English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی بەتەمەن پیرە و بەكردەوە گەنجە
2019-08-16 [06:38 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


حەفتا سێ ساڵە و پارتی پێشەوایەتی دۆزە مەزنەكە دەكات و خەمی گەورەی گەلی لەئەستۆ ناوە لەماوەی دوورودریژی تێكۆشانی بێوچانیدا سەخۆبونخوازی پرنسیپی چەسپاوی بووه ‌و پەرۆشی دەستەبەركردنی كەشی دیموكراسی و پلۆرال و فرەیی و لێبوردەیی كۆمەڵایەتی و یەكڕیزی نیشتمانی بووە .پارتی بەگوتار و بەپراكتیش ئەوەی چەسپاند كە رەتكردنەوەی مساوەمە لەگەڵ دوژمن خاڵی جەوهەری خەباتە و مكوربوون لە سەر پرنسیپی كوردایەتی تاقانە راستەرێی تێكۆشانە بۆگەیشتن بەمافی بێ چەند و چوونی گەلی كوردستان.
بەدرێژایی مێژوو دووژمنانی كورد هەوڵییان دا و بەردەوام هەوڵیش دەدەن بۆ لاوازكردنی ئەو پارتە كەهەڵقوڵاوی ناو ماڵی كورده، بەڵام هەموو هەوڵ و تەقەڵەكانی دووژمنانی كورد و ڕێبازی بارزانی بەرانبەر ڕۆڵەكانی پارتی بێ سوود بوون ،بەهۆكاری ئەوەی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ئەوەندە ساناوساكار نییە دەرزی بخرێتە ناو ،چونكە بۆ كورد بۆتە ڕاستیەك كە بێ پارتی ئەستەمە ژیان بەردەوامی پێ بدرێت ئەمەش مێژوو سەلماندوویەتی نەوەك  هەر بە  قسەی سەر زارەكی بێت ، كورد و پارتی لەناو یەك چوارچێوەن ئەوە چوارچێوەش پێی دەگووترێت چوارچێوەی كوردایەتی و بەردەوام بوون لەخەبات و تێكۆشان تا گەیشتن و بە دەستهێنانی مافی دەوڵەتبوون.حەفتا وسێ ساڵ بەر لەئێستا ناسنامەیەكی تازە هاتە نێو مێژووی گەلی كورد بێگوومان ئەم مێژووەش یەكێكە لە گەورەترین و بەهاترین مێژووی هاوچەرخی كورد ،بەڵێ لە 16 ی ئابی 1946 بەڕابەرایەتی باوكی ڕووحی نەتەوەیی كورد (بارزانی نەمر) پارتی دامەزراو ودووبارە خەبات و تێكۆشان و دڵنیایی بۆ كورد دەستی پێكردووەو ئەو خەباتە تاوەكو ئێستاشی لەگەڵدابێت بۆ یەك چركە چییە سلی نەكردووەو بەردەوامه .. دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم سیستەم و شیرازەیەكی نوێ بۆ گەلان بەرپابوو و لەم نێوەندەدە پارتی دیمۆكراتی كوردستان وەك هێمایەك هاتە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵگەی كوردستانی نەوەك بەتەنیا بۆ باشوور ،بەڵكو بۆ تەواوی ناوچە و بەشەكانی دیكەی كوردستان و هەر ئەمەش وای كرد ئەو پارتە لەكاتی دامەزراندنیەوە و تاوەكو ئەمڕۆ ببێتە خاوەن گەورەترین لایەنی سیاسی كوردستانی و هەموو لایەك بەدۆست و دووژمنەوه ئاماژەیەكی تایبەتی بۆ دەكەن ،چونكە مێژوو هەردەم ئەوەی سەلماندووە بۆ كورد ئەگەر پارتی بوونی هەبێت ،ئەوە كورد بوونی خۆی دەسەلمێنێت ، نەوەك بەتەنیا لەكوردستاندا ،بەڵكو لەنێوەندەكانی سیاسی نێونەتەوەیی جیهانیدیشدا .دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946دا كوردی لە نائومێدی ئەو شكستانە رزگار كرد كە بەسەر شۆڕش و راپەڕین و چالاكیی سیاسی پارتەكانی پێشووتری كوردا هاتبوو، پارتی دیموكراتی كوردستان شۆڕشی ئەیلولی بەرپا كرد ئەو شۆڕشەی كە توانی هەمو چین وتوێژوو ئاین ونەتەوەكانی تری كوردستان لەیەك سەنگەردا كۆبكاتەوە .مێژووی حەفتا و ساڵەی خەباتی پارتی بەشێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستانە و پڕە لە هەوراز و نشێو و، پارتی بەشدارێكی سەرەكی لە سەركەوتن و دەستكەوتەكان بووە و خۆیشی بە بەرپرس زانیوە لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا. دوای حەفتا ساڵ پەیام و ئەرك و ئامانجی پارتی لە هەموو كاتێك بەهێزترە و بە بەرچاوڕوونییەكی زیاترەوە لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی وەك ئامرازێك بووە لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە ماف و داواكارییەكانی و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان پاراستووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ماوەی 73 ساڵی تەمەنیدا وەكو هێزێكی نەتەوەیی و سیاسی و جەماوەری لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، چەندین دەستكەوتی مێژوویی بۆ خۆی و نەتەوەكەی تۆمار كردوە، ڕۆلێكی كاریگەری لە مێژووی عێراق و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی گێڕاوە.خاڵێكی گرنگ و گەورەی مێژووی پارتی ئەوەیە، لە پێناو گەیشتن بەم دەستكەوتانەش تووشی چەندین كێشە و گرفت بووەتەوە، بەڵام تا سەركەوتن كۆڵی نەداوە لە پەراوێزی 73 ساڵی تەمەنیدا ئێستا لە هەموو كات پێویستترە كادیر و ئەندام و لایەنگران و هەوادارانی ئەو پارتە بە ئەزموونەكانی ئەو مێژووەدا بچنەوە، تا لە لایەك ئەو ڕابردووە پڕ شكۆ و خەباتە بە زیندوویی بهێلنەوە و بۆ هەمیشە لە بیرەوەری نەوەكانی ئایندەدا بمێنێتەوە. لە لایەكی ترەوە لە پشت سەرۆكەكەیانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەرەو ئایندەیەكی گەش و ڕووناك و بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێن .ئامانجی دامەزراندی پارتی دیموكراتی كوردستا ئەوە بووە كە هەموو كات لای پارتی بەرژەوەندنی بالای كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تربووە چونكە لە دیدی پارتی مرۆڤی كورد ئامانج بووە نەك ئامراز كە بەدرێژایی مێژووش هەمیشە دەستكەوتی گەورە لە سەردەستی پارتی بەدەست هاتوون كە رابەرایەتی كردنی شۆرشی ئەیلوول دیارترین نموونەی ئەم راستیەن جگە لە وەی لاپەرەی دێرینی و مێژوومانی رەنگین كردوو بەرگری داكۆكی لە مافە راوەكانی كرد كە سەرئەنجام توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان رێكەوتنامەیەك مۆر بكات كە بریار لە بوون و مافی گەلی كورد بدات وێرای ئەمەش هیچ كات پارتی و دامەزرێنەكەی ئامادە نەبووینە سازش لەسەر مافی كوردستان بكەن بەلكو هەمیشە لەم پێناوەیە دا قوربانیان داوە بابەتی كوردستانی بوونی كەركوك نموونەێكی زیندووە كە نەك ئامادەنەبوون دەست لە كوردستانی بوونی هەلبگرن بەلكو هەمیشە داكۆكیشی لە كوردستانیەتی شارەكەی دەكرد بە جۆرێك چۆن مرۆڤ ناتوانی بێ دل بژیت ئەوا كوردستان وسەرۆكەكەشی بەبێ كەركوك ناژین . 
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەسەر بنەمای هاوهەڵوێستی و هاو ئامانجیەوە دروست بووە،واتە ئەوەی گرنگە لای پارتی ئەوەیە خەڵكی كوردستان لەسەر مەسەلە سەرەكیەكان هاو ئامانج و هاو هەڵوێست بن، هەربۆیە ئەندامانی پارتیش هێندەی جەختیان لەسەر پرانسیپە گشتیەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و پرانسیپی كوردایەتی كردۆتەوە، هێندە جەختیان لەسەر پرانسیپە حیزبیەكان نەكردۆتەوە، هەر ئەم پرانسیپە گرنگەی پارتییە كەوای لە سەرۆك مسعود بارزانی كردووە هەموو كات ئامادەبێت لە پێناوی هاوئامانجی و هاوهەڵوێستی خەڵكی كوردستاندا قوربانی بەهەموو شتێكی پارتی بدات تەنها ناوی پارتی نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ناوی پارتی هاوكۆكی خەڵكی كوردستانە كەدەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی پارتی بێت،دامەزرێنەرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كورد پاشان پارتی دیموكراتی كوردستانیان دامەزراندووە، بەڵام پارتی نازناوی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەو پارتەو هەروا لە خۆراش ئەم هاودەنگیە بۆ ناوی پارتی دروست نەبووە، بەڵكو خاوەن نیو میلیۆن شەهید و دەیان ساڵە خەبات و قوربانیی بەخشیووە .بۆ ئەمڕۆ دەبێت ئەم مێژووە پرشكۆ و سەروەرییە هەموومان بەهۆش خۆمان بهێنێتەوەو خومان بخەینە بەردەم ویژدانی ئەو شەهیدانەو داوای لێبوردنیان لێبكەین ئەگەر رۆژێك لە پارتیمان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەكار هێنابێت و هەستی بەرپرسیاریەتیمان لەئاستی ئەو مێژووە مەزنەدا نەبووە ...
ئەركی سەرشانی پارتی بە گشتی و سەرۆك مسعود بارزانی بەتایبەتی قورس و هەستیار و چارەنووسسازە ، فیكر و تێگەیشتنی مستەفا بارزانی-یە بۆ كوردبوون و كوردستانیبوون، لە فیكری مستەفا بارزانی-دا كورد یەك نەتەوەیە و خاكەكەشی جوگرافیایەكی یەكگرتووە، لەناو ئەم جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستان، نەتەوە و ئایینی جیاواز هەن و بە درێژایی مێژوو لەگەڵ كورد لەسەر ئەو خاكە ژیاون، بۆیە كوردستان نیشتمانی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە، راستە لەم نیشتمانەی پێی دەگوترێت كوردستان، كورد زۆرینەیە، بەڵام زۆرینە بەو مانایە نییە مافی نەتەوە و ئایینەكانی دیكە پێشێل بكات، بەڵكو زۆرینە بۆ ئەوەیە بەدەنگی بەرز بە هەموو جیهان بڵێت لە كوردستان ئایین و نەتەوە كەمینە و زۆرینەی بۆ نییە و بە كەمینە و زۆرینە حیساب ناكرێت، نەتەوە و ئایین هەر نەتەوە و ئایینە و هیچ جیاوازییەكیان نییە. هەر بۆیە فیكری بارزانی كە سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فیكری نەتەوەیی كوردی، ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانە ئاشتییانەی بەرهەم هێناوە.
ئەگەر ئێمە سەیری پارتی وەك قوتابخانە و رێنیشاندەری كوردایەتیی و كۆلنەدان ب بكەین، بۆمان روون دەبێتەوە كە  لە ماوەی ئەو 73 ساڵەدا شۆڕشی گەلی كورد تووشی گەلێك شكست بووە، بەڵام لەناو نەچووە و هەموو جارێ دوای ساڵێك یان پاش چەند ساڵ دیسان ژیاوەتەوە؛ دامەزراندنی پارتییش بناغەیێكی توكمەی دروست كرد بە ‌شێوەیەكی زنجیرەیی. ئەگەر سەیری بكەین لە كۆماری كوردستانەوە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرهەرڵدانی 1991 و هێرشی تیروریستان و پیلانگیران بۆ سەر كوردستان ئەمانە هەمووی بوو بە ئەڵقەیەك لە مێژووی كوردستاندا."پارتی بووە هۆی گرێدانی ئەم ئەڵقانە تا خەباتەكە بەردەوام بێت و بەرەوپێشی ببات. ئەمە وەكو قوتابخانەیەكی لێ هات و لایەنەكای تریش چاویان لە پارتی كرد. 16ـی ئاب نەك بۆ پارتی بە تەنیا، بەڵكە بۆ هەموو گەلی كورستان لە تەواوی پارچەكانی تری كوردستان بیرەورییەكی زۆر پیرۆزە؛‌ چونكە هەموو مێژووی كوردستانی گۆڕی. ئەگەر ئەمڕۆیش سەیری بكەین بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەردەم قوناغێكی گرینگداین لە مێژووی گەلی كورددا و هیچ كاتیش دەرفەتی وا نەهاتووەتە پێشەوە؛ ئەم دەرفەتەیش لە خۆوە نەهاتووە؛ بەرهەمی زنجیرەی ئەو شۆڕشانە بووە كە هەموویان بە سەرۆكایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.‌ لە هەمووی گرینگتر كە ڕاستی دەسەلمێنێت تەنیا پارتی بە سەرۆكایەتیی (بارزانی) لە هەموو پارچەكانی كوردستان خەباتی ڕزگاركردنی كوردستانی دەست پێ كردووە كە شانازی پێوە دەكا؛ ئێستایش كورد هێزی یەكەمە كە توانییان داعش  و داگیركەران بشكێنن، لە هەمان كاتدا ئەم پارتە سەركێشیی سەربەخۆبوونی كوردستان كرد و سەركەوتنی گەورەی بەدەستهینا ؛ سەرەڕای ئەمە كە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دژایەتیی ئەم پرسە كرا ، بەڵام پارتی و (بارزانی) بە ئیرادەیەكی پوڵایینەوە كار بۆ بەدیهاتنی دوایین ئامانجمان كە بەدەستهینانی دەولەتی كوردییە هەنگاویی ناوە بەرەو كوردستانێكی بەهێز و هەمووكات هێزی متمانەپێكراویی كورد وكوردستان بووە ، هەوێنی یەكبوون، پێكەوە ژیان ، ئاشتی و ئاوەدانی بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر و ئامانجەگەورەكە.. گەلی كورد مافی خۆیەتی شانازی بەمێژووی خۆی بكات ،كەپارتی بەردەوام ڕابەرایەتی دەكات ،چونكە ڕۆڵەكانی پارتی هەمیشە هەڵقوڵاویی نێو خەڵك و جەماوەر بوونە وڕۆژێك لەڕۆژانیش بەدرێژایی 73 ساڵی ڕابردوو پارتی خۆی بەدوور لە خەڵك و جەماوەری كورد نەزانیوە ،بەڵكو لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەكانی جەماوەر لەهەموو پارچەكانی كوردستان خۆی دۆزیوەتەوه ، بەڵێ ئەوەیە پارتی ئەو پارتییەی كەوا لە 16 ی ئابی 1946 بەڕابەرایەتی هێمای و سیمبولی كورد (مستەفا بارزانی نەمر) بەردەوام كاری بۆ یەك ڕیزی ماڵی كورد كردووەو هەردەم بۆ مافە ڕەواكانی میللەتی كورد سازشی نەكردووەو سازشیش ناكات..
پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم  بەچەمكی نیشتمانی و نەتەوەیی و بروەدان بەبەها و میتۆدی دیموكراسەیتەوە هاتە مەیدان و بوو بە پیشڕەوەی خەبات لەپێناوی كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ .
پارتی چوبێتە هەر دانوستانێكەوە بەدەستكەوتی میژووییەوە گەراوەتەوە و گەل بەرهەمی مێژوویی لێچنیوەتەوە رێككەوتنامەی 11ی ئازار بەڵگەیەكی تری دەستكەوتە نیشتمانیەكانه ‌و دانپێدانانە بەبوونی قەوارەی نیشتمانیمان. 
لەمیانەی پانۆرامای دەستكەوته بێ شومارەكانیدا نزیكترینی باشترین ئاماژەیە بەرۆڵی بەسەنگ و پڕ لەمتمانەی پارتی پێشرەو ئەوكاتەی رژێمی بەعسی داگیركەر رووخا و رەشنوسی دەستوور نوسرایەوە پارتی بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی توانی رەسمی داواكاریە رەواكانی گەلی كوردستان لەنێو ئەو رەشنوسەدا جێبكاتەوه ‌و رێگربوو لەوەی نەیاران بەیاسایەكی داتاشراو رووبەرووی شەریعەتی پێشمەرگە ببنەوە و هاوزەمان مادەی 140ی بۆناوچە كوردستانیەكان چەسپاند و دواتریش لایەنی باڵا دەست لەحكومەتی ئیتحادی عێراق پابەندی هیچ كام لەبڕگە دەستوریەكان نەبوون.سەرۆك بارزانی دیزاینی نەخشەرێی سەربەخۆییی كوردستانی كێشا و پارتی بەهەموو هێز و تواناییەوە پشتیوانی لەسەرخستنی ریفراندۆم كرد و سەرەنجام لەسەدا نەوەد و سێی گەل بەڵێی بۆ سەربەخۆیی كرد.كه ‌گەمارۆ كەوتە سەركوردستان و هەڕەشه ‌بۆسەر قەوارەكەی دیسان مێژووی پڕ لەمقاوەمەتی پێشمەرگەكانی ڕێی بارزانی خۆی دووپات كردوە داستانەكانی پدرێ و سحێلا و مەحمودیە بوون، بەقەڵای بەری لەرووی ستەمكاراندا و كۆتاییان بەپیلانی پڕ لەوەیشومە هێنا.داستانی نەبەردی پردێ وسحێبا  بەپەتی داكۆكی بوو لە سەروەری گەل و داستانەكانی كۆرێ و خواكوركی هێنایەوه ‌بیرمان و زەینروونیەكی تری پێ بەخشین ئەوراستیەی ساغ كردەوە كە تاپارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە .ئێستاش گشت هەنگاوەكان بەرەو بەدەسهێنانی ئامانجەگەورەكە و كوردستانێكی بەهێزترە..





ئەم هەواڵە 2275جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad