ZNA- ههولێر دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە دەستیانکردووەتەوە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و لە ئایندەیەکی نزیکدا چەند شوققەیەک بەسەر کرێنشینان و کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەکەن.
دانا عەبدولکەریم لە لێدوانێکیدا گوتی: ژمارەیەک شوققە لە ھەولێر دروستکراوە کە لە قۆناغی تەواوبووندان و کار لەسەر خزمەتگوازرییەکان دەکرێت و ھیوادارین نەگاتە دوو مانگی دیکە بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم لەبارەی ژمارەی شوققەکان و کێن ئەوانەی لەم پڕۆژەیەدا سوودمەند دەبن گوتی: ئەم شوققانە بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروستکراون، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە پەیوەستن بە بابەتی کرێنشینان بۆ ئەوەی بە شێوەی قیست بە خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین بدرێت کە ژمارەیان ٣٩٦ شوققەیە.
دانا عەبدولکەریم گوتیشی: پڕۆژەکە لە ساڵی ۲۰۱۲ەوە دەستیپێکردووە کە کۆی گشتی لە ھەرێمی کوردستان نۆ ھەزار و ٤۰۰ شوققەیە لە ھەریەک لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکان وەستابوون، ئێستاش پارە تەرخانکراوە بۆ ئەو شوققانەی تەواوکراون تاوەکو خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەکرێت و دواتر دابەش دەکرێن.
شوققەکان دەکەونە سنووری قەزای دەشتی ھەولێر سەربە پاریزگای ھەولێر، ھەر تاوەری لە سێ نھۆم پێکدێت و لەئێستادا کارەکانی خزمەتگوزاری وەک کارەبا و قیڕتاوکردنی کۆڵانەکان ماوە و بڕیارە لە دوو مانگی داھاتوودا کارەکانی تەواو بکرێت و بەسەر کرێنشیناندا دابەش بکرێت.
ئەم هەواڵە 3388جار خوێندراوەتەوە |