English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان راگەیندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە
2019-06-02 [10:30 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک – گەرمیان،  لەسەر رووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکووک ھاتە دەنگ و دەڵێت: "رووداوەکان بەڵگەی ھاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی کەرکووک و لێکەوتەکانی کاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەکان ھەیە".

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی ئاشکرایکردووە: "ئەو بۆشاییە ئەمنییە ڕووی لە زیادبوونە، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەکی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەکانی ڕەخساندووە تاوەکو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن".

ئەنجوومەنەکە پێی وایە، تاکە چارەسەر بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشەکە، گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە و دروستکردنی ھەماھەنگییە لە نێوا پێکھاتەکانی ناو کەرکووک.

دەقی راگەیندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان:

بەداخ و ئازارێکی زۆرەوە، چەند ھەفتەیەکە، زنجیرەیەک ھەواڵی ناخۆشمان دەربارەی پێشھاتی مەترسیدار لە ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک پێ دەگەن، لە سووتاندنی کێڵگە و ھەڕەشە و دەستدرێژیکردنە سەر جووتیارانی کورد و، ڕاگواستنی زۆرەملێی خێزانە کوردەکان لە گوندەکانی خۆیان، تا دەگاتە لێکەوتەکانی ئەو تەقینەوانەی کە گرینگترین گەڕەکەکانی کەرکووکیان گرتەوە.

ئێمە لەکاتێکدا ڕووی نزامان لە خوای گەورەیە لەم مانگی ڕەمەزانە و لە سەروبوندی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا و داوای لێ دەکەین باڵی ئارامی و سەقامگیری بەسەر ئەم شارە ئازیزەدا بکێشێت، سەرەخۆشی لە  خێزانی گشت قوربانییان دەکەین و، داوا لە خوای مەزن دەکەین کەرکووک لە پلانی کینەلەدڵان و مونافیقان بپارێزێت.

ئەم ڕووداوانەی دوایی ئەگەر ئاماژە بن بۆ شتێک، بێگومان بەڵگەی ھاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی کەرکووک و لێکەوتەکانی کاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەکان ھەیە. ھەروەھا ئاماژەی ڕوون و ئاشکران بۆ بەھێزیی پەیوەندیی برایانەی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک و، بۆ پەیوندیی کۆمەڵایەتیی ڕەسەن و دامەزراوی نێوانیان و، ئەم پێشھاتانەیش بەری ھەندێک ئەجیندان کە ھەوڵی بڵاوکردنەوەی گیانی دژایەتی و لەتبوون دەدەن و ھەوڵی بێئومێدن بۆ گەیشتن بە ھەندێ دەسکەوتی سیاسیی بەرتەسک.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ڕووی لە زیادبوونە، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەکی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەکانی ڕەخساندووە تاوەکو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن کە نیشانەی لاوازیی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و پاشەکشەی زۆریەتی.

ئێمە لە سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیاندا، ھۆشداریمان لەبارەی مەترسیی دۆخەکە دابوو و بۆ گشت لایەنەکان ڕوونمان کردبووەوە، چ لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت یان لە دیدارە جیاجیاکاندا، گوتومانە کە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و کۆتاییھێنان بەو دۆخە ناسروشتییەی پارێزگاکەی تێکەوتووە و بوونی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوکاری و ھاوئاھەنگییان لەگەڵ سوپای عێراق تەنیا ڕێگەیە بۆ ڕزگارکردنی شارەکە لە لێکەوتەی ئەمنیی مەترسیدار و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە ھەموو جۆر و شێوەکانیەوە.

داواکارین لە خوای گەورە شەھیدەکان بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و سەبووری بە خێزانەکانیان ببەخشێت و چاکبوونەوەی خێرا بە برینداران بدات.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان





ئەم هەواڵە 4282جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad