English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئافرەتە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش کرد
2019-06-24 [11:46 AM]

ZNA- هەولێر


ڕۆژی دووشەممە ٢٤ـی٦ـی٢٠١٩ لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کچ و ژنانی ڕزگارکراو لە دەست تیرۆریستانی داعش كۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا هەریەک لە سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و بەڕێوەبەری کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی رفێنڕاوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك، کورتەیەکیان لەسەر هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی لەدەست تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی ئێستای ژیانی ئەو ڕزگارکراوانە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانێکی ئاسایی، خستەڕوو.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کران، لە کۆی ٦٤١٧ کەس کە لەسەرەتای پەلاماری تیرۆریستان بۆسەر دەڤەری شنگال کەوتبوونە دەست داعش، ٣٤٧٦ کەسیان ڕزگار کراون و تائێستاش ٢٩٤١ کەس بێسەروشوێنن. هەروەها ئەوەش خرایەڕوو کە دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و ئازادکردنی ئێزدییەکانی دەستی داعش دامەزراند، لەکۆی ٣٥٤٨ کچ و ژنی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستا تواندراوە ١١٨٤ کەسیان ڕزگار بکرێن و هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەوانەی تر بەردەوامە و باسی تەواوی ئەو ئاستەنگانەش کرا کە دێتەڕێیان.
 
هەر لە دیدارەکەدا، هەندێ لە کچ و ژنانی ڕزگارکراوی دەستی داعش باسی ئەو نەهامەتی و ئازارانەیان کرد کە لەماوەی مانەوەیان لەدەست تیرۆریستان تووشیان بووە و وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە و لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئازار دراون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کچ و ژنانی ڕزگارکراوی دەستی داعش، ڕایگەیاند: ئەوەی بەسەر خوشک و برایانی ئێزدیدا هات درێژەی ئەو کارەساتانەبوو کە پێشتر بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، لە ئەنفال و زیندەبەگۆڕکردنی ١٨٢ هەزار ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەنجی گەلەکەمان و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان و بێسەروشوێنکردنی ١٢ هەزار گەنجی فەیلی و ٨ هەزار بارزانی و دەیان هەوڵی دیکە بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان، ئەو کارەساتەی بەسەر ئێوەش هات تەواوی برینەکانی پێشووی جەستەی گەلەکەمانی هێنایەوە ژان.
 
سەرۆک بازانی هەروەها رایگەیاند: زۆر باش لە ئازار و مەینەتییەکانی ئێوە تێدەگەم و جارێکی دیکەش تەئکید دەکەمەوە ئێوە هێمای شەرەفی گەلەکەمان و ئازیزی ئێمەن. هەروەها تەئکیدی کردەوە: تیرۆریستان بەو ڕەفتارە نامەردانەیان بەرانبەر ئێوە هەم دڕندەیی خۆیان پێشان دا و هەم مەزڵومییەتی ئێوەیان سەلماند، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵ و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان زۆر مەردانە تۆڵەی ئێوە کرایەوە و تیرۆریستان تێکشکان و کەوتنە ژێرپێی ئێوە.
 
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە لە ڕێگای پارلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمەوە هەوڵ دەدەین هەرچی پێویستە بۆ ئێوە بکرێت تا ژیانێکی ئاسایی بژین.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دۆخی ئێستای شنگال نابێ وا بمێنێتەوە و پێویستە ئیدارەی شنگال لەدەستی خەڵکی شنگالدا بێت و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان





ئەم هەواڵە 2545جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad