English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نا بۆ بندەستی
2019-06-07 [05:38 AM]

نووسینی: زکری موسا


ڕیفراندۆم پیرۆزییەكی ڕەهایە، چونكە دەنگی دلێری میللەتێكی داگیركراوە بۆ گەییشتن بەئازادی بە ئاشتیانەترین شێواز. ئەمە دەبێ پەرستش بكرێ، یادی بكرێتەوە، بخوێندرێت، ببێتە ئاكادیمیا و شیعر و وردی سەرزمان و بگوازرێتەوە بۆ نەوەكانمان. تەنیا دەنگێكە لە سەت ساڵی ڕابردوو ڕۆحی هاوبەشی میللەتی پێكەوەناوە. دەنگی ئیرادەی دەستەجەمعیی گەلی كوردستانە، ئیرادەی گەلیش هەرگیز هەلە ناكات.
چ شانازییەكی مەزنە بەرگریكاری ڕیفراندۆم بیت و ئازادیخواز. چەندە شوورەییە دەنگی ڕەوای گەلەكەت بە مەسخەرە و كەتن و سەقەت ناو بنێیت. ڕیفراندۆم بۆیە مەزنە چونكە ئێستایشی لەگەڵدا بێت زیڕەی خستۆتە ناو دڵی داگیركاران. بۆیە بەهایەكی ئەبەدییە چونكە نەیارەكانی ڕیفراندۆم خەڵكی ناسرووشتی و ئیفلیج و زاڵمن. یان داگیركارن یان نادیموكرات و داردەستی داگیركار. یان گەمژە و ڕقاویین یانیش (البندقیە للایجار)1ـن.
زۆر دەڵێن بارودۆخی ئێستای كوردستان و داگیربوونەوەی نیوەی كوردستان لە ئەستۆی ڕیفراندۆمە. گریمان ئەوە وایە بەڵام ئایا دڕبوونی داگیركار و پەلاماردانی بۆ سەر كوردستان، بیانوویە بۆ ئەوەی لە دەنگی ڕەوای گەل پاشەكشە بكەین و سەركۆنەی خۆمان بكەین؟ كە دوژمن دوژمنایەتیت دەكات و خاكت دەدزێ ئایا دەبێ بەڕووی دوژمن بوەستینەوە یان ببین بە جاش و جنێو بە ئازادیخوازان بدەین؟ لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا دۆخی دوای ڕیفراندۆم بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە نەبووە. پیلانی لاوازكردن و تەحجیمكردنی كوردستان زۆر لە پێش ڕیفراندۆمەوە داڕێژرابوو و ڕیفراندۆم ئەو پیلانەی خێراتر كرد و دەمامكی هەموو لایەك زووتر كەوت.
ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی دەڤەری شنگال و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش بە تەنیا شكاندنی داعش نەبوو، بنیاتنانی خاك و نەتەوە و سنوور و بنەماكانی سەروەری بوو. سەرۆك ئەم شاكارەی كرد بۆیە ڕقیان لێ هەڵگرت، یەكەم جار بوو لە مێژووی تازەدا كوردستان بەپێی پلانی ڕێكخستووی سیاسی و سەربازی خاكی خۆی لە دوژمنێكی دڕندە سەندەوە. هەر لە ڕۆژی ئازادبوونی شنگال داگیركاران ژووری تایبەتی دژایەتیكردنی كوردیان دانا. دەستوپێی و جاشەكانیان لەناو كورد خستەوە كار. نەیانهێشت خەڵك بۆ شنگال بگەڕێتەوە. پلانی ئیداریی ئازادكردنی موسڵیان پشتگوێ خست. گرتنی حەوێجەیان دوا خست بۆ ئەوەی هێزی كەڵەكەكراویان بۆ گرتنی كەركووك هەبێت. قەرارگا و سەردارەكان لەناو تەنزیم لاواز و بێ قەزییە كوردییەكان كەوتنەخۆ بۆ زەربەلێدان لە كوردستان. سەرۆك هەموو ئەمانەی دەزانی كە لەدوای داعش پیلانی لەناوبردنی كوردستان هەیە بۆیە وا پێداگیریش بوو لەسەر ڕیفراندۆم.
بەر لە ڕیفراندۆم پیلانی گرتنی عەفرینیش هەبوو. داگیركارن ویستیان كەركووك كە سەرچاوەی سامانە و عەفرین كە كۆریدۆری ستراتیژیی كوردستانە بۆ ئاوەكان لە كورد بستێنن و ئەو كارەیشیان كرد. خۆ لە عەفرین ڕیفراندۆم نەكرابوو..خۆ ڕیفراندۆم نەكرابوو كە بوودجەی هەرێم بڕدرا. لە كاتی ئەنفال و كیمیاباراندا كەس باسی ڕیفراندۆمی نەكردبوو. لە ڕۆژهەڵات كە گەنجی كورد لە سێدارە دەدرێت كێ ڕیفراندۆمی كردووە؟
با كەس خۆی گێل نەكات، ئەوەی لەنێوان كورد و داگیركران دەگوزەرێت دۆزێكی سەت ساڵەی ململانێی نێوان داگیركار و داگیركراوە. شەڕی ئەبەددیە لەنێوان ئازادیخوازی و بندەستی، كولتووری جاشایەتی و پێشمەرگەبوون. شەڕە لەنێوان تاریكی و ڕووناكی، لەنێوان جوانی و قێزەوەنیدا، لەنێوان خۆر و جەهلدا، لەنێوان بوێری و ترسنۆكیدا.. لەنێوان نان و ئازادی.. هەر چەندە دوژمن نانی سەرشۆڕیشمان پێ ڕەوا نابینێت.
لەنێو دەنگی ستەمكاری داگیركار و قەڵەمی نووسەرە مورتەزەقەكانی دژ بە ئازادی و خۆبەكەمزانینی سیاسیە كوردەكان، دەنگێك هەیە زۆر زوڵاڵ و بەرز كە دەگاتە كەشكەڵانی فەلەك، ئەویش دەنگی سەركەوتوو و پیرۆزی (بەڵێ)ـی 
گەلی كوردستانە.. سوپاس سەرۆك بارزانی كە بەڕووی ڕەشەبا و زریاندا وەستای بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بڵێین نا بۆ بندەستی.
1. البندقیە للایجار: تفەنگ بۆ كرێ، چەكدارێك كە بۆ پارە شەڕ دەكات و هیچ ئامانج و قەزییەكیشی نییە.





ئەم هەواڵە 1909جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad