ZNA- ههولێر بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و بڕە پارەکەش بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت.
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران کە ١٥ ملیار دینارە گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و ئەو بڕە پارەیەش بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆکدا دابەشدەکرێت و بە گوێرەی کاتی رادەستکردنی گەنمەکە بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت.
لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی ١٩٢ ملیار دینار بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان جێگیرکراوە کە دەکاتە ١٢.٦٧%ی عێراق، تاوەکو ئێستاش وەرگرتنی گەنم بەردەوامە. نەوزاد ئەدھەم گوتی "بە زووترین کات پارەکە دەگاتە دەستی جووتیاران و ئەو ١٥ ملیار دینارەش تەنیا فەرمانی دابەشکردنەکەی ماوە''.
ئەمساڵ ١٠٠ھەزار تۆن لە ھەولێر، ١١٢ھەزار تۆن لە دھۆک، ٨٠ ھەزار تۆن لە سلێمانی، ٢٠ ھەزار تۆن لە ھەڵەبجە و ٢٨ ھەزار تەن لە گەرمیان وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە ٣٤٠ ھەزار تۆن.
ئەم هەواڵە 8779جار خوێندراوەتەوە |