English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆنفرانسى ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان بەڕێوەچوو
2019-08-28 [12:20 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزارەتی خوێندنی باڵا له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس هاتووه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە به‌ئامادەبونى ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران و لێپرسراوانى حکومى و حزبى، زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک) کۆنفرانسێكی نیشتیمانى زانستى-یان بەناونیشانى (ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لە کوردستان، بەرەو جێبەجێکردنى پرۆسەى بۆلۆنیا) بەڕێوه‌برد.

لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمان و، ڕێگه‌یەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و، دروستکرنی کارامەیی لە نێو گەنجان، هه‌ربۆیه‌ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرکیزی تەواوى لەسەر ئەم بوارە دەبێت و، گرنگی تەواو بە بواری گەشەکردنی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ دەدات.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: لە ئێستادا پێویستمان بە داڕشتنی نەخشەڕێگه‌یەکی هەمەلایەنە هەیە، بۆ ئەوەی خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادە بکەین و، لە سەر ئاستی نیشتیمانی ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئایا گەنجان و نەوەی نوێی وڵاتەکەمان بۆ چ جۆرە ئابووریەک و چ جۆرە بازاڕێک ئامادە دەکەین؟ بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پێشبڕکیی دەستکەوتنی هەلی کار و توانای کارسازیان هەبێت.

هەر لە وتارەکەیدا، د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە، دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان پەیوەندی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و، کەرتی گشتی و پیشەسازی لە هەرێمەکەمان هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و پۆتێنشیاڵی گەشەکردنی ئابووری هەرێمەکەمان.

لەبارەى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕونیکردەوە، بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانە و، لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و، ستانداردکردنی ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانمان دەدرێن، هەروەها بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچوان، له‌هه‌مان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبوونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین.

لە کۆتایى وتەکەیدا، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هیوامان وایە بتوانین بەشیوەیەکی پراکتیکی باس لە هەموو ئەو گرفتانە بکەین، کە ڕەنگە لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بێتە ڕێمان و، پشتیوانی لە هەموو هەنگاو و پێکهاتەکانی ئەم پرۆسەیە دەکەم، بە تایبەت ڕیفۆرمی پەیکەری خوێندنی تەکنیکی و داڕشتنەوەی ئاستی بڕوانامەکان و، درێژەدان بە خوێندن و ڕیفۆرمی سیستم و پرۆگرامەکانی خوێندن.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، هەریەک لە د. کاوە شێروانى سەرۆکى لێژنەى باڵای ئامادەکاری كۆنفرانس و، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و، د. ئالان فەرەیدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و، د. عەدنان محسن سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، کە ئامادەکارو بەشدارى سەرەکى کۆنفرانسەکەن، لە سێ وتەى جیا ئاماژەیان بەتەوەرە سەرەکیەکانى گفتوگۆى ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانس کرد، کە تیایدا بابەتەکانى خوێندنى تەکنیکى و، سیستمى بۆلۆنیا و بە داڕشتنی نەخشەڕێگه‌یەکى تەندروست بۆ جێبەجێکردنى گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت.





ئەم هەواڵە 3082جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad