English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چەند قسەیەک دەربارەی یانەی بەرشلۆنە 
2019-05-27 [12:04 PM]

ZNA- ھەولێر 



ئەم وەرزەی یانەی بەرشلۆنە کۆتایی ھات ، بێگومان کۆتایەکەشی بەدڵی ھاندەرانی یانە کەتالۆنیەکە نەبوو ، ماوەی دوو وەرزە لەگەڵ ھاتنی راھێنەر ئەرنیستۆ ڤالڤێردی ھاندەران و چاودێران پێیان وایە کە ئاستی ھونەری یانەی بەرشلۆنە وەکو جاران نەماوە چونکە ئەو تاموچێژە نابەخشێت کە پێشتر یانەی بەرشلۆنە بە ھەوادارانی تۆپی پێی دەبەخشی لە یاری جوان و تیکی تاکا و بەدەستھێنانی نازناوەکان ، ھەندێکی بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونە پێیان وایە ئەو ئاستەی ئێستا بەرشلۆنە پێشکەشی دەکات تۆپی پێی واقعیانەیە کە شێوازی یاریکردنی ڤالڤێردیە ، ئەم واقعییەش دوو نازناوی خول و نازناوێکی جامی شای بەدەست ھێنا ، کە لەوانەیە لە زۆر یانەدا ئەوە دەسکەوتێکی گەورە بێت بەڵام لای ھاندەرانی بەرشلۆنە وانییە چونکە ساڵانە ھەموو نازناوەکانیان دەوێت .
با بگەڕینەوە سەر بەرشلۆنەی ئەم وەرزە ، لە خولی ئیسپانیا ، بەرشلۆنە نازناوەکەی مسۆگەر کرد بەڵام ئایا ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەش کرد ؟ لەوانەیە وەڵامەکە نیوە بە نیوە بێت لەھەمان کاتدا دابەزینی ئاستی ھەردوو رکابەرەکەی ریال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەرکی بەرشلۆنەی تا رادەیەک ئاسانکرد ، لەجامی شای ئیسپانیاش ئەرکی بەرشلۆنە ئاسان نەبوو ، باشترین یاریشی بەرامبەر ریال بوو لە قۆناغی پێش کۆتایی ، بەڵام بارودۆخی یاری کۆتایی جیاواز کە بە دۆڕاندنی نازناوەکە کۆتایی ھات بەرامبەر ڤالانسیا .
ھەموو شتێک بە باشی دەڕویشت لەم وەرزەدا تا ئەو کاتەی بەرشلۆنە کەوتە بەرامبەر لیڤەرپول لە چامپیۆنزلیگ ، یاریزانان ، راھێنەران ، ھاندەران ، بەرپرسانی یانەکە ھەموویان باسیان لە سێ کوچکەی نازناوەکان دەکرد ، ھەموو کاتیش لە تۆپی پێ ئەو بنەمایە زۆر راستە کەدەڵێت بردنەوە و سەرکەوتن ھەموو کەموکوڕیەکان دەشارێتەوە بەڵام یەک دۆڕاندن لەوانەیە ماندووبوونی یەک وەرز بەفیرۆبدات ئەوەش رێک لەگەڵ بەرشلۆنە روویدا ، لەھەردوو یاریەکەی لیڤەرپول بەرشلۆنە باش نەبوو ، راستە لەیاری یەکەم براوە بوو بەڵام ئاستی وەک پێویست نەبوو ، کارەساتەکەش لەیاری دووەم روویدا کە ھەموو کەموکوڕیەکانی بەدیارخست .
ئەوە بەدیارکەوت کە راھێنەر نەیتوانیووە لە دوو وەرز لەسەر یەک تیپەکەی بۆ یاری چارەنووس ساز ئامادەکات لە چامپیۆنزلیگ ، ئەوە بەدیار کەوت کەیاریزانەکان ترسیان لێنیشتبوو لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆ یاریگای ئۆلۆمپیکۆ لە رۆما ، دووبارەش بۆوە بەبەڵگەی لێدوانی خودی یاریزانانی بەرشلۆنە لەپێش ھەموویان میسی ، ئەوە بەدیارکەوت کە گرێبەستەکانی بەرشلۆنە وەک پێویست نییە بۆ پڕکردنەوەی شوێنە لاوازەکان بە تایبەتی ھێلی بەرگری ، لە یاری کۆتایی جامیش کەس شوێنی سوارێزی پڕنەکردەوە ، ئەوە بەدیارکەوت کەئەم تیپە لەسەر ئاست بەرزی میسی وەستاوە باشە ئەوە میسی نەما بەرشلۆنە بارودۆخی چۆن دەبێت ، ئەوە بەدیارکەوت کەئاستی ھەندێک یاریزان بەشێوەیەکی سەیر لە نیوەی دووەمی وەرز و لە یاریە گرنگەکان دابەزیوە وەک بۆسکێتس و راکیتیچ و کۆتینھۆ .
ئێستا ئەم وەرزە کۆتایی ھات دەبێ بەرشلۆنە چی بکات ، بێگومان پرۆژەی بەرشلۆنە بۆ وەرزی داھاتوو پێکھێنانی تیپێکی بەھێزە بۆ ئەوەی رکابەربێت لەسەر نازناوەکان ، ئەوەش پەیوەستە بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکھاتەی تیپەکە ، جگە لە میسی و تیریشتیگن و پیکێ و لینگلانت و ڤیدال کە ھاندەران لێیان رازین پێویستە بەرشلۆنە دەستبەرداری کۆمەڵێک یاریزان بێت و بە پارەی فرۆشتنی ئەوان کۆمەڵێک یاریزان بکڕێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنە لاوازەکان لەھەمان کاتدا ڤالڤێردی یان ئەوەی دێتە شوێنی سەیری قوتابخانەی لاماسیا بکات و یاریزان بۆ تیپی یەکەم رابکێشێت ، کەواتە بەرشلۆنەش پێویستی بە شۆڕشێکی گەورەی گۆڕانکاری ھەیە بۆ ئەوەی بەرشلۆنەکەی جارانی یاری جوان و تیکی تاکا بگەڕێتەوە و ئەو چێژە ببەخشێتە ھەوادارانی تۆپی پێی کەجاران ھەموو جیھان پێی سەرسام بوون ، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی تەکنیک و تەکتیک بۆ ئەوەی نوێبوونەوە لەتیپەکە ھەبێت بە پشت بەستن بە بنەماکانی راھێنەری کۆچکردوو یۆھان کرۆیف کە ئەم شێوازە یاریەی بۆ یانەی بەرشلۆنە داھێنا .


سالار جەلال 
 





ئەم هەواڵە 11557جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad