English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: به‌ دامه‌زراندنی پارتی گه‌لی كوردستان بووە خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی حیساب بۆكراو
2019-08-15 [02:18 AM]

ZNA - هه‌ولێر


نێچیرڤان بارزانی لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا رایگه‌یاند، پارتی و پارتییەكان شانازيی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌ييیان هەیە.

وتیشی، دامەزراندنی پارتی بووە سەرەتای بووژانەوەیەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و رۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا و گەلی كوردستان بووە خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی حیساب بۆكراو لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا.

 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

 

بەبۆنەی (73)ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی لە جه‌نابى سەرۆك بارزانى، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، هەموو لق و ناوچە و رێكخراو و بنكه‌كان، خانه‌واده‌ى شەهیدان و كادیران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم.

 

دامەزراندنی پارتی لە ساڵی 1946دا وەرچەرخانێكی مێژوویى بوو له‌ كوردستان، لەوكاتەوە ئیرادەی كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بۆ ئازادی و پێشكەوتن بووە هێز و بزووتنەوەیەكی رێكخراو و سەرتاسەری. دامەزراندنی پارتی بووە سەرەتای بووژانەوەیەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و رۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا و گەلی كوردستان بووە خاوەن بزووتنەوەیەكی سیاسی حیساب بۆكراو لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول بە رابه‌رايه‌تيى بارزانيی نەمر، بۆ یەكەمجار بووە خاوەن درێژترین و فراوانترین شۆڕش لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا و توانی بەشێك لە ئامانجەكانی گه‌لى كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسيی فەرمیدا لەگەڵ حكومەتی عێراق جێبكاتەوە، ئەوەش بووە مایەی بەدەستهێنانی دانپێدانانێكی جیهانی بە رەوایەتيی دۆز و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوولدا پارتی بووە خاوەنی گەورەترین هێزی شۆڕشگێڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

 

پارتی نسكۆ و سەختی بینیون، بەڵام چونكە خاوەن باوەڕ و بنچینەیەكی ریشەداری بەهێزە، هەمیشە توانیویەتی هەموو نسكۆ و سەختییەكان تێپەڕێنێت و مایەی مانەوە و سەركەوتن بێت بۆ كوردستانييان، هەروەها بەشدارێكی بەهێز بووە لە بزووتنەوەی دیموكراسی و مەدەنيی عێراقدا، لەبەرئەوە لە مێژووی عێراقیشدا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان كە شانازيی گەورەی هەیە لە دروستبوون و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسيی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی وەك قەوارەیەك لە دەستووری عێراقدا، لە هەمان كاتدا پارتی و پارتییەكان شانازيی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌ييیان هەیە. قارەمانيه‌تيی ئەندامان و جەماوەری پارتی جارێكی دیكە لە بەرگريی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خۆی نواندەوە كه‌ وەك هێزی پارێزەری ئازاديی جیهان، شانازییەكی گەورەی جیهانی تۆمار كرد.

 

پارتی وەك هێزێكی ریشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەريی بنكەفراوان، خاوەن هێزێكی زۆر بەهێزی ئاوەدانی و نوێبوونەوە و پێشكەوتنە. لاوان و قوتابيان و ئافره‌تانى پارتی حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ كار و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، پارتی بە پشتیوانيی تێكۆشەرە دێرین و بەئەزموونەكانی و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى كوردستان بەهێزتردەبێت، هەر لەبەرئەوەش لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، لەمەودواش پارتی بە كارنامە و پلانی بەرفراوانتر دەتوانێت زیاتر خزمەتی دۆز و ئامانجەكانی گەلی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بكات.

 

دووباره‌ ئه‌م ياده‌ له‌ هه‌موو كوردستانييان پيرۆز بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

15/8/2019

 





ئەم هەواڵە 3331جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad