English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەهیم عومەر منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکاتە پاڵەوانی فیلمە نوێیەکەی
دیمەنێک لە کورتەفیلمی میسیی بەغدا
2019-06-17 [06:45 AM]

 هەولێر - ZNA 


دەرهێنەری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، بۆ فیلمە نوێیەکەی بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت، پاڵەوانەکەش دەبێت منداڵ بێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.

بڕیارە ئەو دەرهێنەرە کوردە کورتەفیلمی "میسیی بەغدا" وەک فلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێنێت کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و تەنها قاچێکی هەیە.



مەرجە ئەو منداڵەی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، تەمەنی لە نێوان ٩ بۆ ١٢ ساڵ بێت و زمانی عەرەبی –شێوەزاری عێراقی- بە باشی بزانێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت و تەنها یەک قاچی هەبێت.
 


"میسیی بەغدا" کورتەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە، لە دوای وەرگرتنی 60 خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانی لەلایەن بەلجیکاوە دابینکراوە.



ئەم بەرهەمە لە ساڵی 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا و یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی 
ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.



فیلمەکە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە و لە ئێرانیش قاچێکی 
دەستکردی بۆ دروستکرا.



لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "میسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بەم دواییە بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.



دەرهێنەری فیلم لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەن و بڕیارە لە دەستپێکی هاوینی ئەمساڵدا، لە بەلجیکاوە سەردانی باشووری کوردستان بکەن، بۆ دیاریکردنی لۆکەیشن و بەشێک لە ستافی فیلم و ئەکتەرەکان.


بڕیارە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات و سیناریۆی کورتەفیلمەکە درێژکراوەتەوە و ئەکتەری نوێ رۆڵی تێدا دەگێڕن.



"میسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.



ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" کە نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.



ئەو دەرهێنەرە کوردە کە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "میسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر لە سەد خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم و ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی 
سینەماییەوە. 

 





ئەم هەواڵە 7120جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad