English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوو گەنج باوكی خۆیان بە چەقۆ دەكوژن
2019-08-19 [08:03 AM]

ZNA- هه‌ولێر


سامی، شەو بۆ كاركردن دەچێتە دەرەوە، بەڵام رۆژی دواتر تەرمەكەی لە سنووری ناحیەی كەڵەكی سەر بە قەزای بەردەڕەش دەدۆزرێتەوە. دواتر دەردەكەوێ‌ لەلایەن دوو لە كوڕەكانییەوە بە چەقۆ كوژراوە.

سامی سلێمان، تەمەن 60 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی نەسیجی شاری هەولێر و باوكی چوار منداڵ بوو. ئەو كە شوفێری تاكسی بووە، سەعات نۆی شەوی 27/7/2019 بۆ كاركردن چووەتە دەرەوە، بەڵام رۆژی دواتر تەرمەكەی لە ناحیەی كەڵەك دۆزرایەوە.

موقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 28/7/2019 پۆلیس لە حاڵەتێكی كوشتن ئاگاداركرایەوە كە كەسێك لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی كەڵەك و موسڵ كوژراوە، دەستبەجێ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەردەڕەش و پۆلیسی بەردەڕەش لەگەڵ تیمێكی بەڵگە و تاوان و دادوەری لێكۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە".

دوای ئەوەی تەرمی سامی رەوانەی پزیشكی داد كرا، دەركەوت بە چەقۆ لە ملی دراوە. هێمن سلێمان دەڵێت ئەو پیاوە لەلایەن دوو لە كوڕەكانی بەناوەكانی (م.سامی) و (ب.سامی) كوژراوە. بەهۆی ئەوەی كڵاوی یەكێكیان لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا بەجێماوە، ئاشكرا بوون. 

پۆلیس ئیفادەی لە كەسوكاری كوژراوەكە وەرگرتووە، كاتێك كڵاوەكەیان پێشانی هاوژینی سامی داوە، ئەو گوتوویەتی ئەوە كڵاوی یەكێك لە كوڕەكانمە، ئەوان سەرەتا نكۆڵییان كردووە كە دەستیان لە تاوانەكەدا هەبێ‌، بەڵام دواتر ئیعترافیان كردووە كە باوكی خۆیان كوشتووە.

هەردوو كوڕەكە چۆنیەتی كوشتنی باوكیان بۆ پۆلیس گێڕاوەتەوە و گوتوویانە: شەوی 27/7/2019 لە نزیك ماڵی خۆیان چاوەڕێی باوكیان كردووە، كاتێك هاتووەتە دەرەوە لە ماڵەوە، لە ئۆتۆمبێلەكەی نزیك بوونەتەوە و لەگەڵی سەركەوتوون، هەر لە نێو شاری هەولێر كوشتوویانە، دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەكەیان تەرمەكەیان بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی بردووەتە ئەو شوێنە.

لە كامێراكانی چاودێری دەركەوتووە كە ئەو دوو گەنجە لە نزیك ماڵی خۆیان لەگەڵ باوكیان سەردەكەون، ئەوان لەبارەی هۆكاری تاوانەكەش گوتوویانە بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە باوكی خۆیان كوشتووە.

كەمال سلێمان باسی ئەو رۆژە دەكات كە هەواڵی كوژرانی براكەی پێگەیشتووە و دەڵێت: "سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ بوو، پۆلیس پەیوەندی بەمنەوە كرد و گوتی تەرمی براكەت لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزراوەتەوە، وەرن بۆ بنكەی پۆلیسی بەردەڕەش. منیش پەیوەندیم بە یەكێك لە كوڕەكانیەوە كرد و گوتم دایكتان لەگەڵ خۆتان بهێنن،  من رۆیشتم و یەكێك لە كوڕەكانی لەگەڵ دایكی هات، كە گەیشتنە بنكەی پۆلیس دەستی بە گریان كرد، دەیگوت كێ باوكە بەستەزمانەكەمی كوشتووە؟".

كەمال لە بنكەی پۆلیس لە برازاكەی دەپرسێت دوایینجار باوكت لەكوێ بووە؟ ئەویش دەڵێت باوكم بۆ كاركردن چووەتە ئەو شوێنە، دیارە داعش كوشتوویانە.

كەمال گوتی: "دوای ماوەیەك كوڕە بچووكەكەشی هات بۆ بنكەی پۆلیس، وەك ئەوەی بڵێی ئاگای لە هیچ نییە، ئەویش دەستی بە گریان كرد. لە كاتی ناشتنی تەرمی براكەشم، هەردوو كوڕەكەی خۆڵی سەر گۆڕەكەیان بەسەری خۆیاندا كرد و هاواریان دەكرد: باوكە كێ‌ تۆی كوشت. بە جۆرێك شینیان دەكرد كەس خەیاڵی بۆ ئەوە نەدەچوو كە ئەوان تاوانەكەیان كردبێ‌".

هەڵسوكەوتی (ب) و(م) لە كاتی پرسەی باوكیان وایكردبوو هیچ كەسێك گومان لەوان نەكات كە ئەوان باوكیان كوشتووە. بەڵام دوای تەواوبوونی پرسەی باوكیان هەموو شتێك ئاشكرا بوو.

پۆلیس ئیفادەی لە بەهیەی هاوژینی سامی وەرگرتووە، گوتوویەتی مێردەكەم كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە. كاتێك پۆلیس كڵاوێكیان پێشانداوە؟ گوتوویەتی هی (ب)ی كوڕە گەورەمە. دوێنێ شەو كە لە ماڵ چووە دەرەوە لەسەری بوو.

كەمال دەڵێت: "ئەو كاتە دوو كوڕەكەی لە بنكەی پۆلیس بوون، من لە دایكیانم پرسی دڵنیایت ئەو كڵاوە هی  كوڕەكەتە؟ گوتی بەڵێ دڵنیام. خاڵی (ب)یش لەوێ بوو، ئەویش گوتی دوێنی شەو لەلای من بوو، سەرم بۆ چاككرد، ئەو كڵاوەی لەسەر بوو، سوێند دەخۆم هی ئەوە".

سەبارەت بە كێشەی نێوان سامی و كوڕەكانی، كەمال دەڵێت: "ئەو كێشەیەی ئەوان  باسی دەكەن دەمەقاڵەیەكی بچوك بووە لە نێوان كوڕە گەورەكەی  و سامی برام،  ئەوان لەسەر ئەو دەمەقاڵەیە باوكی خۆیان كوشتووە". 

ئەی كوڕە بچووكەكەی بۆچی تێوەگلاوە؟ كەمال دەڵێت :"(م) دەڵێت برا گەورەكەم هەڕەشەی لێكردم، ئەگەر لە كوشتنی باوكیدا یارمەتی نەدات، ئەویش دەكوژێ‌، بۆیە لە ترسی گیانی خۆی یارمەتی داوە".

كەمال لە برازاكانی خۆشنابێت و دەڵێت: "ئەوانە تاوانبارن، برازای من نین، بە هیچ جۆرێك لێیان خۆشنابم".





ئەم هەواڵە 15715جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad