ZNA – هەولێر
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە میانەی ئۆپەراسیۆنێكدا لە کەرکووک ١٤ چەكداری داعشیان كوشتووە و بەرپرسێكی باڵای ئەو رێكخراوەیان دەستگیر كردووە.
دەزگای دژە تیرۆری سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزە عێراقییەکان بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر پاشماوەکانی داعش لە باشووری کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، ١٤ چەكداری داعش کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە شانەی رایگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە بەرپرسێكی گەورەی داعش لە گەڕەکی وەحدە ناوەڕاستی کەرکووک لە لایەن ھێزەکانی دژە تیرۆرەوە دەستگیرکراوە.
ئەم هەواڵە 9697جار خوێندراوەتەوە |