، كە كوتایی بە ماوەی گواستنەوە ھاتووە، ئەوكاتەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دیاریكرابوو.لە 7 ئاداری ھەمان ساڵ شاندێكی كورد لەگەڵ سەدام حوسێن جێگری سەرۆك كۆمار كۆبووەوە و بە پێداگری لەسەر وازنەھێنان لە كەركوك، شنگال و خانەقین چەند پێشنیاریكیش خستەڕوو. بەڵام سەدام پێشنیارەكانی رەتكردەوە و پێداگری لەسەر ئەو ئۆتۆنۆمییە كرد كە سنوورەكانی بۆ خۆیان دیاری كردووە و تەنیا 15 رۆژیكیش مۆڵەتی دایە لایەنی كوردی بۆ پەسندكردنی، بە پێچەوانەوە بە دوژمن لە قەلەمیان دەدات.دەوڵەتی عێراق لە 11 ئاداری 1974 بە یەكلایەنە یاسای ژمارە 33 ئۆتۆنۆمیی لە كوردستان راگەیاند و زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان خستە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.سەرەنجام جارێكی تر شەڕ لە كوردستان دەستیپێكردەوە و تا ئەوەی رێككەوتننامەی جەزایر لە 6 ئاداری 1975 لەنێوان ئێران و عێراق مۆركرا و نسكۆی بە شۆڕش ھێنا.ئەو رێككەوتننامەیە لەنێوان حكومەتی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی بارزانی نەمر مۆركرا، بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەكان و فیداكاریی پێشمەرگە دلێرەكان بوو، لە مێژووی كورددا بایەخێكی ئێگجار مەزنی هەیە، یەكەمجار بوو حكومەتی عێراق دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی و كەلتورییەكانی گەلی كورد، هەروەها دەسكەوتێكی هەرەگرنگی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو، دەروازەیەكی نوێی ئاسوودەیی و متمانە بەخشیی واڵاكرد بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەسەرتانسەری عێراقدا و وەك رووداوێكی گرنگی مێژوویی وابوو بۆ بونیاتنانی ئایندەیەكی روون و گەش لە رووی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە عێراق وناوچەكەدا.ئەو رێككەوتننامەیە لەسەر ئاستی دەوروبەرو نێودەوڵەتیش سەداودەنگدانەوەی خۆی هەبوو، رای گشتی جیهانی وروژاندو نێوەندە عەرەبی و جیهانییەكان بەبایەخەوە پێشوازیان لێكرد وبەهەنگاوێكی گرنگ و بەسوودیان بۆ گەلان و نەتەوەكانی عیراق لەقەڵەمدا.رێككەوتننامەكە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژووییش سەنگ و كاریگەری خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخوازیمان و نەتەوەییمان بەگشتی و لاپەڕەكانی دیكەی ئەو سەروەریانە بوو لە مێژووی كورد و پارتیمان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان لە داهاتوودا، هەروەها بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بۆ قۆناغێكی سیاسی پێشكەوتووتر گواستەوە بەجۆرێك لەسەر شانۆی سیاسیدا وەك هێزێكی كاریگەر و گرنگ لەبەرەوپێشچوونی روداوەكاندا دەورورۆڵی خۆی بینی. رێككەوتننامەی 11ی ئادار دوابەدوای ساڵەهای ساڵ لە تێكۆشان و شۆڕشی چەكدارانە بەرابەرایەتی و سەرۆكایەتی بارزانی نەمر و زنجیرەیەك خەبات و تێكۆشانی بێوچان و سەخت وخۆراگری و راپەڕین و سەرهەڵدانی گەلەكەمان هاتە دی، هەنگاوێكی ئەوتۆی بوێرانە بوو بەرەو بناغەڕێژیی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوە لەعیراقدا، ئەمەش بەحیكمەت و پلانڕێژیی بارزانی نەمر و پێشمەرگە پاڵەوانەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و سەركردایەتییەكەی هاتە دی، كە حكومەتی عێراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە ملكەچ بكات بۆ داواومافەرەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی.هەروەها راپەرٍین و  ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەربەخۆیی  پەیام و ئاماژە و دەنگی بەرزی ئازادیخوازی گەلێك بوو كە دەیان ساڵە بە غەدر و زۆرداری خاكی كوردستانیان داگیر و هەوڵی  ژێر دەستكردنی گەلەكەی یان دەدا ..





ئەم هەواڵە 1966جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad