English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌رده‌وامه‌
2019-05-26 [10:02 AM]

ZNA- ھەولێر


رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆناڵ"ی ئه‌مه‌ریكی، هه‌وڵی به‌رپرسانی ئه‌وروپی و عه‌ره‌ب بۆ نێوه‌ندگیری ئه‌مه‌ریكا و ئێران ئاشكرا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌نداو له‌ گرژییه‌كان بپارێزن.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا، له‌ زاری دیپلۆماتكاره‌ رۆژئاواییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ناردنی 1500 سه‌رباز و كه‌لوپه‌لی زیاتر بۆ كه‌نداو و فرۆشتنی چه‌ك به‌ بڕی ملیاران دۆلار به‌ سعوودیه‌ و ئیمارات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی "هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران"، به‌ڵام واشنتن و تاران له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌ ته‌قلیدییه‌كان گفتوگۆ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئێران مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ دانوستان و به‌ دیپلۆماتكاره‌ ئه‌وروپییه‌كانی راگه‌یاندووه‌، سه‌ره‌تا ده‌بێت واشنتن سزاكانی سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران كه‌م بكاته‌وه‌.

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكیش پێیوایه‌ ئازادكردنی ده‌ستگیركراوان كه‌شێكی له‌ بار دێنێته‌ ئاراوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و روونیشی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت كه‌شه‌كه‌ بگۆڕێت، پێویسته‌ ده‌ستگیركراوان ئازاد بكات.

له‌ باره‌ی نێوه‌ندگیری ئێستا، رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ به‌ جۆن ویڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانی له‌ عێراق ده‌كات، كه‌ وه‌كو "پردی" نێوان تاران و واشنتنه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ویڵكس كردووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق، كه‌ ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێرانیش به‌شداری تێدا كردووه‌.

ویڵكس له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ رێگه‌یه‌ك بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌موو گرژییه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ و نابێت كه‌شی پڕ له‌ گرژی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو به‌رده‌وام بێت.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، عێراق گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، كه‌ هه‌ردووكیان هاوپه‌یمانی گه‌وره‌ی به‌غدان، لای خۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش ئاشكرای كردووه‌، دوو شاندییان ره‌وانه‌ی واشنتن و تاران كردووه‌ و په‌یامی هه‌ردوولایان وه‌رگرتووه‌.

له‌ راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌ سه‌ردانێكی یوسف بن عه‌له‌وی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ی عه‌مان كراوه‌ بۆ تاران، پێشتریش سوڵتان قابوس بن سه‌عید، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامداوه‌.

وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ باسی كردووه‌، ئامانجی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌، ده‌ستپێكردنی دانوستان و گفتوگۆی نێوان واشنتن و تارانه‌.

دیپلۆماتكاره‌ رۆژئاواییه‌كان، ئاماژه‌ به‌ رۆڵی به‌ باڵیۆزخانه‌كانی سویسرا ده‌كه‌ن له‌ ریاز و تاران، كه‌هه‌وڵه‌كانییان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌ نێوان ئێران و سعوودیه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

واشنتنیش لای خۆیه‌وه‌ ریازی له‌ هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئێران ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی به‌رپرسانی سعوودیه‌ دوای بۆردومانكردنی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزیان ده‌كرد. 





ئەم هەواڵە 5929جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad