English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانى و مایك پێنس دۆخى كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
2019-04-25 [07:40 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا دوایین پێشهاته ئه‌منییه‌كانى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و پرۆسه‌ى سیاسییان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.

 

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/4/2019 ئه‌نجام درا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ سه‌قامگیریى ئاسایش و ئارامى له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ڕێخۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ى عێراقى بۆ ناوچه‌كانیان كه‌ هێشتا له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندان، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین هه‌وڵ و گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندى و دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، پێشكه‌ش كرد.

 

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا پشتگیرى و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌ گرنگیى هاوبه‌شى و به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا كرده‌وه‌.

 

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز پێنس ستایشى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى كوردستانى كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆرى داعش ببوونه‌وه، هه‌روه‌ها پرسه‌ سه‌‌رخۆشى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ و قوربانیانى تیرۆر كرد‌ و جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاته‌كه‌ تێك بده‌ن.





ئەم هەواڵە 4495جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad