English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكومه‌تی هه‌رێم: چه‌ندین هاوڵاتی بیانی ده‌ستگیر كراون
2019-08-19 [10:16 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگه‌یاند، لە هەرێمی کوردستان چەندین هاووڵاتی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون لەوانە ئافرەت و منداڵیشی تێدایه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس نێردراوه‌، تێیدا ده‌ڵێت، لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشە سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە کە کەوتبوونە ژێردەسەڵاتی داعش روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەو کاتەدا جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ لایەنە ئەمنییەکان درووست دەکرد. بۆیە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و رێگانەدان بە دزە کردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئاوارەکانیشەوە، لە میانەی ئەم رێوشوێنانەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەندین کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کران.

لەم بارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند لە دوای ساڵی 2003ەوە تیرۆریستان کوردستانیان کردبووە ئامانج بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و تێکدانی سەقامگیری هەرێم، لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستان داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان هەرێمی کوردستان زیاتر کرابووە ئامانج، بەڵام بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەوڵەکانیان پوچەڵ کراونەتەوە و لەم بارەوە بە سەدان کەس بە بەڵگەوە دەستگیر کران کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە شەڕەکانیشدا کردبوو و ژمارەیەکیان ئافرەت و مێردمنداڵ بوون.

دیندار زێباری لە بارەی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی وتی: حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ پرۆسەیەکیان دەستپێکرد بۆ  رادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و لەم رووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆری کردووە، بەپێی ئەم پرۆسەیەش تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستگیرکراوانی داعش رادەستی بەغدا کراون، ئاماژەی بەوەش کرد رادەستکردنەوەی گیراوەکان بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان بووە.

لە ماوەی رابردوو دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر بڕیاریدا (277) بەندکراو بەپێی ماددەى (سێیەم/ 7 تیرۆر) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا/ تیرۆر) بکرێن ئەمەش بە چەند قۆناغێک بوو و لە هەر قۆناغێکدا  (50 تا 55) لە بەند کراو پێکهاتبوو. هەروەها بەپێی  بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر (576) بەندکراو بەپێی ماددەى (چوارەم/ 1 لەیاسایى ژمارە 13ى ساڵى 2005) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى رصافە/ بغداد) کراون لە ڕێگاى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە (5) پێنج قۆناغ لە هەر قۆناغێک (100 تا 120) بەندکراو ڕەوانەکراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کوردستان وتی: لە دوای ساڵی ٢٠١٦ چەندین هاووڵاتی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون کە خاوەنی رەگەزنامەی تورکی، سوری، ئێرانی، چینی، ئەمریکی، جەزائیری و چەند وڵاتێکی دیکەن بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و بەشێکیان رادەستکراونەتەوە لەوانە (١٥) بەندکراوی بە رەگەز تورکی، (٣) بەندکراوی بە رەگەز ئەڵمانی، (٣) بەندکراوی بە رەگەز رووسی، (٢) بەندکراوی بە رەگەز ئازەربایجانی، هەروەها رۆژنامەنووسی بە رەگەز ژاپۆنی "کۆسوکی سۆنیۆ کا" بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە داعشەوە دەستگیر کرا کە  لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی کردۆتە شامی، دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ژاپۆنی نێردرایەوە وڵاتەکەی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو ئافرەت و منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون وتی: بەپێی ئاماری لایەنە ئەمنیەکان (٦٧٧) کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، لەوانە  (30) ئافرەت (22) یان راگیراون و (8) یان سزا دراون، هەروەها (٦) نەوجەوانیش بە هەمان تۆمەت راگیراون. لەلایەکی دیکەوە (٣٧) بەندکراوی پیاو بە لە سێدارەدان سزا دراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ هیچ سزایەکی لە سێدارەدان بۆ بەندکراوان دەرنەچووە.  لەلایەکی ترەوە.

زێباری هەروەها وتی: دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵى 2016 لە دادگاى هەولێر دەیان کەیس یەکلا بووەتەوە سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ  بووە. هەروەها بە پشت بەستن بە ماددەى (٤٩) یاساى پاراستنى نەوجەوانان دادوەرى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى نەوجەوانان تایبەتە بە بینینى ئەو داوایانە و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکى لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتى نەبوونى دادوەرى لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەى دادوەرى ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دەچێتە بەردەم دادوەر.

دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی (قانون اصول محاکمات الجزائية) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ. رێکارەکانیش بریتین لە سەلماندنی کەسایەتی داواکراو و گومان لێکراو و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان. ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار.

 لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بەپێى یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001 ى پەرلەمانى کوردستان تەمەنى یاسایى بۆ سەپاندنى سزا (١١) ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەکان واتا کە سەرپێچى بکرێت هۆشدارى پێدەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر. 





ئەم هەواڵە 2863جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad