ZNA – هەولێر
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەمڕۆوە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە تاوەكو سێ ڕۆژ پڕۆسەی خۆ بەربژێر كردن بەردەوام دەبێت.
سێ ڕۆژ دوای پەسەند كردنی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، دەرگای خۆبەربژێرکردن دەکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بەربژێربکەن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەپێی یاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت بۆیە ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێردەکەن دەبێت سیڤییەکەیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بکەن".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان كۆ دەبێتەوە و دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستەکە دەكاتەوە. سێ رۆژ لەبەردەم ئەو کەسانەدایە کە دەیانەوێت خۆیان بەربژێر بکەن. دوای ئەوە دوو رۆژ لەبەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دایە کە ناوەکان رابگەیێنن و دواتر لەماوەی سێ رۆژ دا لایەنەکان دەتوانن تانەی خۆیان لە پرۆسەکە بدەن.
تاوەکو ئێستا تەنیا بەربژێر کە ناوی هەیە بۆ پۆستەکە و لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەربژێرکراوە و یەکێتی و گۆڕان و پارتی لەسەری رێککەوتوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتییە.
ئەم هەواڵە 3589جار خوێندراوەتەوە |