English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتى عێراق هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ  ژمارەیەک لە زانكۆی هه‌رێمی كوردستان دەکات
2019-09-22 [10:31 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

هەنگاوەکانى دانپێدانانى بەشێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى دوو لێژنەى تایبەتمەندەوە دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەشدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێم کۆبونەوە.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس هاتووه‌، رایگه‌یاند، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێكی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق کە لە دوو لێژنە پێکهاتبون، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانیان لە شارى هەولێر کردو لەگەڵ هەریەک لە (د. خەتاب ئەحمەد شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و (د. محمد حوسێن)  سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرىو (د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و کاربەدەستانى دیکەى وەزارەت کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە نوسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى بەژمارە (٥١٦٤) لە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٩) کرا کە بڕیارى پێکهێنانى چەند لێژنەیەکى تایبەتمەندى داوە بۆ  هەڵسەنگاندنى پێداویستیەکانى دانپێدانان بە زانکۆکانى (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ، کوردستان/هه‌ولێر) وەک قۆناخى یەکەم.

هەر لە کۆبونەوەکەدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم پێشوازییان لەم بڕیارەی حکومەتی عێراقی کرد و بەهەنگاوێکی گرنگیان دانا بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، کە ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوان هەردولا بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەها رۆڵى هەموو ئەو لایەنانەى بەگرنگ نرخێنرا کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەم پرۆسەیە بەتایبەت رۆڵى بەڕێز سەرۆک کۆمارى عێراق و جێگرى دوەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان لە لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

وابڕیارە لێژنەکانى حکومەتى عێراقدا لەماوەى ئەم هەفتەیەدا سەردانى زانکۆکان بکەن و لەلایەن وەزارەتیشەوە زانکۆکان ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لێژنە پسپۆرەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێککارە پێویستەکان.





ئەم هەواڵە 2041جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad