English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
شاندێکی پەیمانگەی دیپلۆماسیی و ئەکادیمیی ڤیەننا سەردانی پەرلەمان دەکات
2019-03-25 [01:11 AM]

ZNA - هه‌ولێر


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٩/٣/٢٥، د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەئامادەبوونی ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمان، لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی کرد لە شاندێکی پەیمانگەی دیپلۆماسیی و ئەکادیمیی ڤیەننا، بەسەرۆکایەتیی تۆماس رۆ، پرۆفیسۆرو سەرۆکی بەشی مێژوو لە پەیمانگەکە و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا کە د.مستەفا گۆران، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نەمسا ئامادەیبوو، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کورتەیەکی سەبارەت بە رۆل و ئەرکی پەرلەمان لە دەرکردنی یاساو چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت و چۆنیەتیی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا، چ لەلایەن حکومەتەوە بێت یاخود لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانەوە بێت باسکرد و رایگەیاند: "ئەو یاسایانەی کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە و بەچەند رێکارێکی یاسایی  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشکەشدەکرێن و دواتر خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ تاووتوێکردنی لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی حکومەت و بەمەبەستی وەرگرتنی راوبۆچوونیان لەسەر پڕۆژە یاساکە بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری و ئامادەکردنی راپۆرت لەسەری، پاشان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی گفتوگۆکردن و پەسندکردنی".

ھەروەھا رایگەیاند: "ئەو یاسایانەی کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن لەگەڵ دەستووری ھەمیشەیی عێراق یەکدەگرنەوە ."

ھەر لەدیدارەکەدا د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەند کردو رایگەیاند: "لە ئێستادا پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ئاستێکی زۆرباشدایەو  دەخوازین حکومەتی عێراق ھەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور خێراتر بکەن، لەنێویشیاندا مادەی ١٤٠ی دەستوور کەتایبەت بەناوچە دابڕێنراوەکان و لەئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ئەنجامدانی راپرسی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی تری نێوان ھەردوولا بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراقدا بێت".

پاشان ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کارو چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە رووی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دروستکردن و پێکھێنانی لیژنە ھەمیشەییەکان کرد.

لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان، وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەکاربوونیان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانیکردنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەکەشیان بۆ ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان روونکردەوە کە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوونە لە رەوشی ھەرێمی کوردستان.

ھەروەھا خۆشحاڵی خۆیان بەو سەقامگیری و ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و رۆلی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیشیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەربڕی و ستایشی ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە لەناوچەکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو.





ئەم هەواڵە 3397جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad