English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم پیاوە لەکاتی نوێژکردن و لەسەر بەرماڵ بەدەستی ئامۆزاکانی کوژرا 
2019-04-15 [11:33 AM]

ZNA- ھەولێر 



پیاوێکی ٣٨ ساڵان لە کەناری زێی کەڵەک لەکاتی نوێژکردن دەستڕێژی گوللـەی لێکرا و کوژرا، کەسوکاری کوژراوەکە دەڵێن بکوژەکان ئامۆزای کوژراوەکەن و دوای تاوانەکەش تەقەی خۆشییان کردووە.


حاجی جەواد کەمال، ٣٨ ساڵ و باوکی چوار منداڵ، رۆژی ٦/٤/٢٠١٩ کوژرا، کەسوکارەکەی ھۆکاری کوشتنی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئامۆزاکانیان دەگەڕێننەوە. فوئاد کەمال برای حاجی جەواد، رایگەیاند: "ساڵی ٢٠١٦ ئافرەتێکی دراوسێمان کچی ئامۆزایەکمی لە پرسەیەکدا بینیبوو، پرسیاری لە براکەم کردبوو، ئەویش پێیگوتبوون کچێکی بەڕەوشت و باشە، ئیدی کچەکەیان خواست".

بەڵام لە بەختی حاجی جەواد، ژن و پیاوەکە کێشە دەکەوێتە نێوانیان، کچەکە دەچێتەوە ماڵی باوکی. باوکی کچەکەش سێ بە سێ تەڵاقی خواردووە کە کچەکە نەنێرێتەوە ماڵی مێردی، بۆیە دەبوو یان ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات یان کچەکەی تەڵاق بدرێ، لەبەرامبەر تەڵاقدانی کچەکەشی بڕە پارەیەکی لە زاواکەی وەرگرت، بەڵام (ر) کە باوکی کچەکەیە، ھەڕەشەی لە حاجی جەواد کردووە کە ئەو بووەتە ھۆی ئەوەی کچەکەی تەڵاق بدرێ".

بەپێی قسەی کەمال، ئامۆزاکانی بەردەوام بەبیانوو بوون لەگەڵیان و دەڵێ: "رۆژێک برایەکم دەست لە تەکسی رادەگرێ، کە نزیک دەبێتەوە دەبینێ شوفێرەکەی برایەکی (ر)ە، بیانووی پێدەگرێ و پێیدەڵێ بۆ دەستم لێڕادەگری و قسەی ناشیرینی پێدەڵێ، دەبێتە دەمەقاڵیان، پاشان ئامۆزاکانم کۆدەبنەوە و تەقە بەسەر ماڵی ئێمەدا دەکەن، بەڵام مامێکم ھەموومانی کۆکردەوە بۆ ئاشتبوونەوە، لە دانیشتنەکەدا (ر) گوتی ئەمجارە ھەر یەکێکتان تەماشای نێو چاوم بکەن بە گوللە وەڵامی دەدەمەوە.
رۆژی شەشی ئەم مانگە حاجی جەواد دەکوژرێ. براکەشی دەڵێت لەسەر چەند پروشکە چڵکاوێک بووە.

 فوئاد کەمال گوتی: "براکەم بارھەڵگری پێیە، ئەو رۆژە لە گوندی پیرڕەش بەڕێدەکەوێ. لە رێگە لە چاڵە ئاوێکی داوە و چەند پڕوشکە ئاوێک بەر مێرمنداڵێک کەوتووە. حاجی برام دادەبەزێت و داوای لێبوردنی لێدەکات، دەبینێ مێرمنداڵەکە (ع)ی برازای (ر)ی ئامۆزامە، بەڵام (ع) قسەی ناشیرینی پێدەڵێ، دەشڵێ ئەمرمان پێکراوە ئەمجارە بتانکوژین، براکەشم لێی تووڕە دەبێ و دوو سۆندەی لێدەدات و دەڕوات".

حاجی جەواد براکەی لە رووداوەکە ئاگادار دەکاتەوە و پێیاندەڵێ ئاگاتان لە خۆتان بێ، نەوەک ئامۆزاکانم شتێکتان لێ بکەن. فوئاد گوتی: "نیوەڕۆ پەیوەندیم بە حاجی جەوادەوە کرد، بەڵام پۆلیسی دارەشەکران وەڵامیان دامەوە و گوتیان براکەت کوژراوە".

فوئاد بکوژانی براکەی دەناسێ و دەڵێ: "بەڵگەمان لەلایە براکەم لە قەراغ زێی کەڵەک لەلایەن ٩ کەسەوە کوژراوە، چواریان ئامۆزامانن و پێنجیشیان کوڕی دوو ئامۆزامانن، ئەوان بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە براکەمیان لەسەر بەرماڵ و لەکاتی نوێژدا کوشتووە".

بەگوتەی خوشکێکی حاجی جەواد کە بووکی بنەماڵەی بکوژەکانە، پێش رووداوەکە پیلانی کوشتنی براکەی ئەویان داناوە، بێریوان کەمال  گوتی: "پێش رووداوەکە (خ) لەبەردەم ماڵی خۆیان کۆبوونەوەی پێکردن، کوڕەکەم بینیبووی چەکیان ھەڵگرتووە، منیش زانیم بۆ کوشتنی براکەم دەچن، تەلەفۆنم بۆ کرد و پێمگوت چەکیان پێیە و پێدەچێت بیانەوێت تۆ بکوژن، بەڵام ئەو گوتی خەمت نەبێت لە دەرەوەی ھەولێرم و جارێ ناگەڕێمەوە".

بەگوتەی بێریوان، ئامۆزاکانی دوای کوشتنی حاجی جەواد تەقەی خۆشییان کردووە، ئەو دەڵێ: "دوای رووداوەکە ئامۆزاکانم و کوڕەکانیان گەڕانەوە ماڵەوە و دوو فیشەکیان تەقاند وەکو تەقەی خۆشی بۆ کوشتنی براکەم، کوڕی ئامۆزایەکم ھاتە ژوورەوە و بە دایکی گوت ئیشەکەمان تەواو کرد، خێزان و منداڵەکانیان ھەڵگرت و رۆیشتن، من و سێ منداڵەکەمیان بەتەنیا بەجێھێشت".

ھەروەھا کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی بکوژەکان دەڵێت: "ئەوان پێشتریش ھەڕەشەیان لە حاجی جەواد و من و خزمەکانیش کردووە، رۆژی رووداوەکە تەلەفۆنیان کرد و گوتیان دەچین حاجی جەواد دەکوژین، دەیانویست کاردانەوەی من بزانن. تەلەفۆنم بۆ حاجی جەواد کرد و پێمگوت ئەوانە دێن دەتکوژن، ئەویش گوتی ئەگەر ئەجەلم بە دەستی ئەوان ھاتبێ، با بێن بمکوژن".

کەسوکاری حاجی جەواد لە بنکەی پۆلیسی دارەشەکران سکاڵایان تۆمار کردووە، فوئاد کەمال گوتی: "لە بنکەی پۆلیسی دارەشەکران سکاڵامان لەسەر ٤ ئامۆزا و ٥ کوڕە ئامۆزامان تۆمار کردووە".

لەبارەی رووداوەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنی  رایگەیاند: "دوای بیستنی دەنگی تەقەکان ھێزەکانی پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە. پیاوەکە لەسەر بەرماڵ کوژرابوو. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. بەڵگە و سەرەداوی باش دەست ھێزە ئەمنییەکان کەوتوون. کەسوکاری کوژراویش سکاڵایان لەسەر ٩ کەس تۆمار کردووە، شایەتیش لەسەر رووداوەکان ھەیە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 5659جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad