English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هۆکاری نەخۆشیەکانی چاو
2019-06-30 [10:38 AM]

هەولێر _ ZNA


بەمەبەستی باسکردن لە نەخۆشییەکانی چاو چارەسەرەکانی، ڕادیۆی خەندان چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتۆر شەماڵ عەبدول بارام دەکات لەبەرنامەی خەندان کلینیک، کە پەرچەم قەرەداغی ئامادەی دەکات و کۆچەر عەزیز پێشکەشی دەکات.

*ئەو نەخۆشیانە چین کە تووشی چاو دەبن؟
- هەوکردنى چاو یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە تووشی چاو دەبێت و باوە، کە بەهۆی هەوکردنی پێڵووەکانەوە یان هۆکاری چاوەکەیە یان ئازاری ناو چاوەکەیە، یان بەهۆی ماندوو بوونەوە یان کەم وکوڕییەک کە لە بینینی چاودا هەبێت.

*ئەو نەخۆشییە باوانە چین کەلە ئێستادا تووشی چاو دەبن؟
-بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە شێوەیەکى بەردەوام و مانەوەی هاوڵاتیان بەدیارییەوە بۆ ماوەیەکى زۆر، لە ئێستادا هەوکردنی چاو زۆر بڵاوە لە ناو هاوڵاتیاندا.
 

* ئاوی سپی چییە ؟
-ئاوی سپی بریتییە لەلێڵ بوونی هاوێنەی چاو کەدەکەوێتە پشت بیلبیلەی چاوەوە و رووناکی کۆدەکاتەوە، تەرکیز دەکاتە سەر تۆڕی چاوەکە، کەسەکە لەرۆژدا بینینی باش نابێت و لەشەودا شتەکان پەرش و بڵاودەبێتەوە لەبەرچاوی چەند وێنەیەکی شتەکان دەبینێت لەیەک کاتدا .


* ئاوی ڕەش چییە ؟
- پەستانى چاوە کە ڕێژەکەى لە 2-9 ئاساییە، لەبەیانیاندا کەمێک بەرز دەبێتەوە و لە ئێوارانیشدا نزم دەبێتەوە، ئەو ئاوەی کە لەناو چاودا دروست دەبێت شوێنێک لەناو چاودا هەیە دەی پاڵێوێت، کاتێک ئەو ئاوە زۆر بێت، ئەو پاڵێوەرانە دەگیرێت و تەسک دەبێتەوە یان تووشی هەوکردن دەبێت و ئەوکاتە، ڕێژەکەی بەرزدەبێتەوە و کۆنترٶڵ ناکرێت، ئەگەر لە 20 پلە بەرزترببێتەوە کاریگەری دەخاتە سەر دەمارەکانی چاو لاوازیان دەکات و دەبێتە هۆی مردنیان، لەلەشی مرۆڤدا و تائێستا نەتوانراوە چارەسەری تەواوەتی بۆ ئاوى ڕەش بۆ بدۆزرێتەوە.

* هۆکاری دروستبوونی ئاوی ڕەش و سپی چییە لە چاوی مرۆڤدا؟

-تەمەن هۆکارێکى سەرەکیە بۆ دروست بوونى ئاوى ڕەش و سپی، لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنى مرۆڤەکاندا نەخۆشییەکانى چاویش زۆرتر دەبن، هاوکات بەکارهێنانى هەندێک جۆری دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی، بۆماوەش  ڕۆلێکى گرنگ دەبینێ لە نەخۆشیەکانى چاو.
 

* چارەسەری ئاوی سپی و ئاوى ڕەش چیە؟

- لەڕابردوودا تاچاوی کەسەکە زۆرکز نەبوایە نەدەتوانرا چارەسەری بۆ بکرێت و دواتریش بە نەشتەرگەری چارەسەری بۆ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە بەئاسانی لەڕێگەی پزیشکی بەتەقەڵ و برینێکی بچووکەوە زووتر چارەسەر دەکرێت ئەمە ئەگەر کەسێک جاوی ئاوی سپی هەبێت.

