ZNA – هەولێر
لە سنوری پەروەردەكانی هەولێر چەند بڕوانامەیەكی ساختە و دەستكاریكردنی تەمەن ئاشكرا دەبێت و بەرپرسێكی باڵای پەروەردەش نهێنی و بەڵگەكان ئاشكرا دەكات.
بەشدارعەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە باسی راگەیاند: نوسرایان بۆ پەروەردەكان كردووە بۆ ئەوەی وردبینی بۆ بڕوانامەكان بكەن، دەشڵێت" ئەو وردبینی و لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەوەیە رێگری بكرێت لە ساختەكاری، بە تایبەت ئەوە ساختەكاریانەی كە لە رێگەی بەرێوەبەر و هەندێك كەس كراوە، لێكۆڵینەوەكەش بەردەوامی هەیە".
ئەو جەختیشی كردەوە: كاتێك ساختەكاری لە بڕوانامە و دۆسیەی هەر فەرمانبەر و مامۆستایەك ئاشكرا بێت كۆمەڵێك سزا هەیە پەیڕەو دەكرێت، دەشڵێت ، دەستكاری بڕوانامە كراوە بڕیاری سزادان و غەرامەكردنی دەركراوە، ئەو مووچە و دەرماڵەیەی پێشووتر بەهۆی ئەو بڕونامەیە وەری گرتووە لێی وەردەگیرێنەوە".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر گوتیشی:" جیاوازی مووچەی لێوەردەگیرێتەوە، پلەی وەزیفی دادەبەزێندرێت و سزای ئیداریش دەدرێت".
عەبدوالخالق روونیشی كردەوە: هەندێك كەیسی تر هەبووە دراونەتە دادگا، حاڵەت هەبووە مۆری پەروەردە ساختەكراوە و لەسەر بڕوانامە دراوە ، ئەو جۆرە كەسانە دراونەتە دادگا و ئەو جۆرە حاڵەتانەش هەیە و رێگری دەكەین نەبێتە دیاردە".
بەرپرسەكەی پەروەردە ساختەكاریەكی تریشی ئاشكراكردو گوتی: " فەرمانبەر و مامۆستا هەیە بە شێوەی ساختە دەستكاری تەمەنی خۆیان كردووە بۆ ئەوەی درەنگتر خانەنشین بكرێت ئەوانەمان ئاشكرا كردووە و لیژنەی لێكۆڵینەوەی زۆریش بۆ ئەو بابەتە پێكهاتووە".
ئەم هەواڵە 6484جار خوێندراوەتەوە |