English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوای زیاتر لە سێ ساڵ بکوژی ئەم گەنجە ئاشکرا بوو 
2019-03-20 [07:45 AM]

ZNA- ھەولێر 



دوای زیاتر لە سێ ساڵ دۆسیەی کوشتنی گەنجێک یەکلایی کرایەوە، کە پێشتر تۆمەتبارەکە دوو جار لەلایەن دادگا و بە رەزامەندی کەسوکاری کوژراوەکە ئازادکرابوو، بەڵام بەھۆی پەڵەخوێنێکی کوژراوەکە، کە لەسەر ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە بووە، دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکرد.

شەوی ١٠/١٠/٢٠١٥  گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، بەناوی عیماد عەزیز سێوک کە قوتابیی زانکۆ بوو، لە رووداوێکی نادیاردا کوژرا، عەزیز سێوک، باوکی عیماد رایگەیاند: "کوڕەکەم شەوانە لە ھۆڵێکی لەشجوانی لە ھەریر راھێنانی دەکرد، بەڵام شەوێک نەگەڕایەوە و تەلەفۆنەکەشی داخرابوو، بۆیە خزم و کەس و بازگە و نەخۆشخانە و بنکەکانی پۆلیسمان ئاگادارکردەوە، بەڵام ھیچ سۆراخێکی نەبوو".

رۆژی دواتر تەرمی عیماد و ئۆتۆمبێلەکەی لە دوو شوێنی جیاواز دۆزرانەوە، باوکی عیماد دەڵێ: "چووینە ماڵی خاوەن ھۆڵی لەشجوانییەکە، ئافرەتێک ھاتە دەرەوە و گوتی چەند مانگێکە ئەوان لێرە نەماون، بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت، کە ئەو کەسە خێزانی یان براژنی بووە".

خێزانی عیماد لە رێگای کامێرای چاودێرییەوە سەرەداوێکیان دەستدەکەوێ، عەزیز سێوک گوتی: "لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە زانیمان کە دوایینجار کوڕەکەم لەگەڵ خاوەنی ھۆڵەکە بە ئۆتۆمبێلی کوڕەکەم رۆیشتوون، کاتێک لێمان پرسی بۆ کوێ چوون، بەڵام ئەو گوتی منی بردە بازاڕ و خۆی رۆیشت".

دوای دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکە، دەبینن لایەکی ئۆتۆمبێلەکە لێدراوە، کاتێک دەچن بۆ لای ماڵی (ئ.ن) خاوەنی ھۆڵی لەشجوانییەکە، دەبینن لەبەرامبەر ماڵی ئەوان ھەمان رەنگی ئۆتۆمبێلی کوڕەکەی لەسەر دیوارێک ھەیە، ئەمەش گومان دروست دەکات و سکاڵا لەسەر خاوەنی ھۆڵەکە تۆمار دەکەن. ھەروەھا پەڵە خوێنێک لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دەدۆزنەوە، بەڵام خاوەنی ھۆڵەکە دەڵێت: "من راو دەکەم و ئەوە خوێنی کەروێشکە".  دوو کەسیشی ھێنا و شایەتییان بۆ دا "بۆیە ئێمە خۆمان گوتمان با کەسی بێتاوان لە زیندان نەبێت و داوامانکرد ئازاد بکرێ". 

ھەر دوای ئازادکردنی، تۆمەتبارەکە دەیەوێت بچێتە ئەوروپا، بەڵام سنوورداش دەکرێتەوە. باوکی عیماد دەڵێ "لە تورکیا بە کەسێکی گوتبوو من شوێنم نابێتەوە لە کوردستان، دەبێت بچمە ئەوروپا، ئەمەش گومانی لەلای ئێمە دروستکرد. دووبارە سکاڵامان تۆمارکرد، داوامانکرد پشکنین بۆ پەڵە خوێنەکەی سەر ئۆتۆمبێلەکەی بکرێ، لە پشکنین دەرچوو ئەو خوێنە مرۆڤە، نەک کەروێشک. بۆیە پشکنینیان بۆ خوێنی منیش کرد، دەرکەوت نزیکن لەیەکەوە".

 بەڵام دوای چەند دانیشتنێک دادوەر بڕیاری دا (ئ) ئازادبکرێ، بە پاساوی ئەوەی پشکنینی خوێن نابێتە بەڵگەیەکی تەواو. دادگا و بنەماڵەی عیماد دڵنیاببوونەوە لەوەی کە (ئـ.ن) بێتاوانە، بەڵام داوای تەمیزیشیان کردبوو، بۆیە دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئازادکردنی، وەڵامی دادگای تەمیز ھاتەوە کە ئەو بەڵگانە دەتوانرێ پشتیان پێ ببەسترێ و ئەو کەسە بکوژی عیمادە، عەزیز سێوک دەڵێ: "دادوەرەکە گوتی پێویستە گۆڕەکەی ھەڵبدەینەوە، لیژنەیەک گۆڕەکەی ھەڵدایەوە، پشکنینیان بۆ کرد، دەرکەوت خوێنی سەر ئۆتۆمبێلەکە خوێنی عیمادە".

دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر رووداوەکە، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ (ئ.ن) دەرکرد، برزۆ سەعید، پارێزەری بنەماڵەی کوژراوەکە  رایگەیاند: "ئەو دۆسیەیە سەرنجڕاکێشە لەبەرئەوەی تۆمەتبار دوای دووجار ھەڵاتن بۆ تورکیا و دووجار ئازادکردنی لەلایەن دادگا و دڵنیابوونەوەی کەسوکاری کوژراو لە بێتاوانی، توانرا تاوانەکەی لەسەر بچەسپێ و دادگای تەمیزیش لە رۆژی ١٣/٣/٢٠١٩ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد".

بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە چەند بەڵگەیەک ھەبوون لەدژی تۆمەتبارەکە. لەوانە: بەڵگەی ڤیدیۆیی کە دوایینجار بەیەکەوە بینراون، گوتەی تۆمەتبار و کەسوکارەکەی یەک نەبوون. دۆزینەوەی تەرمی عیماد، ئۆتۆمبێلەکەی، مۆبایلەکەی، سویچی ئۆتۆمبێلەکەی لە چوار شوێنی جیاجیای نزیک ماڵی بکوژەکە. پەڵەخوێنی عیماد لەسەر ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە.

برزۆ سەعید گوتی "بەڵام ھێشتا ئەو بەڵگانە بۆ دادگای تاوان بڕواپێھێنەر نەبوون، بۆیە بە زۆرینەی دەنگ ئازاد کرا، بەڵام کە دووبارە تەمیزم کردەوە، لە دادگای تەمیزی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا، کە ئەو خوێنە دەتوانرێ بە بەڵگە وەربگیرێ لەدژی تۆمەتبارەکە. دوای ھەڵاتنی تۆمەتبار زانیاریمان دەستکەوت کە لە نانەواخانەیەک لە رانیە کاردەکات، لەوێ دەستگیرکرا و ھێنرایەوە ھەولێر".

(ئـ.ن) بە بڕیارەکەی دادگا رازی نییە و دەیەوێ تەمیزی بکاتەوە. ئازاد چۆمانی کە پارێزەرییەتی رایگەیاند: "ئێمە بڕیارەکەی دادگا تەمیز دەکەینەوە، چونکە ئەو دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە، ھەروەھا ھیچ شایەتێکیش نییە کە ئەو کوشتوویەتی، بۆیە بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 6055جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad