English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راپەڕین و رزگار نەبوون ......
2019-03-13 [01:45 AM]

نووسینی: مه‌لا هندرێن


لەیادەوەری بیست وھەشتەمین ساڵوەگەڕی راپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان ، سەری رێزو ئەمەکداری بۆگیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەچەمێنم و گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی کەس وکاری سەربەرزی شەھیدان وتەواوی خەلکی سەربەرزی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم ، ھیوادارم لەئایندەیەکی نزیک بگەین بەدوا ئامانجی گەلەکەمان کە راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانە . 
لە ٧ ی ئازاری ئەم ساڵ ، لەیادی راپەڕین کورتە ووتارێکم خوێندەوە کەلەبەرپەڕی یەکەم و وەک سەرگووتاری رۆژنامەکە بلاوکرابۆوە .لەسەرنجم بۆ ئەم کورتە گووتارەو زۆر نووسین و بابەتی تریش ، بۆم دەرکەوت کە ڕاستە بیست و ھەشت ساڵە راپەرینمان کردووە ، لێ ھێشتا زمان و وئژەی کوردی لەچنگ ھەژموونی زمانی داگیرکەری عەرەبی رزگاری نەبووە . ئەوەتە ئەم نووسەرە بەرێزە لەکوورتە ووتارێک کە زۆۆۆر بەدڵگەرمی و بەدڵسۆزی باسی ڕاپەرین و دەرکەوتەکانی دەکات .ئەم چەمکو وشە عەرەبییە زەق و ڕەقانە بەکاردەھێنێت ( ئیمتیحان ، مومارەسە ، قەسوەت ، ئیستقرار، قبول ، قەتلوعام ، موعارەزە ، شەرعیەت ،مەدەنی ) بەڕاستی کە دەبینم لەسەرگووتاری رۆژنامەیەکی دیارو پڕ تیراژی کوردی و لەسایەی ئەوپەڕی ئازادیش ، ھەر بەھەوەس ، وشەی عەرەبی لەشوێنی وشەی جوان و شیرینی کوردی بەکاردەھێندرێت ، بەدەستەخۆم نییە کە تووشی بێ ھیوایی دەبم و ھەستیش بەمەترسی رزگارنەبوونی کەڵتووری گەلەکەمان دەکەم ، باشەدەبێت ئەم نووسەرە بەرێزە ھەستی بەو ئەرکە پیرۆزەی زمانەوانی نەکردبێت کە دەبێت رۆژنامەنووس بۆپاراستنی پاراوی زمانی کوردی پەیڕەوی بکات؟؟؟!! باشە دەبێت بیانوی کاکی نووسەر چی بێت کە ئەم شوێنە پیۆرزەی رۆژنامەکە بەکاردەھێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی وشەی بێزراوی عەرەبی و خۆدزینەوە لەوشەجوانەکانی خۆماڵی ؟؟!!! ھەموومان دەزانین ھەندێکجار نووسەر وشەی کوردی گونجاوی دەست ناکەوێت بۆ دەربڕینی پەیڤێک ، بۆیە بەناچاری پەنادەباتە بەر وشەی بێگانە، لەوکاتانەش بەکارھێنانی وشەیەکی ئینگلیزی باشترە لەوشەی عەرەبی ، چونکو زمانی کوردی سەدان ساڵەلەژێر ھەرەشەی بەعەرەب بوون دایە و لەناچاریش تابکرێت پێویستە خۆمان لەزمانی عەرەبی بپارێزین . بابزانین ئەم وشە عەرەبیانەی کاکی نووسەر بەکاری ھێناون ، کوردییەکانی چییە ( ئیمتیحان ــ ئەزموون ، تاقی کردنەوە / مومارەسە ــ پیادەکردن ، پەیرەوکردن / قەسوەت ـــ توندو تیژی ، پێم وایە پەنجا سالیش دەبێت ئەم ووشەیە لەناو زمانی کوردی بەکار نەھاتووە / ئیستقرار ــ تەناھی ، ئارامی ، سەقامگیری / قبول ـــ پەسند / قەتلوعام ـــ کۆمەڵکوژ ، جینۆساید ، لەناوبردن / موعارەزە ـــ رکابەر ، بەرھەڵستکار ، ھەرنەبوو ئۆپۆزسیۆن بەکار بھێنە / شەرعییەت ـــ رەوایی / مەدەنی ــ سڤیل ) بەداخەوە کاکی نووسەر لە ووتارێکی تری کەلەھەمان شوێنی ھەمان رۆژنامە و لەیادی راپەرینی شاری ھەولێر نووسیویەتی ، بەھەمان شێوە کۆمەڵێک یەیڤی تری عەرەبی کردۆتە دیاری بۆ خوێنەرەکانی ،کەئەمانەن ( تەنمیەی بەشەری ، ئیرادە ، ئەمن ، ئیستقرار ، ئیملائات ، ئیدارە ، تەجرەبە ، سەفەر ، تەحەدییات ، ئیعتیماد ، خیتاب ) ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم وشە عەرەبییانەش لەبەرامبەریان پەیڤی جوانی کوردیمان ھەیە ، بەڵام بۆچی نووسەر شەیدای ووشەی عەرەبی داگیرکەرە ، نازانم !!!! ھەندێک کات گومانی خراپم بۆ دورست دەبێت و ھەندێک جاریش دڵی خۆم خۆش دەکەم بەوەی کەرەنگە لەبێئاگایی و بەھەند ھەڵنەگرتنی کاکی نووسەرەوە ھاتبێت .لێرەدا خۆزگە بەساڵانی حەفتاکان دەخوازم کە ئەودەم کۆڕی زانیاری کورد ھەبوو ، شانبەشانی نووسەران و رۆشەنبیرانی کورد گەورەترین ھەڵمەتی پاککردنەوەی زمانی کوردییان لەووشەی بێگانە بەرێوەدەبردو لەسەردەمی شاخیش زمان و وێژەی کوردی لە ئێستادا پارێزراو تر بوو . 
لەکۆتاییدا پێم باشە ناوی ئەم نووسەرە ھێژایە بھێنم ، ئەویش کاک (ئاریان فەرەج)ە ، سەرنووسەری رۆژنامەی ھەولێری خۆشەویست ، ھیوادارم کاک ئاریان تێبینیەکانم وەک خۆی وەر بگرێت و نەبێتەمایەی دڵتەنگی .چونکو ھەر ئەونییە لە نووسینەکانی دا بازاری وشەی عەربی گەرم دەکات ، ئەمە بۆتەدیاردەو خەریکە ئەوانەی وشەی عەرەبی لە نووسینەکانیان بەکارناھێنن بەرۆشەنبیر لەقەڵەم نەدرێن .





ئەم هەواڵە 2923جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad