English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک بە دەستی براکەی دەکوژرێت 
2019-07-15 [01:18 AM]

ZNA- ھەولێر 



وەردە پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکی خێزاندار ھەبووە، کاتێک ھاوژینی پیاوەکە بە پەیوەندییەکەی زانیوە، یەکسەر یەخەی وەردەی گرتووە، دوای ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە، وەردە لەلایەن براکەیەوە بە حەوت گوللە کوژرا.


رۆژی ٤/٧/٢٠١٩ کچێکی تەمەن ١٥ ساڵان، بە ناوی (وەردە.ش) دانیشتووی گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک، لەلایەن براکەیەوە کوژرا. دوای رووداوەکەش براکەی ھەڵات.

موقەدەم زەید عادل، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عەرەفە  گوتی: "دوای ئەوەی پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادارکرایەوە، چووینە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت کچێکی ١٥ ساڵان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە".

پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە و تەرمی کچەکەش رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی کەرکووک کرا. پۆلیس دەڵێت شوێنەواری ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی کچەکە دیار بوو، پێش ئەوەی بکوژرێ ئەشکەنجە دراوە، پاشان بە حەوت گوللە کوژراوە.

 دایکی ئەو کچە لە ئیفادەی خۆیدا بۆ پۆلیس دەڵێت: "دوو ھەفتە پێش کوژرانی کچەکەم، ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین، ئافرەتێک لە دەرگای دا، کچەکەم دەرگای لێکردەوە. ژنەکە بە دەنگێکی بەرز گوتی: تۆ وەردەیت؟ ئەویش گوتی: بەڵێ. ژنەکە ھاواری کرد شەرم ناکەیت پەیوەندیت لەگەڵ مێردەکەم ھەیە؟".

لەو کاتەدا براکەی وەردە لە ماڵ بووە، کاتێک گوێی لەو قسانە دەبێ، لەگەڵ دایکی دەچنە دەرەوە. ژنەکە بە دایکی وەردەی گوتووە: "کچەکەت ژیانی ئێمەی تێکداوە، پەیوەندی لەگەڵ مێردەکەم ھەیە کە باوکی سێ منداڵە".

دایکی وەردە سەری سوڕماوە و باوەڕی بە قسەی ئافرەتەکە نەکردووە، تا ئەوکاتەی ئافرەتەکە مۆبایلەکەی دەرھێناوە و ئەو وێنانەی پێشانداون کە وەردە بۆ مێردەکەی ناردوون. دایکی وەردە بە پۆلیسی گوتووە: "کاتێک کوڕەکەم وێنەکانی بینین شێت بوو، یەکسەر پەلاماری وەردەی دا، ھێندەی لێدا تا لە ھۆش خۆی چوو، پاشان پێیگوتم بیبە ژوورەوە و دەرگای لەسەر دابخە، نابێ کەس بیبینێ".

وەردە دوو ھەفتە لە ژوورەوە بەند دەکرێ، تا رۆژێکیان براکەی بە حەوت گوللەی دەمانچە دەیکوژێ، پاشان ھەڵدێ. موقەدەم زەید دەڵێت: "ئەو رۆژە بەبێ ئەوەی کەس ئاگای لێبێت، براکەی چووەتە ژوورەکەی وەردە و کوشتوویەتی".

بەگوتەی موقەدەم زەید کەسوکاری وەردە سکاڵایان لەسەر کوڕەکەیان نەبووە و گوتوویانە: "نامووسی ئێمەی پاراستووە". بەڵام پۆلیس بەپێی مادە ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، دۆسیەی بۆ برای وەردە کردووەتەوە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە. 

موقەدەم زەید گوتیشی، کەسوکاری وەردە دەڵێن سکاڵا لەسەر ئەو پیاوە تۆمار دەکەین کە وێنە و ڤیدیۆی وەردەی لابووە و پێیانوایە ئەو پیاوە وەردەی ھەڵخەڵەتاندووە. ھەروەھا سکاڵاش لەسەر ژنی پیاوەکە تۆمار دەکەن و دەڵێن "ئەو بووە ھۆی ئەوەی کچەکەیان بکوژرێ".

 پۆلیس بە تۆمەتی ھاندان بۆ کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ  ئافرەتەکە دەرکردووە.
بە گوتەی پۆلیس، کەسوکاری وەردە ھەر ھەمان رۆژ تەرمی کچەکەیان لە پزیشکی دادوەری وەرگرتووەتەوە و ناشتوویانە، بەڵام پرسەیان بۆ دانانەوە.

 برای وەردە کە تەمەنی ١٧ ساڵانە، ھەڵاتووە، بەڵام گومان دەکرێ کەسوکارەکەی شوێنی خۆحەشاردانی بزانن و کەسوکارەکەی زانیاری نەدەن بە پۆلیس. 

سەرچاوەیەک کە کەسوکاری وەردە دەناسێت گوتی: "ئەو ماڵە پرسەیان بۆ کچەکەیان دانەنا و دەڵێن ئێمە کچێکمان نەبووە بە ناوی وەردە". سەبارەت بە بکوژەکەش، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لەدوای تاوانەکە ھەڵاتووە، بەڵام کەسوکارەکەی دەڵێن ئەو کوڕە نامووسی ئێمەی کڕیوەتەوە، بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمار ناکەین".

رێکخراوەکانی ژنان لە کەرکووک ئاگاداری کەیسی کوشتنی وەردەن و دەڵێن لێی بێدەنگ نابن. رێکخراوی ھیوای عێراقی کە یەکێک لە رێکخراوە چالاکەکانی کەرکووکە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی دەکەن.

سروود ئەحمەد، بەرپرسی ئەو رێکخراوە  گوتی: "راستە کەسوکاری ئەو کچە سکاڵایان تۆمار نەکردووە، بەڵام ئێمە وەک رێکخراوی ھیوا لەسەر ئەو کەیسە بێدەنگ نابین و سکاڵا لەسەر برای وەردە تۆمار دەکەین".

کەرکووک دەکەوێتە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و لەوێ بەگوێرەی یاساکانی عێراق مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی کوشتن لەسەر "شەرەف" دەکرێ. لە کاتێکدا ئەم جۆرە کوشتنە لە کوردستان سزای توندی بەدواوەیە، لە عێراق لەسایەی یاسای (غسل العار)، سزای براکەی وەردە ئەگەر دەستگیر بکرێ، بەو پێیەی کە ١٨ ساڵیشی تەواو نەکردووە، رەنگە لە چەند مانگێک بەندکردن تێنەپەڕێ.

 سروود ئەحمەد لە رێکخراوی ھیوا دەڵێت، بەھۆی ئەوەی ئەو کوڕە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵە، ئەگەر دەستگیر بکرێت و بەڵگەکان لەسەری ئیسپات بن و ھاوسەری پیاوەکە وێنە و ڤیدیۆکان پێشانی دادگا بدات، دادگا بە گوێرەی مادەی ٤٠٩ سزای کوڕەکە دەدات. لەوانەیە سزاکەی لە سێ مانگ بۆ ساڵێک بەندکردن بێت.

 بەگوتەی سروود چەند حاڵەتێکی دیکەی ھاوشێوەی ئەو کەیسە لە کەرکوک ھەبووە، دادگا بە شەش مانگ بەندکردن سزای تاوانبارەکەی داوە.

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 6160جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad