English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی : کوردستان دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە پتەوتر بکات
2019-06-22 [05:07 AM]

ZNA- ھەولێر 




نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی سەردانەکانی بۆ بەغدا و ئیستەنبووڵ ئاشکرادەکات و دەڵێت، کوردستان دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە پتەوتر بکات و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات. 

دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتی حکومەتی عێراق لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ جەیھان ھەناردەبکات، ھەروەھا کوردستان ھیچ کێشەیەکی لەسەر ئەوە نییە رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، بەڵام ئەو پرسە پێویستی بە دانوستاندنە.

رۆژی پێنجشەممە ٢٠-٦-٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. رۆژی دواتر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. 

لە ھەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی کە رۆژی ھەینی ٢١-٦-٢٠١٩ سازکراوە، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیستەنبووڵ دەڵێت "سەردانەکەی ئێمە بۆ ئیستەنبووڵ سەردانێکی گرنگ بوو، دوای ئەوەی ئەو ئەرکە نوێیەم وەرگرت وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوە دەبێتە یەکەم سەردانمان بۆ دەرەوە. زۆر خۆشحاڵبووم ئەمڕۆ بە بینینی جەنابی سەرۆککۆمار (رەجەب) تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا زیاتر باس لە چۆنێتی فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ھەروەھا ھەموو عێراق بەگشتی لەگەڵ تورکیا کرا. لەو بارەوە گفتوگۆی دوورودرێژمان کرد. ئەو شتانەی جێگەی گرنگی ھەردوو لایەنمانە باسمان لێوەکردن". 

سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "لەو باوەڕەدام و بە تێڕوانینی من قۆناخێکی زۆر نوێ لە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و تورکیا و عێراق بەگشتی لەگەڵ تورکیا دەستپێدەکات. لەو باوەڕەدام جەنابی سەرۆککۆماریش لە دواڕۆژدا سەردانی عێراق بکات و ئەو سەردانە گرنگ دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا پەیوەندی مێژوویین. تورکیا لە ھەموو قۆناخە سەختەکاندا بۆ میللەتەکەمان ھاوکار بووە و بۆ دۆخی ئێمە ھاوکار بووە. دیسان لەو کۆبوونەوەیەدا دووپاتمانکردەوە و سوپاسی خۆمان بۆ جەنابی سەرۆککۆمار و بۆ وڵاتی تورکیا دووپاتکردەوە، کە لە دۆخی ناخۆش و زەحمەدا ھەمیشە بۆ باردوۆخی ھەرێمی کوردستان ھاوکاربوون".

قۆناخی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا

نێچیرڤان بارزانی باسی قۆناخی نوێی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدای کردووە و رایگەیاندووە "ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەغداش جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەگەڵ پێش ئێستا. سوپاس بۆ خودا پەیوندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی باشن. لەو باوەڕەدام ئەو دەرفەتە ھەیە". 

ھەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەخت لە ھەوڵدان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا دەکاتەوە و دەڵێت "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا بەشێوەیەکی گشتی لە سنووری ١٣ ملیار دۆلاردایە. لەو کۆبوونەوەشماندا ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆککۆمار باسی ئەوەکرا و ھیوای ھەردوو لایەنمان ئەوەیە ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە (کە ئێستا لە سنووری ١٣ ملیار دۆلارە) زیاتر ببێت و بگاتە ئاستێک جێگەی رەزامەندی ھەردوو لایەن بێت. چ وەکو عێراق و چ وەکو تورکیاش، ئەو ھەنگاوە پێویستیانەی چۆن ئەو کارە ئەنجامبدەین؟ لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار ئەو بابەتەمان بەدرێژیی باسکرد. بینیمان جەنابی سەرۆککۆمار گرنگی زۆر بەو بابەتە دەدات، حەزدەکات و پێیخۆشە ئەو بابەتە بەزووترین کات لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپێشەوەبچێت".

"دەمانەوێ جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت"

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "پێویستە ئەو بابەتە بەشێوەیەکی جددی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئەنقەرە و بەغدا باسبکرێت. ئەو رێگەیەی ئێستا ھەیە، ئێمە زۆر زیاتر لە ھەردوولادا زۆر پردمان بونتاتناوە. تونێلێکی زۆر باشمان دروستکردووە کە لەلایەن کۆمپانیای لیماکی تورکییەوە جێبەجێکراوە. ئەو شتانەمان بۆ چی کردووە؟ بۆ ئەوەی ئەو کارئاسانی و جوڵەی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر ببێت. ھەر ھەنگاوێک پێویست بێت بۆئەوەی ئێمە جوڵەی بازرگانی لەنێوان ھەردوو لایەندا زیاتر بکەین وەکو ھەرێمی کوردستان ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەو بارەوە نییە. پێویستە کۆبوونەوە و دانیشت ھەبێت. وەکو پرەنسیپ و مەبدەئـ ، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەر ھەنگاوێک بنێت ئەگەر پێویست بێت بۆ زیادکردنی جوڵەی بازرگانی لەنێوان ھەردوو لایەندا".

