English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق لە نێوەنددا
2019-08-26 [11:47 AM]

نووسینی: ئاریان فه‌ره‌ج


ململانێ لە ناوچەكەدا رووی لە گرژییە، تەقاندنەوەی جبەخانەكانی حەشدی شەعبی و بۆردومانی دیمەشق و پشێوییەكانی كەنداو و روداوگەلێكی دیكە ئاماژەی زەقی ئەو گرژییە هەڵكشاوەن. عێراق لەو ململانێیەدا هەم بە هۆی پێگە جوگرافییەكەی و هەم بەهۆی پەیوەندیی تایبەتی لەگەڵ هەردوو جەمسەری ململانێ، لە رەوشێكی سەخت و هەستیاردایە، هەڵوێست وەرگرتن لەو ململانێ گرژە بە جۆرێك كورد ووتەنی نە شیشی تێدا بسوتێ نە كەباب، عەقڵانییەت و دیققەت و حسابێكی یەكجار ووردی دەوێت. 

عێراق لەگەڵ هەر یەك لە دوو جەمسەرەكەی كێشەكەدا بە جۆرێك دۆست و تێكەڵ و منەتبارە كە كەمترین دەرفەت و پەراوێز بۆ خۆساغكردنەوە و سەنگەربەندی لەگەڵ یەكیان دژی ئەوی دیكەیان شك نابات. هاوكاتیش ووڵاتێكی ماندووی دەستی زنجیرەیەك شەڕ و كاولكاری و قەیرانی جۆراوجۆر كە هێشتاش لە شەڕی داعش و دەرهاویشتەكانی گرفتەكانی دیكەی مەرەخەس نەبووە، كاری بە هەموو شتێك هەیە جگە لە خۆگلاندن لە ململانێیەكی سەختی دیكەی ماڵوێرانكەر. 

ئەوانەی لە روانگای هاوپشتیی مەزهەبی و حەماسەتی جیهادییەوە لەم ململانێیە دەڕوانن و دەیانەوێ عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ دژی ئەمریكا، ئەوانەش كە بە پێچەوانەوە باوەڕیان وایە عێراق وەك زۆرێك لە ووڵاتانی ناوچەكە دەتوانێ بە ئاسانی جەمسەرگیری بكات دژی لایەنەكەی دیكە، هیچیان نە پەرۆشی بەرژەوەندی و ئارامی ووڵاتەكەن و نە لە قوڵایی و هەستیاریی ئەو پەیوەندییانە تێدەگەن كە عێراق بەهەردوو جەمسەری كێشەكەوە دەبەستێتەوە.

تێفكرینی عەقڵانی و پەرۆش و بە دیققەت بۆ بەرخورد لەگەڵ ئەم گرفتەی یەخەی ناوچەكەی گرتووە و عێراقیش لە چەقەكەیدایە، لەبەرچاوگرتن و بە ئەولەویەت كردنی بەرژەوەندی عێراقە، رێگرییە لەوەی ببێتە گۆڕەپانی یەكلایكردنەوەی ململانێ. رێگرییە لە تێوەگلان و خۆبەدوورگرتنە لە سەنگەربەندی. سیاسەتكردنە بە ئاڕاستەی بەشداربوون لە نێوەندگیری و خاوكردنەوەی گرژییەكان و ئیدارەدانی قەیرانەكە تا گەیشتن بە چارەی كۆتایی. 

یەكخستنی هەڵوێست و یەكدەنگیی ناوەندە میانڕەو و عەقلانییەكانی كوردستان و عێراق لەم ئان و ساتە بارگاوییەدا بۆ بەرخورد لەگەڵ ئەم كێشە سەختە، تاكە رێگای دروستە.





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad