ZNA – هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشكرای دەكات، حكومەتی عێراق سێ وەزیری كابینەكەی لەکارەکانیان دووردەخاتەوە، چونکە بەپێی پێویست کارەکانیان لە وەزارەتەکان بەڕێ نەکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4-9-2019، حوسین عەرەب، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بینا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە خولی نوێی پەرلەماندا، بانگهێشتی پێنج وەزیر دەكرێت بۆ پەرلەمان.
عەرەب ئاماژەی بەوەش كردووە، کە سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانییەکەی پاڵپشتیی کابینەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی دەکات، بەڵام وەک پەرلەمانتار لێپرسینەوە لە ”وەزیرە کەمتەرخەمەکان“ دەکەین.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ”بە دڵنیاییەوە“ سێ وەزیری حکوومەتی عێراق لە کارەکانیان لادەدرێن، چونکە بەپێی پێویست کارەکانیان لە وەزارەتەکان بەڕێ نەکردووە.
حوسێن عەرەب تەنیا ناوی لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبای ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژمارەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا هەیە و ”بە دڵنیاییەوە“ خەتیب لە پۆستی وەزیری کارەبا، لادەدرێت.
ئەم هەواڵە 12565جار خوێندراوەتەوە |