کوردستان ئامادەیە نەوتی حکومەتی عێراق ھەناردەبکات

لەبارەی بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە نەوت ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکات، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئەو بابەتە بۆ ھەردوو لایەن بابەتێکی گرنگە. ئێستا ئێمە بۆری نەوتمان ھەیە بۆ بەندەری جیھان، ئێمە ئامادەین و ئەو شتەمان لەگەڵ بەغداش باسکردووە. ئێمە ئامادەین ھاوکاربین ئەگەر بەغدا بیەوێت زیاتر لەو بەشە ھەناردەبکات یان ئەگەر خودا نەکات ھەر کێشەیەک لە باشووریش رووبدات، لە ھەرێمی کوردستاندا ئێمە ئامادەین بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری بەغدا بکەین بۆ ھەناردەکردنی ئەو نەوتەی ئەوان ھەیانە، لە کەرکووک یان لە ھەر جێگەیەکی عێراق کە بیانەوێت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی کوردستانەوە ھەناردەی بکەن. ئێمە لە ئایندە و دواڕۆژیشدا نیازمانوایە ئەو بۆریەی ئێستا زیاتریش بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە نەوتی زیاتر لەو بۆریە بۆ دەرەوە بنێرین".

رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "وەکو مەبدەئـ ئێمە ھیچ کێشەمان لەسەر ئەوە نییە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بدەینە بەغدا، پێش ئەوەی ئەو شتە رووبدات پێویستە دانیشتن ھەبێت. دوێنێ من لە بەغدا بووم. بەدرێژیی ئەو بابەتەم لەگەڵ جەبانی سەرۆکوەزیران باسکرد. ئەو بابەتە پێویستە باسی لێوەبکرێت. مەسەلەکە ھەر ئەوە نییە ئێمە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستبکەین. ئەوە پرسێکی یاسایی ھەیە، کە لە ئەنجامی بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٤دا گەلێک قەرز لەسەر ھەرێمی کوردستان کەڵەکە بووە. پێویستە ئێمە ئەوانە ھەمووی باسبکەین. کاتێک باسمانکرد، بگەینە چارەسەرێک کە ھەم بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەمیش بۆ بەغدا جێگەی رەزامەندی بێت. لە ئەنجامی ھەردوولایەندا پێویستە ئەوە گرنگ بێت چۆن ئەو بابەتە چارەسەر بکەین. حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستان ئامادەیە لەو بارەوە ھاوکارییەکی تەواوی بەغدا بکات و بگاتە ئەنجامێکی ھاوبەش لەگەڵ بەغدا، کە جێگەی رەزامەندی ھەردوو لایەن بێت".

شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیای کردووە و دەڵێت "کاتێک باس لە کێشەکان دەکەین دروستە باس لە ھۆکاری کێشەکان بکەین. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی یان ئەو شتەی ئەنجامدەدرێت لە ناوچەی کوردستانی عێراقدا بوونی پەکەکەیە. وەکو پرەنسیپ ئێمە لەدژی ئەوەین خاکی ھەرێمی کوردستان دژی ھیچ وڵاتێکی دراوسێمان بەکاربھێنرێت، نەخاسمە تورکیا. وەک بۆ جەنابتان باسمکرد تورکیا لە بارودۆخی زۆر ناخۆشدا ھاوکاری ئێمەی کردووە، ھاوکاری ھەرێمی کوردستانی کردووە. ئەگەر بڕوانینە ئەو دەستکەوتانەش، بەداخەوە رەنگە بەشێوەیەکی دیکە باسدەکرێت، ئەمما دەستکەوتی زۆر باشیش لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانە دروستبوون، کە لەنێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستاندایە. ئەو بابەتەی بوونی پەکەکە یان ھەر گرووپێکی چەکدار، کە بیەوێت کێشە بۆ دراوسێکانمان دروستبکات لەلایە ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بابەتە بە بڕیاری قەتعی قەبوڵناکرێت. ئەو سیاسەتە پێشتریش ھەمانبووە و ئەو سیاسەتەشمان لەو بارەوە بەردەوام دەبێت". 

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "ئێستا بابەتی مانەوەی ئەو چەکدارانە بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نزیکەی ٥٠٠ گوندی ھەرێمی کوردستان بونیاتنەنراونەتەوە و خەڵک ناتوانێت بچێتەوە سەر گوندەکانی خۆی. ئەوە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، ھیوای ئێمە ئەوەیە ئەو لایەنە چەکداریانە ھەر لایەنێک بێت لەو بابەتە تێبگات و والێنەکات کوردستان و عێراق ببێتە جێگەیەکی نائامن. چونکە سیاسەتی ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکە کە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھەموو دراوسێکانمان بەخۆشی بێت و بەباشی بێت".

"ھیواخوازین شەڕ روونەدات"

لەبارەی ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئێمە ھیواخوازین شەڕ روونەدات. لەو بارەوە لەگەڵ بەغدا ھاماھەنگیەکی تەواومان ھەیە و سیاسەتی ئێمە ئەوەیە عێراق نەبێتە گۆڕەپانێکی دروستکردنی کێشە لەنێوان ھیچ لایەکدا. ھیوامان ئەوەیە عێراق بەشێوەیەکی گشتی و کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق ئێمە بپارێزین لە ھەر شەڕ و ھەر کێشەیەکدا".


ی.ا
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 2674جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad