English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌لا یاسین: قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان له‌م كابینه‌یه‌دا بۆ ٨٠ ملیار دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌
2019-09-08 [07:30 AM]

​ZNA – هه‌ولێر


گوته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، یاسین مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌و ١٠ هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ی پێشتر به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعشه‌وه‌ وه‌ستابوون، رێژه‌ی ٧٠ له‌سه‌دیان ده‌ستیان پێكردووه‌ته‌وه‌.

مه‌لا یاسین، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگه‌یاند "وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم و راگه‌یاندنی كارنامه‌كه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی".

مه‌لا یاسین گوتیشی: "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كردوومانه‌ وه‌به‌رهێنانێكی زۆر جۆریی نه‌بوو، راسته‌ بایی زیاتر له‌ ٤٥ ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان هه‌یه‌، وه‌كو سێكته‌ره‌كانی بازرگانی، نیشته‌جێبوون، گه‌شت وگوزار، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ بواره‌كانی دیكه‌شدا.

ئه‌و روونیشیكرده‌وه‌: وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هاوبه‌شیشه‌وه‌ رێژه‌ی ٢٥ له‌سه‌دی كۆی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنان تێپه‌ڕ ناكات،  به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ دوو بواری سه‌ره‌كی ده‌كات ئه‌وانیش، زیادكردنی وه‌به‌رهێنانی بیانی ، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌یه‌كی زۆر هه‌ن، له‌هه‌ندێك وڵاتدا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، له‌هه‌ندێك وڵاتی وه‌كو ئێران به‌هۆی سزاكانی سه‌ری، له‌ سوریا كه‌ به‌ بارودۆخی شه‌ڕدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ توركیاشدا كێشه‌ی دراو هه‌یه‌ و یاریی ده‌كات، ئه‌مه‌ وا ده‌كات به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێناندایه‌، وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ روو بكه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان".

مه‌لا یاسین به‌گه‌شبینیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا رێژه‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ رێژه‌ی ٢٣ له‌سه‌ده‌وه‌ بۆ ٤٠ له‌سه‌د به‌رزببێته‌وه‌  ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌، هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كه‌ین قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانیش له‌م كابینه‌یه‌دا له‌ ٤٥ ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ ٨٠ ملیار دۆلار زیادبكات".

گوته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كه‌موكورتییه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌و ١٣ سێكته‌ره‌ی ئێمه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا وه‌به‌رهێنمان تێداكردوون سێكته‌ری زۆر ژێرخانیی نیین، وه‌كو پێویست خزمه‌تییان به‌ ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، به‌ڵام بۆ له‌مه‌ودوا حكوومه‌ت مۆڵه‌ت به‌و پڕۆژه‌ ژێرخانییانه‌ ده‌دات، بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ش توانایان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو ئێستا له‌ رێگاوبان، ئۆتۆبان، به‌نداوه‌كان، له‌ سایلۆ و فڕۆكه‌خانه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و پڕۆژانه‌ی خزمه‌تگوزاریی راسته‌قینه‌ پێشكه‌شده‌كات مۆڵه‌تمان نه‌داوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ر، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ ده‌درێت، به‌تایبه‌ت كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا سه‌رقاڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی. بۆ له‌مه‌ودوا یاساكانی PPP وBOT له‌هه‌رێمی كوردستان كاریان پێده‌كرێت".

ئه‌و ده‌شڵێت:" له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌نێوان ٤٥ بۆ ٥٠ ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانمان داوه‌، له‌و بڕه‌ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌شده‌كات بایی ٢٠ ملیار دۆلار ده‌بێت كه‌ پڕۆژه‌ی ته‌واوكراون، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٢٥ بۆ ٣٠ ملیار دۆلار ده‌بێت.

 





ئەم هەواڵە 1426جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad