|
ZNA-هەولێر بڕیارە وەفدێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پشوی جەژن سەردانی بەغدا بكات، سەردانەكان لەلایەن ھەردو حكومەتەوە بەردەوامییان دەبێت، دو لیژنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێك ھێنراون.
ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی kdp راگەیاند"لە چوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان ھەردو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، گەیشتونەتە رێككەوتن دو لیژنەی ھونەری و تەكنیكی پێكبێن بۆ ئەوەی سەردانەكان لەلایەن ھەردولاوە بەردەوامییان ھەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردولا، واتا ناردنی وەفد لەلایەن ھەردولاوە بەردەوامییان دەبێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی"سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا، بەرھەمدار بونە و كاریگەرییان ھەبوە لەسەر بەرەوپێشچونی پەیوەندییەكان، پێكھێنانی دو لیژنەش بۆ چارەكردنی كێشەكان، یەكێكە لە ھەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و چارەسەركردنی یەكجارەكیی گرفتەكان."
دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، شاندێكی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای كرد و ھەردولا كۆكبون لەسەر كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دانوستانەوەو لەچوارچێوەی دەستوردا.
ئەم هەواڵە 4840جار خوێندراوەتەوە |