English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیندار زێباری:  پێویستە يوئێن حکومەتی هەرێم بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت
2019-07-29 [10:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر



 

لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەرۆکایەتی کریم ئەحمەد خان راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنیتاد) بۆ پتەوکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و پێشکەشکردنی راپۆرتی خۆی دەربارەی کارەکانی لە رۆژی ١٥/٧/٢٠١٩ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، و لە بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان تیمی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کە پێکدێت لە دەزگای شەهیدی حکومەتی فیدرالی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم لە شاری سەماوە دەستی کرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە بۆ سەردەمی ئەنفالی ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و رووفاتەکانی ناو گۆڕەکە کوردن و خەڵکی ناوچەی گەرمیانن.

لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەشکردنی زانیاری و هاوکاری کردنی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنیتاد) لە دیکیومنت کردن و پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی و گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە، سەرەڕای ئەمەش پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت لەم پرۆسەیەدا.

لەلایەکی ترەوە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون  و گوتی: گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان قوربانیی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی ئەویش ئەنفال و شوێنبزرکردنی زۆرەملێیە لەوانە کوردانی فەیلی و ئەنفالکردنی (٨٠٠٠) هەشت هەزار بارزانی و (١٨٢٠٠٠) سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس لە گەرمیان و بادینان، دوای روخانی رژێمی بەعسیش ئەم تاوانانە دەرهەق بە گەلی کوردستان بە شێوازی جیاجیا بەردەوام بوون و لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بە رفاندنی هەزاران کوردی ئێزیدی گەیشتە لوتکە، حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە هەڵکۆڵین بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکات، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی رابردوو لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی دیکەی کۆمەڵ هەڵدرایەوە بە هەماهەنگی نێوان دەزگای شەهیدی حکومەتی فیدرالی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم و (ICMP) کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی تایبەتە بە کاروباری شوێنبزر بووان.

لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری وتی: حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی لە زۆر رووەوە دەستپێکردووە لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە رێکەوتنی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی ئەو کوردە ئێزیدیانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنردراوان، بە مەبەستی ئازادکردنیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان و دووبارە شیاندنەوەیان، لەلایەکی دیکەوە دەستەیەک دامەزراوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگە دەربارەی تاوانەکان داعش، هەروەها لیژنەیەکی دیکە دامەزراوە بۆ بە دیکیۆمێنت کردنی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بەتایبەتی دەرهەق بە ئافرەتە ئێزیدییەکان. و تا ئێستا ئەم لیژنانە هەنگاوی زۆریان ناوە وەک تۆمار کردنی (٤٢٠٦) کەیس لە دادگاکان دەربارەی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەکان بەتایبەتی ئافرەتان لەوانە (١٧٧٨) کەیس کە کاریان تەواو بوو و ئامادەکراوە بۆ ئەوەی پێشکەشی دادگا بکرێن کە (1191) دژی ئافرەتان بووە و تا ئێستا (2428) کەیسی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت.

سەبارەت بە جینۆساید کردنی بارزانییەکان لە 31/7/ 1983  و گێڕانەوەی روفاتەکانیان بۆ سەرزێدی خۆیان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: بە هەوڵ کۆششە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم توانرا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ بدۆزرێتەوە کە روفاتی بارزانییەکانی تێدا بووە لە ناوچەی بوسەییە و سەماوە کە گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی لێیە لە رووبەڕی (46) هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 ڕووفات هێنراونەتەوە لە ساڵانی 2005  و 2014 لە قۆناغی یەكەم لە ساڵی (2005) توانرا (603) ڕووفات هێنرانەوە، لە ساڵی 2014 توانرا (93) ڕووفاتی دیكە هێنراونەتەوە، هێشتا زیاتر لە 7 هەزار روفاتی دیکە بۆ ئەوەی بهێنرێنەوە کوردستان، سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێزیدییەکانیش کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کراون تا ئێستا (٨٠) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان شوێنی گۆڕی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە و ژمارەیەک لەو گۆڕانە هەڵدراوەنەتەوە، جگە لەم گۆڕە بە کۆمەڵانە داعش (68) مەزارگە و شوێنی ئایینی ئێزیدیان خاپور کردووە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گرنگی پاراستنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە و وتی: لە عێراقدا بەپێی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی 2006  کە بە یاسای (یاسای پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عيراق) ناسراوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکرێت کە ئەوانیش دوو بەشن، بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و تا ئێستا لە کۆی (٣٠٠) گۆڕی بە کۆمەڵ نزیکەی (2800) روفات گەڕێندراوەتەوە، بەشی دووەمی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ئەوانەن کە لە دوای هێرشەکانی داعش دۆزراونەتەوە و تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ کاری هەڵدانەوەیان بۆ کراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم و تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379) لە ساڵی 2017 بە سەرۆکایەتی کریم ئەحمەد خان راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنیتاد) دامەزراوە بە مەبەستی بە دیکیۆمنت کردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، دیندار زێباری ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان رۆڵی کارای هەبێت لەو تیمەدا، چونکە بەشی هەرەزۆری قوربانیانی داعش دانیشتوانی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بوون بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا و شنگال و کەرکوک کە دانیشتوانی لە گشت پێکهاتەکان رووبەڕووی دڕندەترین تاوانی جینۆساید بوونەتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا  زێباری ئاماژەی بە قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی رژێمی بەعس کرد و وتی: لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی سەدام لە نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) بە پشت بەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە (کوشتن، بریندار بوون، راگواستن، شوێنبزرکردن، جینۆساید، تێکدانی ماڵ و گوند و شار، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو)، هەروەها داواکارین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە كەسوكاری ئەنفالكراوان و قوربانیانی تیرۆر بەپێی بڕگە دووی ماددی(132)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە.





ئەم هەواڵە 1726جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad