English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات
2019-07-10 [10:44 AM]

ZNA-هەولێر


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و رایدەگەیێنێت : "گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەڵێت: "ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناخی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین".

دەقی پیرۆزباییەکەی نێچیرڤان بارزانی 

به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى،
سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سڵاو و ڕێز..

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌كوەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەكەم.

ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.

ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.

دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرزدەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری رۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.

گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم.

سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆكوەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.

 لەگەڵ رێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10/7/2019





ئەم هەواڵە 3820جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad