ZNA-هەولێر رۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەرجەنتینی، جەماوەری تانگۆ دەترسێنێت و دەڵێت "مێسی لە مەترسیدایە".
رۆژنامەی لا ناسیۆنی ئەرجەنتینی، رایگەیاند ئەگەری ئەوە ھەیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبۆل) سزایەکی توندی لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بدات بەھۆی لێدوانەکانی کە لە دژی کۆنمیبۆل و ناوبژیوانانی کۆپا ئەمریکا دای.
لە دوای یاری بەرازیل و ئەرجەنتین لە قۆناخی پێش کۆتایی کۆپا ئەمریکادا، کە بەرازیل بە ٢ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، مێسی وەک کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین رەخنەیەکی زۆری لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت و گوتی "ناوبژیوانەکە یارمەتی بەرازیلی دا بۆ بردنەوە لە ئەرجەنیتن". لەدوای یاری پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکەش لە نێوان ئەرجەنتین و چیلی، مێسی جارێکی دیکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و ناوبژیوانانی بەوە تۆمەتبارکردەوە کە جامەکەیان بۆ بەرازیل داناوە.
لا ناسیۆن لەو بارەوە نووسیویەتی "لەوانەیە کۆنمیبۆل بۆ ماوەی ٢ ساڵ مێسی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان سڕ بکات". ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە مێسی سەرپێچی کردووە لە ماددەی ٧ی یاسای کۆنمیبۆل، کە تێیدا ھاتووە "ھەر کەسێک سووکایەتی بە کۆنمیبۆل و بەرپرس و دەستەڵاتەکانی بکات، سەرپێچییە و رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".
رۆژنامە ئەرجەنتینییەکە باس لەوەش دەکات ئەگەر مێسی بەو توندی سزا بدرێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بڕیار دەدات ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە بەشداریکردن لە کۆپا ئەمریکای ٢٠٢٠ بکشێتەوە.
ئەم هەواڵە 8113جار خوێندراوەتەوە |