بەڵام ئاوی ڕەش ناتوانین چارەسەری بکەین تەنها دەتوانین رێگەی لە زیادبوونی بگرین ئەویش بەبەکارهێنانی دلۆپێنەری چاو، ئەو جۆرانەی کەتایبەتن بە دابەزێنەری پەستانی چاو، یان هەندێکی هەیە بەدەرمان کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لەهەندێ جۆریشدا و پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری بۆ چاوى نەخۆشەکە تا ڕێگا لەزیادبوونى بگیرێت.

* خێڵی چاو چییە؟

- سوڕانی گلێنەی چاو یان ڕەنگێنەی چاوە، هاوتا یان بۆ دەرەوە یان بۆ ناوەوە، زۆرێک لەمنداڵان لە کاتی لەدایکبوونیدا بەهۆی بەرکەوتنی چاوی  بە شتێک دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەی چاو، یان زۆربەی منداڵان کە تووشی ئەو حاڵەتە دەبنەوە، بەهۆی ناهاوتای پلەی چاوەکانییەوە کەچاوێکیان پلەیەکی بەرزترە لەچاوێکی تریان، بەڵام دەتوانرێت بە بەکارهێنانی چاویلکە یان بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت، بەتایبەت ئەگەر لەتەمەنی منداڵییەوە خێلییەکەى دەست نیشان بکرێت و هەستی پێبکرێت.

*تەکاندنی چاو لەلایەن بەشێک لەهاوڵاتیانەوە کە دەڵێن چاویان بەردی تێدایە  هیچ بنەمایەکی زانستی هەیە ئایا دروستە؟

* تەکاندنى چاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە هیچ بنەمایەکى زانستى نییە و ئەوە تەنها وەهمێکە، دروستبوونی ئەو بەردە لەپێڵوی چاوەکاندا دەگەڕێتە بۆ ڕژێنە چەورییەکان کە بەرەو ڕەق بوون دەچێت، بەلێکخشاندنی پێڵوی چاو لەگەڵ چاوەکەدا زیاتر دێتە پێشەوە و چاوەکە قورس دەبێت، کەئەوەش دەتوانرێت بە نەشتەرگەری بچووک لاببرێت.
 

* دووربینی و نزیک بینی چییە؟

- دووربینی ئەوکەسە دەتوانێت لە دورەوە شتەکان ببینێت و شتەکان دەکەونە پشت تۆڕی چاوی کەسەکەوە، بەڵام نزیک بینى لە نزیکەوە شتەکان دەبینێت، جێگیربوونی وێنەکان دەکەونە بەشی پێشەوەی چاو، ئەمە لە منداڵاندا زۆر بوونی هەیە، دەتوانرێت بەبەکارهێنانی چاویلکە ئەم دووجۆرى نەخۆشیە لە چاودا ڕێگاى لێبگیرێت.
 

*چاویلکەی پزیشکی چۆن جیا دەکرێتەوە لە چاویلکەی ئاسایی؟

- چاویلکەی پزیشکی دەرەجەی هەیە، پزیشک یان چاویلکەساز بۆ نەخۆش دەینوسێت، بۆ راستکردنەوەی چاوی نەخۆشە، بەڵام چاویلکەی ئاسایی هیچ  پلەیەکی نییە و هاوڵاتیان دەتوانن لە دوکانەکان بیکڕن، جۆرێکی تریش  لەچاویلکە هەیە و بەکاردێت  بۆ پاراستنى چاو لەتیشکی سەروو وەنەوشەیی بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەحیم دەکەن دەبێت ئەو جۆرە چاویلکانە بەکاربهێنن.

* گۆڕانی کەشوهەوای وەرزەکان کاریگەری هەیە لەسەر چاو ؟
-هەموو وەرزەکانی ساڵ کەریگەرییان هەیە لەسەر چاو هەیە بەتایبەت وەرزی  هاوین و زستان، بەهۆی پێکهاتەی شوێنی چاو و توێکاریەکەی و ئەو مولولە خوێنانەی لەناویدان، گۆڕانى کەشوهەوا کاریگەری دەکاتە سەر چاو بۆیە پێویستە ئاگاداری بین بە وریاییەوە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا.
 

*بەکار هێنانی لێزەر تاچەند سوودی هەیە بۆ چاو یان زیان بەچاو دەگەیەنێت؟

-بەکارهێنانى لێزەر بۆ ئەو کەسانەیە کە حەزناکەن چاویلکە بەکاربهێنن، هەربۆیە ئەو کاتە لێزەریان بۆ بەکاردەهێننرێت، ئەوەش دوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێک تابزانرێت لێزەر گونجاوە بۆ بەکارهێنانى چاوى ئەو کەسەیە، پاشان بۆی بەکاردەهێنرێت.

*هاوێنەی جوانکاری تاچەندی زیانی بۆ چاو هەیە ؟
-بەکار هێنانی جوانکاری لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە گشتی و خانمان بەتایبەتی کە زۆر بەکاری دەهێنن زیانی هەیە بۆ چاو، زۆرکات بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی زۆر برین دروست دەکات.

ئێمە وەک پزیشک هەرگیز پێمان باش نییە هاوڵاتیان  هاوێنەی جوانکاری بەکار بهێنن، چونکە ئاو هەوای کوردستان گونجاو نیە، بەڵام ئەگەر بەکاریشیان هێنا دەبێت بۆ ماوەیەکی کورت لە4 ٤ کاتژمێر زیاتر نەبێت و لە کەش و هەوای گونجاودا بەکار بهێنرێت، چونکە ئەگەر لەو ماوەیە زۆرتر بێت، دەبێتە هۆی دروست بوونی ئازارو کێشە بۆ چاوەکە دروست دەکات، تەنانەت زۆرجاریش دەبێتە هۆی لەدەستدانی چاوی کەسەکە، دەبێت گلێنەی چاوی بۆ بگۆڕدرێت.

 
* گیرانی بۆری فرمێسک چییە؟

- کۆمەڵێک بۆری هەیە لە لەشدا لەوانەش چاو کە خۆی دەکرێتەوە، بەڵام لە چاودا هەندێک جار و لە هەندێک کەسدا درەنگتر دەکرێتەوە و یان بەپێی ئەو شێوە چاڵەی کە چاوی کەسەکە کەتیایەتی دەگۆڕێت، ئەمەش لە منداڵاندا زۆرتر باوە و دەتوانرێت بەبەکارهێنانی مەساج لەلایەن دایک و باوکیانەوە چارەسەر بکرێت بەو شێوەیەی کەپزیشکەکە پێیان دەڵێت.
 

* لە منداڵاندا گیرانی بۆری فرمێسک بوونی هەیە؟خێزانەکان چۆن هەست بەوە بکەن کە منداڵەکانیان بۆری فرمێسکی چاویان گیراوە؟

-دایکان کە زۆرترین کات مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەکەن دەبێت ئاگاداری ئەوە بن، کاتێک منداڵەکانیان چاو سورربوونەوە یاخود هەوکردن یان ئاوێکی زۆر لە چاوی منداڵەکانیان هاتە خوارەوە یان بڕێکی زۆر ڕیپۆقی کرد، ئەوا بێگومان چاوی منداڵەکانیان کێشەیەکی هەیە، ئەگەری زۆریشی هەیە کە ئەوە گیرانی بۆری فرمێسک بێت لە چاوی منداڵەکەدا، بۆیە دەبێت بە زوترین کات ببیبەنە لای پزیشکی تایبەتی چاو.
 

* ڕێنمای تۆ وەک پزیشکێک بۆهاوڵاتیان چیە، تاچاوەکانیان لە نەخۆشی بەدووربن بەتایبەتی دایکان و باوکان؟

- داوا لەهاوڵاتیان دەکەین بەتایبەت دایک و باوکان ئاگاداری مندالەکانیان بن نەهێڵن کە زۆر تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەو کەسانەی کە بەردەوام کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن دەبێت لە 20 خولەکدا 20 چرکەدا هەستن لەسەر کارەکانیان و بۆ شوێنی دوور بڕوانن، یان چاویلکەی تایبەت بەکاربهێنن.

چاوەکانیان بە بەردەوامی بتروکێنن و لە شوێنی تاریکیشدا ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەکارنەهێنن و کاریان پێنەکەن، چونکە توێژینەوەکان دەریان خستووە کارکردن لە تاریکیدا سێ ئەوەندەی کارکردن لە ڕووناکیدا کاریگەری خراپی هەیە بۆ چاو.





ئەم هەواڵە 6529جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad