English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بێلاڕووسیا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌
2019-05-16 [08:48 AM]

ZNA-هەولێر


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌ندرێ سافینگ باڵیۆزی بێڵاڕووسیا له‌ عێراق، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی دژی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌وه، دۆخی ئێستای هه‌رێم، باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌رفه‌ت و بواره‌كانی هاوكاریی نێوان هه‌رێم و بێلاڕووسیا، پێشكه‌ش كرد.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16/5/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و به‌ڕێز فوئاد مامه‌ند حه‌مه‌د كونسولی فه‌خریی بێلاڕووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز سافینگ ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردان و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و خواستی وڵاتی خۆی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی، گه‌شتوگوزار، په‌روه‌رده‌ و فێركردنی پیشه‌ییدا كرده‌وه‌ و باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ژینگه‌ى له‌باری وه‌به‌رهێنان و سه‌قامگیریی ئاسایش هاوكارن بۆ هاتنی وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ بنیاتنانی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و ئاشتی و هه‌ماهه‌نگی، دووپات كرده‌وه.

تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دوا پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.





ئەم هەواڵە 4414جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad