English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی ده‌قی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بڵاوكرده‌وه‌
2019-06-02 [07:12 AM]

ZNA-هەولێر


پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌قی رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، دوابه‌دوای ئه‌و ھه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ له‌ رێكه‌وتی ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩ نواندی سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌نگنه‌دانیان له‌ ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ھه‌رێم و ھێنانه‌وه‌ی ھه‌ندێ بیانووی دور له‌ راستی سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كان و به‌تایبه‌تیش پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك به‌ دانانی پارێزگاریشه‌وه‌، كه‌ به‌ رێككه‌وتنێكی واژۆكراو دیاریكراوه‌ كه‌ ھه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ ھه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری.

به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌ ئیلتزامیان به‌و رێككه‌وتنه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزان ھه‌ڤاڵ نێچیرڤان بارزانی و كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ رێكه‌وتی ٤ی ٣ی ٢٠١٩ له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی ئیمزاكرا و، نه‌ به‌ كاته‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ھاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ پێكھێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی ھه‌رێم نه‌ك ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ھه‌رێم، نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات پێدانی ھه‌ردوو به‌ڕێزان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پارێزگای كه‌ركوك به‌ پارێزگاریشه‌وه‌ و نه‌ ئیلتیزامیشیان به‌ رێككه‌وتنی ھه‌ردوو به‌ڕێزان له‌سه‌ر كاك فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌ندامی پێشووی یه‌كێتی نیشتمانی و ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان، كرد.

بۆیه‌ بڕیارماندا ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ سیاسیه‌كه‌ی نێوانمان وپاشكۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌كو خۆی بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ و بیانكه‌ین به‌ حه‌كه‌م بۆ بڕیاردان كه‌ كام لایه‌ن له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ لایداوه‌..

رێككه‌وتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

له‌ روانگه‌ی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان، كه‌ به‌ خوێن و خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ هاتوونه‌ته‌دی, هه‌روه‌ها ئه‌زموونی درێژی خه‌بات و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ زیاتر بره‌وپێدانی ده‌ستكه‌وته‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی خوێنی شه‌هیدان و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ كوردستان و یه‌كریزی گه‌لی كوردستان و زامنكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان, هه‌ردوولا گه‌یشتینه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌.

يەكەم: هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌ یه‌كێتی خاكی نیشتیمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان, قه‌واره‌ سیاسی و ئیدارییه‌كه‌ی ده‌پارێزن و له‌ رووی دامه‌زراوه‌یی و حوكمڕانییه‌وه‌ به‌هێزی ده‌كه‌ین.

 -2 هه‌ردوولا له‌ به‌رێوه‌بردن و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاسایی و كارگێڕییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و كارا له‌ نێوانیان بونیات ده‌نێن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی شه‌رعیه‌ت دابن و پیاده‌كردنیان له‌ ئیراده‌ی گه‌ل و دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و یاساییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت.

-3 له‌ پێناو به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان, پێكه‌وه‌ هه‌ردوولا له‌ رێگای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ر بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، به‌ شێوه‌یه‌ك ببێته‌ مایه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تیان و باشتر رێكخستنه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ نیشتیمانییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

-4هه‌دوولا به‌ ته‌واوی توانایانه‌وه‌ پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و چه‌سپاندنی زیاتری شه‌فافیه‌ت و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی رۆڵی دامه‌زراوه‌كانی چاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا, هه‌ر هه‌نگاوێكیش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ پێویستی به‌ دانانی یاسا بێ, هه‌ردوولا وه‌كو یه‌ك تیم له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا كاری بۆ ده‌كه‌ن.

-5 هه‌ردوولا پاڵپشت ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و تێر و ته‌واوی ئه‌نجامدانی چالاكی ئیداری هه‌بێ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.

-6 أ - هه‌ردولا هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ماوه‌ی خوڵی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكرێت و خواسته‌ جیاوازه‌كان له‌ سه‌ر سیسته‌می سیاسی له‌ رێگای ده‌ستووره‌وه‌ به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكرێت. هاوكات هه‌ردوولا پاڵپشتی ئه‌وه‌ ده‌بن به‌ ره‌چاوكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازی مه‌ركه‌زی, له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تدا (لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری) له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان كاری پێ بكرێت.

-6ب- تا ئیقراری ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان, پڕۆژه‌ یاساكانی كه‌ ره‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌ به‌ سازان ئاماده‌ بكرێت, له‌وانه‌ش یاسای هه‌ڵبژاردن.

-7 هه‌ردوولا له‌ رێگای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوی هاوبه‌شیان ده‌بێ بۆ هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هه‌رێمی كوردستان, له‌ پاڵ نه‌وت و گاز, په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار به‌ ئه‌وله‌وییه‌ت وه‌رده‌گیردرێ, هاوكات رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می بانكی و كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی و دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌و دروستكردنی سندوقی خانه‌نشینی, ئامانجی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ده‌بێت.

-8 پارتی و یه‌كێتی كۆكن كه‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شه‌فافی سامانی ژێرزه‌وی و نه‌وت و گاز بخه‌نه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربچن كه‌ له‌ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستاندا هاتوون, هه‌روه‌ها په‌له‌ بكرێت له‌ دروستكردنی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌.

-9هه‌ردوولا له‌ سه‌ر ئاستی حكومه‌تی فیدراڵی هاوهه‌ڵوێست ده‌بن له‌ په‌یوه‌ندی به‌ مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بنه‌ماكانی سیسته‌می فیدراڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و پرسی نه‌وت وگاز و بودجه‌ی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی, ئه‌م هاوهه‌ڵوێستیه‌ له‌ رێگای دامه‌زراوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ره‌كانمان له‌ دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت, هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئامانجی هاوبه‌شی هه‌ردوولا ده‌بێت.

-10هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر هه‌رسێ ئاستی عێراق و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت, هاوكات هه‌ردوولا دیدگای هاوبه‌شیان ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ر و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان, ئه‌مه‌ش به‌ رێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تی هاوبه‌ش.

-11 هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌ رێزگرتنی ماف و ئازادی پێكهاته‌ ئه‌تنیكی و ئایینیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا.

-12هه‌ردوولا هاوهه‌ڵوێستن كه‌ تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان, له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سیاسه‌تی هاوپه‌یمانێتی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵتی بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی.

-13هه‌ردوولا هاوهه‌ڵوێستن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی ته‌واو بدات به‌ ره‌خساندنی هه‌لی كار و باشتركردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵك و پێشكێشكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر به‌ هاووڵاتیان و باشتركردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی ژنان و ژینگه‌پارێزی.

-14سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ماهه‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست ده‌بن له‌ په‌رله‌مان و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ كاری په‌رله‌مانی له‌ نێوان هه‌ردوو فراكسیۆنی یه‌كێتی و پارتی, هه‌ردوولاش كۆكن كه‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ لایه‌نی سێیه‌م پێكهاته‌كان بێت و به‌ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی ده‌ستنیشان بكرێت و دابنرێت.

-15هه‌ردوولا كۆكن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ رووی دارایی وداهات و خه‌رجیه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌, بۆیه‌ له‌ رێگای په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی یاسایی و موئه‌سه‌ساتیانه‌وه‌ بۆ ئه‌م بواره‌ بكرێت, به‌ شێوه‌یه‌ك ببێته‌ مایه‌ی چه‌سپاندنی زیاتری شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری و هاوسه‌نگی له‌ ئیداره‌دانی داهات و خه‌رجییه‌كان و سامانی گشتی وڵات.

-16 په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ رێگای دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن:

أ- له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوندییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و شاند و مه‌ڕاسیم و بۆنه‌ پڕۆتۆكۆلییه‌كان هاوسه‌نگی و به‌شداری هه‌ردوولا له‌ حكومه‌ت پارێزراو ده‌بێت.

ب- له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان رێكخستنه‌وه‌ی یاسایی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت, به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌زیری هه‌رێم بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ دیاری بكرێت.

-17هه‌ردوولا وه‌ك یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ره‌وشه‌ سه‌پێنڕاوه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی باڵای هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوولا پێكدێت بۆ پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و چه‌سپاندنی ئیستحقاقی كورد له‌م ناوچانه‌ ئامانجی هاوبه‌شه‌ هه‌ردوولا ده‌بێت, به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

أ- دیاریكردنی دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری عێراق به‌ سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئاستی كه‌ركوك و عێراق.

ب- دیاریكردنی دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی ناو كه‌ركووك.

ت- حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال كارده‌كات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم (جێناكۆكه‌كان), له‌ رووی سیاسی, ئیداری, سه‌ربازی و ئه‌منی.

ج- پڕۆسه‌ی دانانی پارێگاری كه‌ركووك له‌ پاشكۆی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ دیاریكراوه‌.

-18 پابه‌ندبوونی هه‌ردوولا به‌م رێككه‌وتنه‌ به‌ هه‌موو خاڵه‌كانیه‌وه‌ پاڵپشتی حوكمڕانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌ركی هاوبه‌شی هه‌ردوولایه‌ و پێكه‌وه‌بوون به‌رده‌وامبوونی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌پارێزی و بۆ جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوونی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكدێت و مانگانه‌ یان له‌ كاتی پێویست كۆده‌بنه‌وه‌.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان                             یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

4/3/2019                                                           4/3/2019

12322

 





ئەم هەواڵە 4969جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad