ZNA - ههولێر
وەزارەتی دارایی لە بارەی قەرزە جۆراوجۆرەكانی سەر هاوڵاتیان ئاشكرای دەكات لێخۆشبوون بۆ قەرز و پێشینەكان نییە، باشترین چارەسەر ئەوەیە لەسەر پاشەكەوتی مووچە كێشەی قەرز و پێشینەكان چارەسەر بكرێت.
عوسمان کوردە، بەرێوەبەری پشکنین و چاودێری لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕیەکان لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەیەكی زۆری قەرزی جۆراوجۆری حكوومەت لای هاوڵاتیانە، زیاتر لە تریلیۆنێك دینار پەیوەندی بە قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون هەیە، چەند تریلیۆن دیناری دیكهش پەیوەندی بە پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و كشتوكاڵ و پیشەسازی هەیە.
باسی لهوه كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە شهش ملیار دۆلاری لە رێگەی پێشینەكانی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیریی و قەرزی بچووك و قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی داوەتە زیاتر لە 621 هەزار كەس، بەشی زۆری ئەو پارانەش نەگەڕێندراونەتەوە.
روونی كردهوه، حكوومەت ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی گەڕاندنەوەی قەرز و پێشینەكانی لە فەرمانبەران راگرتووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵیش بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەگەر قەیران نەبوایە پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینە دەگەرێندرایەوە.
عوسمان كوردە، دهڵێت، باشترین چارەسەر ئەوەیە لەسەر پاشەكەوتی مووچە كێشەی قەرز و پێشینەكان چارەسەر بكرێت ، ئەوەی پاشەكەوتی مووچەی لای حكوومەت بێت ئەوكات كە بەر قەرزەكە بخرێت.
وەزارەتی دارایی ئاشكرای كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران قەرزارە.
ئەو بەرپرسەی دارایی جهختی كردەوە، هیچ بڕیارێك بۆ لێخۆشبوون لهم قەرزانە نییە، تەنها پێشنیاركراوە لە پاشەكەوتی مووچە بدرێنەوە.
جەختیشی كردەوە، خەڵكێكی زۆر هەیە چاوەڕوانی ئەوە دەكەن قەرزەكانیان بەر پاشەكەوتی مووچە بخرێت، بۆ قەرزە جۆراوجۆرەكانی خانووبەرە و ئاو و كارەبا و هاتو وچۆ باشترین چارەسەر ئەوەیە بەر قەرزی پاشەكەوتی مووچە بخرێت.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرزەكان بە فەرمانبەران و هاوڵاتیان ئەو گوتی، تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دەستپێكردنەوەی قەرز و پێشینەكان نییە.
باسنیوز
ئەم هەواڵە 11821جار خوێندراوەتەوە |